نێچیرڤان بارزانی: دانانی ئاڵای كوردستان ڕێزلێنانه‌ له‌ خه‌بات و قوربانیی گه‌لێك

نێچیرڤان بارزانی: دانانی ئاڵای كوردستان ڕێزلێنانه‌ له‌ خه‌بات و قوربانیی گه‌لێك

دوای ته‌واوبوونی دوایین ڕۆژی كار و چالاكییه‌كانی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان له‌ داڤۆس، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 24/1/2020 له‌ وه‌ڵامی ڕۆژنامه‌نووساندا باسی له‌ به‌شدارییان له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌وه‌ كرد.

سه‌ره‌تا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كان له‌ عێراق و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی عێراقه‌وه‌، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانه‌وه‌ له‌ عێراق ڕوونه‌، ئه‌م هێزانه‌ له‌سه‌ر داوای عێراق هاتوون بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ و تا ئێستاش وای ده‌بینین كه‌ مانه‌وه‌یان له‌ عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش پێویسته‌، چونكه‌ تا ئێستاش داعش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو عێراق، بۆیه‌ پێمان وایه‌ ئه‌م هێزانه‌ ده‌بێت بمێننه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موو لایه‌كمان به‌ بڕواوه‌ ده‌توانین بڵێین داعش كۆتایی هاتووه‌”.

ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كانی له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له‌ داڤۆس و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند “ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن كۆڕبه‌ندی ئابووریی داڤۆسه‌وه‌ داوه‌ت كراوین كه‌ ئه‌مساڵ په‌نجایه‌مین ساڵی كۆنفرانسه‌كه‌یان بوو. ئێمه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا‌ به‌شداریمان كردووه‌، بۆ ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌تێكه‌ كه‌ به‌شدار ده‌بین له‌م شوینانه‌ دید و بۆچوونی خۆمان له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پێشهاتانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ن، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای واتانی دیكه‌ كه‌ به‌شدار ده‌بن له‌م كۆنفرانسه‌دا، باس بكه‌ین، چونكه‌ خۆتان ده‌زانن پرسی عێراق و ئه‌و پێشهاتانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌یه‌، جێی بایه‌خی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ و هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، سه‌رۆك ترامپ و كۆمه‌ڵێك له‌ سه‌رۆكانی وڵاتانی دیكه‌ و سه‌رۆك وه‌زیران و كۆمپانیاكانی جیهانی باسی دۆخی عێراق و دید و بۆچوونی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پێشهاتانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، به‌ هه‌موو لایه‌كمان گه‌یاند. ده‌توانم بڵێم ئاستی دیپلۆماسی و كاری هه‌رێمی كوردستان باشه‌ و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێگه‌ی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا و به‌پێی ده‌ستووری عێراق، جێی ڕێز و بایه‌خی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌”.

هه‌ر ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌ داڤۆس به‌تایبه‌تیش كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد: “له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ترامپ باس كرد، ئه‌و ڕێزێكی زۆری هه‌بوو بۆ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌م بۆ پاراستنی پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و هه‌م ڕێز و پێزانینی هه‌بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ بۆته‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ و شوێنێكی ئارامه‌، ڕێز و پێزانینی هه‌بوو بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش”.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئێستای عێراق و بوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌وه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگهه‌یاند: “ئێمه‌ پێشتریش هه‌ڵوێستی خۆمان به‌ ڕوونی نیشانداوه‌ و ئێستاش ده‌ڵێین هه‌بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان بۆ هه‌موو عێراق پێویسته‌ و ئێمه‌ به‌ ڕوونی ئه‌مه‌مان گوتووه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ترامپیش باسمان كردووه‌”.

ده‌رباره‌ی گرنگی و كاریگه‌ریی دانانی ئاڵای كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی به‌ڕێزیاندا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڕێزیان گوتی: “به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتی ئه‌مه‌ریكا پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانن، ده‌زانن كه‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ له‌ناو عێراقدا. بێگومان دانانی ئاڵای كوردستان بۆ هه‌موو كوردێك شتێكه‌ جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ بزانین به‌پێی ده‌ستووری عێراق ئه‌م پرسه‌ ڕێپێدراوه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دانرا، پێموایه‌ جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ بۆ هه‌رموو كوردێك له‌ هه‌ر شوێنێك بێت، هه‌روه‌ها په‌یامه‌كه‌ ته‌نها بۆ كوردانی عێراق نه‌بووه‌، به‌ دیدی من بۆ هه‌موو گه‌لی كورد بووه‌ كه‌ خۆشحاڵ بن به‌وه‌ی كراوه‌، ئه‌م ڕێزلێنانه‌ ته‌نیا ڕێزلێنان نییه‌ بۆ كه‌سێك، ئه‌مه‌ ڕێزگرتنه‌ له‌ خه‌بات و قوربانیی گه‌لێك بۆ خوێنی شه‌هیدانی گه‌لێك كه‌ له‌ مێژوودا ماندوو بوون و خه‌باتیان كردووه‌ و زه‌حمه‌تیان كێشاوه‌. پێموایه‌ دانانی ئه‌و ئاڵایه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو مێژووه‌یه‌ و بۆ ته‌نیا كه‌سێك نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو گه‌لی كورد بووه‌ و من پیرۆزبایی له‌ هه‌موو گه‌لی كوردستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ و هه‌ر كوردێك له‌ هه‌ر شوێنێك بێت".

زۆرترین بینراو