نێچیرڤان بارزانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

نێچیرڤان بارزانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

زاری كرمانجی - نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا له‌ یادی چل و یەک ساڵه‌ی زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید و وڵاتبەدەرکردن و بێسه‌روشوێنكردنی خوشک و برایانی كوردی فه‌یلیدا ڕایگه‌یاند: شەهیدان و ستەملێکراوانی لەیادنەچووی ئەو تاوانانە بە ڕێز و شکۆوە یاد دەکەینەوە.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌:

وڵاتبەدەرکردنی سه‌تان هه‌زار كوردی فه‌یلی و بێسه‌روشوێنكردنی ده‌یان هه‌زاری دیكه‌یان، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و زەوتکردنی ماڵ و موڵکیان، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانه‌ی به‌عس بوو بەرامبەر به‌ کوردانی بێگوناهی فەیلی کە جگە لە کوردبوون و داکۆکیكردن لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی میللەتەکەیان، هیچ تاوان و خەتایەکیان نەبوو.

ناساندنی ئەو تاوانانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە، بڕیارێکی دادپه‌روه‌رانه‌ و ڕەوا بوو، ئەو بڕیارە دەوڵەت و حکوومەتی عێراق دەخاتە بەر ئەرک و بەرپرسیاریه‌تیی قەرەبۆکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتووان.

داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق ده‌كه‌ین ئەو ئەرکە یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانییەی بەجێ بگەیەنێت و موڵک و ماڵ و ڕەگەزنامە و مافە مەدەنییەکان و قەرەبۆی زیانەکان بۆ کوردانی ستەمدیدەی فەیلی بگێڕێتەوە و کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردی فه‌یلی. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان دەنێرین. خەبات و دڵسۆزی و قوربانیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بۆ هەمیشە جێی شانازیی گەلەکەمانە.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

4/4/2021

زۆرترین بینراو