نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسوڵمانان دەکات

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسوڵمانان دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسوڵمانانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکات و بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەی رایگەیاندووە، هیوادارم جه‌ژن‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری گیانی لێبورده‌یی، ته‌بایی و پێكه‌وه‌ییی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كوردستان، هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌كیشمان بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان بگاته‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ‌به‌ ڕێز و پێزانینێكی زۆره‌وه‌ له‌ خۆڕاگری و پشوودرێژیی کوردستانیان ده‌ڕوانم كه‌ به‌هۆی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانییه‌وه‌، به‌رگه‌ی قه‌یران و سه‌ختییه‌كان ده‌گرن، هیوادارم جه‌ژنه‌كانی داهاتوومان له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییدا بگێڕین.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

جه‌ژنی قوربان له‌ خێزان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، له‌ موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان، هه‌روه‌ها له‌ هێزه‌كانی ناوخۆ، پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌ كه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان به‌ره‌نگاری په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه‌ته‌وه‌، به‌ گه‌رمی پیرۆز ده‌كه‌م.

هیوادارم جه‌ژن‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری گیانی لێبورده‌یی، ته‌بایی و پێكه‌وه‌ییی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كوردستان، هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌كیشمان بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان بگاته‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری. كوردستانیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك تواناكانمان یه‌ك بخه‌ین و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردن و تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و گرفته‌كان و مسۆگه‌ركردنی ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كان و پاراستنی پێگه‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.

‌به‌ ڕێز و پێزانینێكی زۆره‌وه‌ له‌ خۆڕاگری و پشوودرێژیی کوردستانیان ده‌ڕوانم كه‌ به‌هۆی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانییه‌وه‌، به‌رگه‌ی قه‌یران و سه‌ختییه‌كان ده‌گرن، هیوادارم جه‌ژنه‌كانی داهاتوومان له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییدا بگێڕین، سه‌ختییه‌كانمان تێپه‌ڕاندبێت و ئاسۆیه‌كی گه‌ش به‌ ڕووی كوردستاندا كرابێته‌وه‌، هه‌روه‌ها داواكارم هه‌مووان ڕه‌چاوی ڕێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كان و خۆپارێزی بكه‌ن.

جه‌ژنی هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشی. ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ كوردستان، عێراق و ناوچه‌كه، جیهان و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌خوازم.‌

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

30/7/2020

 

زۆرترین بینراو