نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بێلاڕووسیا پەرەپێدانی پەیوەندییەكان دووپات دەكەنەوە

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بێلاڕووسیا پەرەپێدانی پەیوەندییەكان دووپات دەكەنەوە


زاری كرمانجی- هەولێر: نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەڕێز ئەندرێ سافینگ باڵیۆزی بێڵاڕووسیا لە عێراق، پوختەیەكی دەربارەی شەڕی دژی داعش و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران، ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەوه، دۆخی ئێستای هەرێم، باشبوونی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەرفەت و بوارەكانی هاوكاریی نێوان هەرێم و بێلاڕووسیا، پێشكەش كرد.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا كە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/5/2019 لە هەولێر بەڕێوەچوو و بەڕێز فوئاد مامەند حەمەد كونسولی فەخریی بێلاڕووسیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، بەڕێز سافینگ ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كرد و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا نیشان دا.
هەردوولا جەختیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان بەتایبەتی لە بوارەكانی تەندروستی، گەشتوگوزار، پەروەردە و فێركردنی پیشەییدا كردەوە و باسیان لە پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد.
لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە دا كە ژینگەی لەباری وەبەرهێنان و سەقامگیریی ئاسایش هاوكارن بۆ هاتنی وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و خواستی هەرێمی كوردستان بۆ بنیاتنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لەسەر بنەمای دۆستایەتی و ئاشتی و هەماهەنگی، دووپات كردەوه.
تاوتوێكردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوا پێشهاتەكان و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

زۆرترین بینراو