نێچیرڤان بارزانی هەوڵی ئاشتكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و شەقامی كوردی دەدات

نێچیرڤان بارزانی هەوڵی ئاشتكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و شەقامی كوردی دەدات

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان داوا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن هەوڵەكانی زیاتر چڕبكاتەوە بۆ ئاشتكردنەوەی شەقامی كوردی و لێك نزیكبونەوەی لایەنە سیاسیەكان، ئەوان پێیان وایە ئێستا كوردستان بە قۆناغێكی سەختی ئابوری و سیاسی تێپەڕ دەبێت بۆیە وەك كەسێكی خاوەن ئەزمون و بەو ئەركەی هەستێت.
لەم بارەیەوە تاڤگە عومەر رەشید، لەسەر هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم و ئاشتكردنەوەی شەقامی كوردی بۆ زاری كرمانجی گووتی" ئەمڕۆی شەقامی كوردی خوازیاری پڕۆسەیەكی گرنگی پێكهاتن و یەكخستنی گوتاری سیاسیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان, ئەم هەنگاوەش پێویستی بە یەك ئاراستەیی هزری نەتەوەیی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانە، چ ئەوانەی كەلە پێكهێنانی حكومەت بەشدران یان ئەوانەش كە بەشدرانین و بەلاوەنانی بیری تەسكی حزبایەتی و بەرژەوەندی خودیە لە چوارچێوەی پرەنسیپە نەتەوەیی و گشتگیرەكانی بەرژەوەندی خاك و ووڵات و هاووڵاتیانی, چونكە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە لێواری جۆرێكی تر لە پیلان و هەڕەشەی دوژمنانیەتی كە ئەخوازن بە كۆتایی هێنان بە كیانە یاسایی و دەستوریەكەی هەرێم, بۆیە گرنگە لە ئێستادا پڕۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانی بخرێتە ئەولەویەتی كارنامەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و یەك گووتاری و یەك رەفتاری هەرێم هەبێت بۆ كۆتایی هێنان بو پیلانانەی كە هەڕەشەو مەترسین بۆ سەر كوردستان."
تاڤگە عومەر زیاتر گووتیشی" رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، وەكو سەرۆكی هەرێم و كارێزمایەكی كاریگەری ئەم پرسە رۆڵێكی یەكجار گرنگی هەیە, چونكە ئەزمونی رابردوو و خەباتی ئەم كاراكتەرە وەكو سیاسیەك و كەسایەتیەكی میانڕەوی هەرێم سەلماندویەتی كە ئەتوانێت دارێژەر و جێبەجێ كاری پلانی ئەم پڕۆژەیە نیشتمانیە بێت و لایەنەكان لە سەر مێزی گفتوگۆو لێكتێگەیشتن نزیك بكاتەوە و ئەو گرێ كوێرە سیاسیە بكاتەوە كە بۆتە هۆی چەقبەستویی هەرێم لە گشت لایەكەوە."
سامان حەمەدەمین، دەڵێت" بەرلەوەی پرسێك بێت تایبەت بەشەقامی كوردی، پرسێكی مێژووی و خواست و پێویستی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، چونكە بەهۆی ئاشتیەوە مرۆڤ و مرۆڤایەتی گەشە دەكات و پێش دەكەوێ، ئێمەی كوردستانیش بەبێ جیاوازی باكور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، جیاواز لەهەموو گەلانی تری دونیا پێویستمان بەئاشتیە، لەگەڵ دەرەوە بەگشتی و ناوەخۆ بەتایبەتی، بۆ بەدەست هێنانی مافەڕەواكانمان و سەرخستنی بزوتنەوەی رزگاری نەتەوەیی، هەرچەند ئاشتی بۆ ئێمە گرنگ و پێویست بێت، گرنگتر ئەوەیە بتوانین چۆن ئەو ئاشتیە هەڵدەسورێنین و دەپارێزین و بەرەو پێشی دەبەیین، لەدەرەوە دۆست و هاوپەیمان دروست بكەین، لەناوەخۆشمان لە باشوری كوردستان و هەموو بەشەكانی تری كوردستان قوڵتری بكەین."
سامان حەمەدەمین، ئەوەش دەخاتە روو" مەرجی یەكەمی سەرخستنی ئاشتی ڕۆڵی سەركردەیە، لە هەرێمی كوردستان نێچێرڤان بارزانی، یەكێكە لەو سەركردە كارێزماو دیارەی ڕۆڵی كاریگەری لە دەرەوە و ناوەخۆ هەیە، بە پەیوەست بوون بەرێباز و كلتووری بارزانی نەمر، كە هەمیشە لەو ڕێبازە جەخت لەسەر ئاشتەوایی و بەیەكەوەژیان و تەبایی جیاوازییەكان دەكات، نێچیرڤان بارزانی، بەهۆی پێگەی سیاسی و حكومی لەناوەخۆ و لەگەڵ دەرەوە، توانیویەتی پرسی ئاشتی خوازی كوردستان و گەلانی تری دونیا تێكهەڵكێش بكات و دۆستایەتی و متمانە بەرهەم بهێنێ كە لە ئەنجامی ئەو ئاشتیەو دۆستایەتیە گەلانی تری دونیا لەكاتی پێویست داكۆكی لەماف و داهاتووی كوردستان بكەن، لەناوەخۆی كوردستانیش توانیویەتی لەماوەی دەوڵەت داری خۆی وەكو سەرۆكی حكومەت و ئێستا وەكو سەرۆكی هەرێم بەڕادەیەك ئاشتی بەرجەستە بكات، مافە گشتی و تایبەتیەكانی ئازادی تێدا پارێزراوبێت، لایەن و رێكخراو و گروپ بتوانن گوزارشت لە ماف و كار و خواستی خۆیان بكەن، ئەوەش دەبێتە بەڵگەی بەرجەستەبوونی ئاشتی و كەلەكەبوونی دیموكراسی كۆمەڵگە.

ئاریان سەباح، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی باس لە رۆلی نێچیرڤان بارزانی، لەسەر ئاشتەوایی و شەقامی كوردی دەكات دەڵێت" هەرێمی كوردستان لەگەل ئەو قەیران و جەنجالیانەی ساڵانی رابردوو تێیكەوت كێشەی شەقامی كوردیش بارودۆخی لەچەندین لایەوە ئالۆزتر دەكرد، هەندێك جاریش گرژیەكان لەبەرچاو نەئەمان، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی هەستیاردا تێ ئەپەڕێت و چاوی لە نوێكاری و زووتر كەوتنەوە سەر واقیع و حكومەتێكی بەهێزە، ئەمەش لەكاتێكدا كە نێچیرڤان بارزانی بووە درێژە پێردی رێبازی سەرۆك و ئەزمووندار مەسعود بارزانی، روون و ئاشكرایە كە نێچیرڤان بارزانی، پەروەردەی قوتابخانەیەی بارزانییە، كەسایەتیە بەهێزەكان پڕەنسیپی قەیرەكان و ساتەكانی تەنگانن، ئەو ئەزمووندار و كارێزمایەش لە رێبازێك پێگەیشتووە لە سەركەوتن و نائومێد نەبوون، لە قوتابخانەی بارزانی بۆ ماوەتەوە، سەرۆكی هەرێم خاوەن پێگەی بەهێزی سیاسی و دیبلۆماسییە ئامانجی بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستا چاوەكان لەسەر نێچیرڤانن بەهۆی حكومەتداری رابردووش زیاتر دیاردەبێت كە لەتوانایدا هەیە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كاراتر بكات و هاندەرێكی باشیش بێت بۆ زیاتر نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان."
باس لەوەش دەكات" نێچیرڤان بارزانی بەر لە بوونی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆلێكی بەرچاوی هەبوو لە باشكردنی بارودۆخ كە هەرێم لە قۆناغێكی قورسدابوو، ئێستاش وەك سەرۆك ئامانجی كاری زیاترە لەسەر هزری پێكەوەژیان، چاوەڕوان دەكرێت كوردستان بەهێزتر و گەشاوەتر بكات سەركەوتنی زیاتر و ئاشتەوایی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت بەتایبەتی نێوان هەولێر و بەغدا، لەمەودوا هەنگاو ئەنێت لە كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخوازانە بەرجەستە بكات، هەرێمی كوردستان لە رووی سەقامگیری و پێكهاتە ئاینییەكان لە پێشەنگ بهێلێتەووە، ئێستا خەلك گەشبینتر لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڕوانن ئومێد دەكەن كوردستان بەرەو قوناغێكی باشتر و سەربەخۆن بوون هەنگاو بنێت لەژێر سایەی سەرۆكێكی بەهێز و كارێزما.
رۆژنامەنوس هەژار مەجید، بەزاری كرمانجی گووت" لەدوای ساڵی 1991 هەرێمی كوردستان بەچەندین قۆناغی جیا جیا تێپەڕیوە شەری نەگریسی ناوخۆ یەكێك بوو لە قۆناغە سەخت و دژوارەكان دوای تەواو بوونی شەری ناوەخۆ رێكەوتنی نێوان پارتی یەكێتی كوردستان كەوتە قۆناغێكی تر ئەگەر چی لەدوای ئەو رێكەتنامەیە بە تایبەت لە دوای ساڵی 2008 پارتی و یەكێتی چەندین جار ساردی كەتۆتە نێوانیان وەكو بەیاننامەی دژ بەیەك و یان لێدوانی جیا جیای بەرپرسانی هەردوولا، بەڵام هەرگیز نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە ئێستا لە نێوان پارتی و یەكێتی هەیە ئەوەی ئێستا دەیبینین ماوەی چەند مانگێكە لە زینی وەرتێ هێزیان لە بەرانبەر یەكتر ڕاگرتوە، ئەمەش نیگەرانی خەڵكی كوردستان و تەنانەت ئەندام و لایەنگرانی خۆشیانی لێ كەوتۆتەوە لەلایەكی تر چەندین هەوڵ هەبوو بۆ كۆبونەوەی شاندی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستا هەوڵەكان نەگەیشتوون بە ئاكامبۆیە بە دڵنیایەوە ئەمەی ئێستا بوونی هەیە لە هەرێمی كوردستان لە نێوان پارتی و یەكێتی دواجار بە زیانی خەڵكی ئەو هەرێمە كۆتایی دێت ئەگەر رەوشەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە چەند هەفتەی رابردوو سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ شاری سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە ئەگەر چی بارودۆخەكە نەگۆڕی، بەڵام هەر خۆی سەردانەكە هەنگاوێكی ئیجابی بوو چونكە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆكی حكومەت كەسانی دیبلۆماتكارن، لە رابردوو لە كاتی بوونی هەر كێشەیەك لە كوردستان نەوەك تەنها لە نێوان پارتی و یەكێتی، بەڵكو لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكان رۆڵی كارایان هەبووە لە ئاشتكردنەوەی نێوان لایەنە سیاسیەكان و هەمیشە مێزی گفتوگۆیان بە چارەسەر زانیوە، پێم وایە هەم سەركردایەتی پارتی و هەمیش جەنابی سەرۆكی هەرێم بە دڵنیایەوە بە رێگاچارەی گونجاو هەنگاو دەنێن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و رەواندنەوەی خەم و نیگەرانیەكانی شەقامی كوردی.

زۆرترین بینراو