نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە

 
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ، نێچیرڤان ئیدریس بارزانییان، بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵبژارد، پەیامێكی بڵاو كردەوە، كە تێیدا هاتووە " هەرێمی كوردستان موڵكی هەموو كوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە، سەرۆكایەتی هەرێمیش سەكۆی ئیرادە و خواست و مافەكانیان دەبێت.
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند " وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پەرلەمانی كوردستان كە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان متمانەیان پێدام، سەرجەم كوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەكەمەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێم چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینییەكانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەكانیانەوە، لە پێناوی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی كوردستاندا".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاتر گووتی " ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و زامنكردنی مافەكانی تاك و كۆمەڵگە، ئامانجی سەرەكیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پێوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و بەردەوامیدان بە بەهێزكردنی پێگە و سەنگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی".

زیاتر لە پەیامەكەیدا هاتووە " هەرێمی كوردستان موڵكی هەموو كوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە، سەرۆكایەتی هەرێمیش سەكۆی ئیرادە و خواست و مافەكانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاكاری و پەڕگیرییەك. بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، بەردەوامیدان و خێراكردنی هەنگاوەكانی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم لە لایەنە بەشداربووەكانی دەخوازێت".

 

زۆرترین بینراو