نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابییە یەکەمەکان: شانازیتان پێوەدەکەم و هیوای داهاتوون

نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابییە یەکەمەکان: شانازیتان پێوەدەکەم و هیوای داهاتوون

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی 9 بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "شانازی دەکەم بەوەی کە کەسی وەک ئێوە لە وڵاتەکەمان هەڵدەکەوێت، کە هیوا بە نەوەی ئێستا و داهاتوومان دەبەخشێت".

 

دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەیست
رۆژتان باش
هەموو لایەکتان بەخێربێن

خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشداری لەو بۆنە خۆشەی ئێوەی خوێندکار و قوتابی ئازیزی کوردستان دەکەم، سەرکەوتنتان مایەی شادی و شانازییە.

لە دڵەوە بە گەرمی پیرۆزبایی و دەستخۆشیتان لێدەکەم، هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

کاتێک بەشداری لە بۆنەی سەرکەوتنی گەنجی وەک ئێوەدا دەکەم، تا بڵێی هەست بە خۆشحاڵی دەکەم. دەزانن بۆ؟ چونکە شانازی دەکەم بەوەی کە کەسی وەک ئێوە لە وڵاتەکەمان هەڵدەکەوێت، کە هیوا بە نەوەی ئێستا و داهاتوومان دەبەخشێت. سەرکەوتنی ئێوە وەفادارییە بۆ نەوەی پێش خۆتان و کەسوکارتان و بۆ مامۆستا و هەر کەسێکی دیکە کە لەم قۆناخەی ژیاندا یارمەتی ئێوەی داوە.

پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە مامۆستایان و دایک و باوک و خانەوادەکانتان دەکەم، کە لەگەڵتان ماندوو بوون و هاوکاریان کردوون. ئێوە شەونخونیتان کرد، ماندوو بوون، شەو و رۆژتان خستەسەر یەک و بەشێکی گرنگتان لە خەونی سەرکەوتن کردە راستی لەم رۆژەدا.

لەمجۆرە کات و بۆنانەدا بیر لە رابردووی گەل و وڵاتەکەمان دەکەینەوە، بەخۆمان دەڵێین خۆزگە ئەوانەی بۆ دابینکردنی ئێستامان ژیانی خۆیان بەخ کرد، ئەمڕۆ لە ئاهەنگی خۆشی و سەرکەوتنی ئێوە بەشدار دەبوون. ئەوان ئێستا گیانیان شادە کە قوربانیدانیان بە وەفاداری ئێوەی خۆشەویست پاداشت دراوەتەوە. ئێوە سەرکەوتووانە قۆناخێکی گرنگی خوێندنتان تێپەڕاند و ئێستا پێدەنێنە قۆناخێکی دیکەی گرنگی خوێندن و ژیان، لە خوێندنی زانکۆدا پسپۆڕی و تایبەتمەندی دەخوێنن، خۆتان بە زانست و زانین پڕ چەک دەکەن بۆ ئەوەی هەر یەکەتان لە بوارێکی تایبەتدا خزمەت بە کوردستان و مرۆڤایەتی بکات.

کوردستان چاوی لە سەرکەوتنی ئێوەیە، چاوی لە پێگەیشتن و خزمەتی ئێوەیە و هیوای پێتانە، ئومێدی لەسەر لێهاتوویی و توانا و زیرەکی ئێوە بونیادناوە، ئاییندە چاوەڕێتانە. وەکو چۆن ئێوە لە قۆناخی رابردوو سەرکەوتن، چاوەڕوانین لە قۆناخی داهاتووشدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

ئازیزان...

بێگومان ئێوە وەکو هەموو هاووڵاتییەک شایەنی ژیان و دۆخێکی چاکتر و ژینگەیەکی پەروەردەیی لەبارترن، بەڵام ئەگەر بەراوردی ئێستا لەگەڵ رابردوو بکەین، دەبینین وێڕای هەموو سەختییەکان ئێوە چانسێکی باشتان هەبووە. نەوەکانی پێش ئێوە باوک و باپیرانمان هەرگیز ئەم چانسەی ئەمڕۆی ئێوەیان نەبووە، ئەوان بە خوێن و گیان بەرگریان لە کوردستان کرد، هەموو خەونیان ئەوەبوو لەسەر خاک و زێدی خۆیان ئازاد و سەربەرز بژین. بەردەوام لە کۆڕی خەبات و تێکۆشان و پێشمەرگایەتیدابوونە بۆ ئەوەی بەرگری لە نیشتمان بکەن، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بۆ ئێوەی نەوەی تازە بهێننەدی. ئەوان قوربانیاندا بە ژیان و سەرو ماڵی خۆیان بۆئەوەی ئێوەو هاوپۆلەکانتان بتوانن لە کەشێکی دروست و لەبار بخوێنن و سەرکەوتووبن.

بۆیە دەبێت زۆر باش نرخی ئەمڕۆ بزانن، دەبێت هەمیشە بە خوێندن و فێربوون و زانست و زانیاری، بە سەرکەوتن و خزمەت پاداشتی خەبات و تێکۆشانی قوربانیانی ئەوانە بدەنەوە، ئێمە هەموومان قەرزداری ئەوانین. بەشێکی زۆری ئەو گەلە لە مەینەتی و هەڵاتن و کۆڕەو و بۆمبارانکردن و ئەنفال و زیندان و نەهامەتییەوە تازە بە تازە هەنگاوی بەرەو ژیانێکی ئاسوودە ناوە. هیوای ئێمە و هەموو پێکهاتەکانی ئەم گەلە بە گەنجانی وەک ئێوە دێتەدی.

زانست و زانین بناخەی ژیانێکی سەردمیانەو پێشکەوتنە، نەخوێندەواری و نەزانین دواکەوتوویی کوشندەترین دەرد و پەتای گەلانە. رزگاری و سەرفرازی گەلان لە زانستدایە، هەموو سەرکەوتنێکی ئێوە لە خوێندندایە، هەنگاوێکە بەرەو ژیانێکی سەردەمیانەی پێشکەوتوو، هەنگاوێکە بەرەو بونیادنانی دوارۆژێکی گەشتر. بۆیە داواو ئامۆژگاری ئێمە بۆ ئێوە خوێندن، خوێندن و خوێندنە، سەرکەوتنی هەریەک لە ئێوە سەرکەوتنی هەموومانە لە هەر شوێنێک بین.

هەموومان بینیمان زیاتر لە 5 ساڵی رابردوو دۆخێکی سەخت و ئاڵۆزمان لە هەرێمی کوردستان بەڕێکرد، شەڕ و کێشەو قەیران هەموو جومگەکانی ژیانی سست و پەرێشان کردبوو. زۆربەی کار و پرۆژەکان پەکیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەی خوێندن و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان نەوەستا.

رۆڵە قارەمانەکانی کوردستان پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و خۆبەخشان مەردانە لە بەرەی جەنگدا بەرگریان دەکرد. مامۆستایانیش لە پۆل و هۆڵەکانی خوێندندا وانەیان دەگوتەوە، دڵسۆزانە رووبەڕووی دۆخەکە بوونەوە، وێڕای هەموو سەختییەک نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت، بەرگەیان گرت و بەردەوام بوون لە فێرکردنی قوتابیانی خۆشەویست.

لێرەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پیرۆزی شەهیدان دادەنوێنین، ئەوانەی سنگیان دایە بەر گولـلە بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بخوێنن و ژیان لەو وڵاتەدا نەوستێت.

رێز و سوپاس و پێزانین و دەستخۆشی بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانە دووپات دەکەمەوە کە ئەوپەڕی دڵسۆزی و تێگەیشتنیان بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان هەبوو و نەیانهێشت رۆڵەکانی کوردستان لە پەروەردەو فێربوون داببڕێن، سوپاسیان دەکەم و دەستخۆشیان لێدەکەم.

زۆرترین بینراو