نێچیرڤان بارزانی رۆڵی بەرچاوی لە ئاشتەوایی نێو ماڵی كورددا هەیە

نێچیرڤان بارزانی رۆڵی بەرچاوی لە ئاشتەوایی نێو ماڵی كورددا هەیە

ئا : رائیب شێروانی
زنجیرەیەك كۆبوونەوە بەسەرپەرشتیی ئەمریكا لە نێوان لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەچن. لایەنەكانی رۆژئاوا دەڵێن:" ئێستا لە سووریا دەرفەتێكی باش بۆ كورد هاتۆتە پێشەوە، خەریكە كێشەی سووریا بە چارەسەری سیاسی چارەسەر دەبێت، بۆیە دەمانەوێت كورد بە یەكدەنگ بەشدار بێت لەو گفتوگۆیانەی دەكرێن بۆ چارەكردنی كێشەی سووریا، دەمانەوێت هەر شتێك لە سووریا رووبدات ئێمە وەكو كورد تێدا بەشدار بین، تا رۆژئاوای كوردستان پارێزراو بێت و كوردیش لەو بەشە بە مافەكانی خۆی بگات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن:" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی بەرچاوی لە ئاشتەوایی نێو ماڵی كورددا هەیە.
نزیكەی دوو مانگ دەبێت ئەمریكا لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان كەوتوونەتە دانوستاندن بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن، هەموو لایەنەكانیش بەشدارن لە دانوستانی ئێستا بە نێوەندگیری و سەرپەرشتیی ئەمریكا، كە بریتین لە لایەنەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد ئەنەكەسە و پەیەدە و قەسەدە و پارتەكانی نێو ئەنەكە و هاوپەیمانیی نیشتیمانی، كە لە پێنج حزب پێك هاتوون لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، مەبەست لەو دانوستانەش، یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردە.
نوری بریمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لە هەرێمی كوردستان، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" هەر لە سەرەتایی شەڕ و ئالۆزییەكانی سووریا هەتا ئێستا چ سەرۆك بارزانی چ نێچیرڤان بارزانی، زۆر گرنگیان بە كێشەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان داوە، هەردەم داوایان لە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد كردووە كە هەوڵ بۆ یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بدەن، ئێمەش زۆر هەوڵمان دا بەڵام ئەو یەكڕیزییە دروست نەدەبوو، واتە پەیەدە لەگەڵ یەكڕیزی نەبوو، ئێستا نێچیرڤان بارزانی، وەكو سەرۆكی هەرێم دووبارە كار بۆ یەكڕیزی لایەنەكانی رۆژئاوا دەكات، ئێمە وەكو ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد بەشدارین لە یەكڕیزی ماڵی كورددا، هەر شتێك پێویست بێت ئێمە بۆ یەكڕیزی دەكەین، بەڵام هیوادارین لایەنی بەرامبەریش ئەویش رێز لە یەكڕیزی بگرێت، چونكە ئەوە جاری یەكەم نیە ئێمە پێكەوە دادەنیشین، رێككەوتنی هەولێر 1، هەولێر 2، لەگەڵ دهۆك هەبوو، رێككەوتنی دهۆك دەبێت بكەینە بنەمایەك بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بگەینە رێككەوتن، ئێستا رێككەوتن لەسەر بەشی سیاسیی كراوە، كە لایەنەكان چۆن دەڕوانە پاشەڕۆژی سووریا، ئێستا دەبێت رێككەوتن لەسەر بەشی سەربازی، دارایی و ئیداری بكرێت، بۆیە بەشی زۆر گرنگ ماون و دەبێت لەسەر ئەوانەش رێك بكەوین.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لە هەرێمی كوردستان، دەشڵێ :" ئێستا لە سووریا دەرفەتێكی باش بۆ كورد هاتۆتە پێشەوە، خەریكە كێشەی سووریا بە چارەسەری سیاسی چارەسەر دەبێت، بۆیە دەمانەوێت كورد بە یەكدەنگ بەشدار بێت لەو گفتوگۆیانەی دەكرێن بۆ چارەكردنی كێشەی سووریا، دەمانەوێت هەر شتێك لە سووریا رووبدات ئێمە وەكو كورد تێدا بەشدار بین، تا رۆژئاوای كوردستان پارێزراو بێت و كوردیش لەو بەشە بە مافەكانی خۆی بگات.
نوری بریمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لە هەرێمی كوردستان، روونیشیكردەوە :" پەیەدە پێشتر پێگری بە رێككەوتنەكان نەدەكرد، هەر رێككەوتنێك كرابایە پەیەدە هەر زوو خۆی دەدایە پاشەوە، ئێستا هیوادارین پەیەدە پابەند بێت بە رێككەوتنەكە، بۆ ئەوەی رۆژئاوا پارێزراو بێت، چونكە ئەگەر ئەو دەرفەتەی ئێستا هاتۆتە پێشەوە لە دەست بدەین، ئێدی شتێك نامێنێت بە ناوی رۆژئاوا".

 

 

 

لە لایەكی دیكەوە د. كاوە ئازیزی، شارەزا لە كاروباری سووریا، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی لە بارەی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یەك نزیكبوونەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا رایگەیاند:" نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی بەرچاوی لە ئاشتەوایی نێو ماڵی كورددا هەیە، نێچیرڤان بارزانی، هەموو كات چاوێكی لە رۆژئاوا بووە، زیاتر لە ساڵێكە هەر وەفدێك دێتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی هەرێم كۆ دەبێتەوە باسی رۆژئاوا دەكەن، نێچیرڤان بارزانی زۆرجار لەگەڵ مەزلوم كۆبانێ قسەی كردووە، بەتایبەتی پاش هاتنی هێزەكانی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان، دەستپێشخەرییەك هەبوو كە لایەنەكانی رۆژئاوا بگەنە رێككەوتن، لێرەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی باشی هەبوو لەو رێككەوتنەدا و ئێستاش لە هەوڵەكانی بەردەوامە و بەردەوام گرنگی بە رۆژئاوا دەدات كە لایەنەكانی رۆژئاوا بگەنە رێككەوتن و نێو ماڵی كورد لە رۆژئاوا یەك بێت".
ئەو شارەزایەی كاروباری سووریا جەختی لەوەشكردەوە :" رۆژئاوا ناوچەیەكی ستراتیژییە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، رۆژئاواش بەهێز دەبێت، بەپێچەوانەوەش راستە، جگە لەوەی ئەگەر پەیەدە و لایەنەكانی رۆژئاوا بگەنە رێككەوتن، ناكۆكییەكانی نێوان پەیەدە و هەرێمی كوردستان نامێنن، ناكۆكییەكان لە نێوان پەكەكە و پارتی نامێنن، هەر لەرووی ئابوورییەوە هەر دوولا پێویستیان بە یەكدی هەیە، بۆیە بە یەكڕیزی لایەنەكانی رۆژئاوا ناوچەكە بەتەواوەتی دەبێتە هەرێمێكی كوردی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریكا و ئەوروپاش پشتگیری لەو رێككەوتنەی لە نێوان لایەنەكان هەیە دەكەن، هەتا ئەگەر لایەنەكانی رۆژئاوا گەیشتنە رێككەوتن، ئەگەری زۆرە پەیەدە و توركیا بگەنە رێككەوتن، بۆیە دەرفەتێكی باش لە پێش كوردی رۆژئاوا هەیە كە بتوانن لە دەستووری نوێی سووریا مافەكانیان وەربگرن".

زۆرترین بینراو