نێچیرڤان بارزانی ستایشی پشتگیریی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی ستایشی پشتگیریی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

زاری كرمانجی - هەولێر : سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 17/7/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ژان ئیڤ لودریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆك ئاماده‌ی بوون، ده‌ستبه‌كاربوونی حكوومه‌تی تازه‌ی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌وامیی گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق، تاوتوێ كران. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق، كلیلی سه‌قامگیریی سیاسیی عێراقه‌، به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نساش پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان دووپات كرده‌وه‌.

بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا، له‌گه‌ڵ هه‌نگاو و ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌كه‌ بوو، تیایدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ژماره‌ی تووشبووان و چاره‌سه‌ركراوان و ئه‌وانه‌ی به‌هۆی په‌تاكه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز لودریان ئاماده‌ییی فه‌ره‌نسای بۆ هاوكاریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ په‌تاكه‌ نیشان دا.

له‌ كۆوبونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر خرایه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پێویستیی به‌رده‌وامیی پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و گرنگیی هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق كرده‌وه‌، به‌ڕێز لودریانیش به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا، دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا و قووڵكردنه‌وه‌ی هاوبه‌شیی نێوانیان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێزان باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدا و كونسولی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوون.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ لێدوانێكی هاوبه‌شی ڕۆژنامه‌وانیدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی به‌ پێشوازی له‌ به‌ڕێز ژان لودریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ده‌ربڕی و سه‌ردانه‌كه‌ی له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش وه‌ك جیهان گیرۆده‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانین، به‌‌ گرنگ و نیشانه‌ی به‌رده‌وامیی پشتگیریی فه‌ره‌نسا‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزیان به‌ ناوی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دووباره‌ سوپاسی فه‌ره‌نسای كرد كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ته‌نگانه‌دا پشتگیری له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان كردووه‌، ساڵی 2017ش ئابلۆقه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان شكاند و هاوكار بوو له‌ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها ڕۆڵی به‌ڕێز سه‌رۆك ماكرۆنی به‌ ڕۆڵێكی زۆر به‌رچاو ناوزه‌د كرد كه‌ هه‌رگیز له‌بیر ناكرێت و مایه‌ی ڕێز و پێزانینه‌.

هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی داعشدا، فه‌ره‌نسا وه‌ك ئه‌ندامێكی گرنگی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و هاوبه‌شێكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، پشتگیری و ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه و هێشتاش عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌ پشتگیریی فه‌ره‌نسا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ فه‌ره‌نسا هاوكاریی مرۆیی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كردووه‌، به‌تایبه‌تیش خوشك و برایانی ئێزدی و مه‌سـیحی، چ له‌ كه‌مپه‌كان، یان به‌ حه‌واندنه‌وه‌یان له‌ فه‌ره‌نسا، هه‌روه‌ها گوتی: گرنگییه‌كی زۆر به‌ سه‌قامگیریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق ده‌دات.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی باسی له‌ به‌ڕێز وه‌زیری ده‌روه‌ی فه‌ره‌نساش كرد كه‌ وه‌ك دۆستێكی كوردستان ڕۆڵێكی به‌رچاوی له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسادا گێڕاوه‌، هه‌م كاتێك وه‌زیری به‌رگری بوو كه‌ سه‌ردانی كوردستان و به‌ره‌كانی شه‌ڕی دژی داعشی كرد، هه‌م چه‌ند جارێك پێشتر و ئێستاش كه‌ دووباره‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش زۆر سوپاسی كرد، هه‌روه‌ها سوپاسی به‌ڕێزان باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدا و كونسولی فه‌ره‌نسای له‌ هه‌ولێر كرد كه‌ به‌رده‌وام كار ده‌كه‌ن بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خوازیاره‌ ‌و ده‌رفه‌تیش له‌باره‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا له‌ بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، ئه‌منی، ئه‌كادیمی و كولتووریدا‌، به‌تایبه‌تیش كۆمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كان ده‌توانن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كار و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ژان ئیڤ لودریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا گوتی: خۆشحاڵم کە دووباره‌ لێرە له‌گه‌ڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی له‌ هه‌ولێرم. ئەمە هەشتەمین سەردانمه‌ بۆ هەرێمی کوردستان، وەک جەنابتان ئاماژەتان پێکرد، چوار جار وەک وەزیری بەرگریی هاتووم لە کاتە هەرە سەختەکاندا، هەروەها ئەمە چوارەمین جاریشە وەک وەزیری دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم.

لە دەستپێکی پەتای کۆرۆناوە، یەکەمین سەردانمە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە فەرەنسا بەردەوام ئاماده‌یی هەبووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە ساتە هەرە سەختەکاندا کە ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان پێیاندا تێده‌پەڕێت پێمخۆش بوو ئەم سەردانە بکەم بۆ لای ئێوە کە هاوسۆزی و پشتیوانییە، هاوسۆزی بەرامبەر بە پەتای کۆرۆنا کە تووشی ئێوە بووە وەک چۆن تووشی ئێمەش بووەوە، هەر بۆیە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندین کەلوپەلی گرنگی پزیشکی وەک هاوکاریی دەبەخشین بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە یارمەتیی کارمەندانی تەندروستیی ئێوە دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌م سه‌ردانه‌م پشتگیرییه‌ بۆ شه‌ڕتان دژی داعش کە ئێمە و کوردستانی تووشی پرسە و تازیە کرد. دەبێ هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، عێراقی و فەرەنسی و کوردستانی بە بێ ئەوەی ئاستی چاودێریی نزم بکەینەوە، هەروەها هاوسۆزییه‌ لە قەیران و گرژییە هەرێمییەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستان له‌سه‌ر خاكی خۆیان بوونەتە قوربانی و له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یاندا باجی ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها پشتگیرییه‌ له‌ بورای مرۆییدا كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێستێكی جوامێرانه‌ی نیشان دا به‌ پێشوازیكردنی په‌نابه‌رانی سووریا و ئاواره‌كانی عێراق، زۆر سوپاستان ده‌كه‌ین و هه‌میشه‌ش جه‌خت له‌و جوامێرییه‌ی ئێوه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌.

دوایین جار كه‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی پار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانم كرد، به‌ڵێنی ئه‌وه‌م دا كه‌ چه‌ندین ملیۆن یۆرۆ كۆبكه‌مه‌وه‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، له‌ كه‌مپی به‌رده‌ڕه‌ش چه‌ندین پڕۆژه‌مان ئه‌نجام دا له‌ بوراه‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و ئاو، هه‌روه‌ها ڕۆژانی داهاتووش فه‌ره‌نسا یارمه‌تی ده‌گه‌یه‌نێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، فه‌ڕه‌نسا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئێوه‌، له‌ داهاتوودا به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا به‌ گوژمه‌ی پازده‌ ملیۆن یۆرۆ پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی بواری ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ پارێزگای دهۆك ئه‌نجام ده‌دات.

هەروەها ئاژانسی پەرەپێدانی فەرەنسی لەگەڵ زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی لە نزیکەوە کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی کورد. خاڵێکی دیکە كە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم کۆمپانیاکانمانە کە بەردەوام دەبن. ئەمساڵ قوتابییەکی کورد کە باوکی له‌ شه‌ڕی داعشدا شه‌هید بووه‌‌، بەکالوریای فەرەنسی بەدەست هێناوە و بەردەوامی بە خوێندنی خۆی داوە لە سایەی بۆرسێکی خوێندنی حکوومەتی فەرەنسا. ڕاستە ئەمە یەکەم قوتابییە، به‌ڵام بە دڵنییاییەوە دوایین قوتابی نابێت و بەردەوام دەبێت. ڕۆڵەیەکی کوردە کە لە سایەی قوتابخانەی فەرەنسی لە سلێمانی و هەولێر خۆیان پێدەگەیەنن لەناو سیستمی فەرەنسیشدا لە سایەی هاوکارییەکی زانکۆکانی ئێمە لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی ئەو دۆستایەتییە.

زۆرترین بینراو