نێچیرڤان بارزانی: عێراق و سووریا شایه‌نی ژیانێكی باشترن

نێچیرڤان بارزانی: عێراق و سووریا شایه‌نی ژیانێكی باشترن

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/1/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاتكردنی براوه‌كانی فیستیڤالی كورته‌فیلمی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ كرد كه‌ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان UNP به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێ مرۆییەکان، کۆمەکی سەندووقی متمانەی هەرێمی، سەر بە یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەدەمەوەهاتنی قەیرانەکانی سووریا، سەندووقی متمانەی مەدەدی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا ساز كرابوو.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، له‌ وته‌یه‌كدا گوتی: به‌خێرهاتنی نوێنه‌رانی یەکێتیی ئەورووپا و UNDP دەکەم کە هەردووکیان تەشریفیان لێرەیە. سوپاس و دەستخۆشییان لێدەکەم بۆ سازدانی ئەو ڕێوڕه‌سمه‌. ئەوەی کە بینیمان لەو فیلمانە بە شێوەیەکی گشتی، بەشێکی، زۆر بەداخەوە نه‌هامه‌تی و ناخۆشیی خەڵکی عێراق بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها گەلی سووریا دەردەخات، بەشێکی دیکەشی زیاتر دەرخستەی ئەو هیوا و ئاواتانەیە کە ئەو گەنجانە هەوڵیان داوە بە پیشاندانی ئەو کورتە فیلمانە پیشانی دونیای بدەن.

ئەوەی له‌ هه‌ر هه‌مووی گرنگتره ئەوەیە کە زیاتر گەلی عێراق، گەلی سووریا چاویان لە ئایندەیە. ڕابردوویەکی ناخۆش بووە، نه‌هامه‌تییه‌كان ناخۆش بوون، بەڵام ئەوەی کە دەرده‌کەوێ گەنجانی ئێمە هەموویان ڕوویان لە ئایندەیە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە عێراقیش دەگوزەرێ، لە بەغدا، لە شارەکانی دیکە، هەمووی ئەم نه‌وه‌ گەنجە بە هیواوە سەیری ئایندە دەکه‌ن. بە ڕاستیش خەڵکی عێراق و خەڵکی سووریا شایستەی ئەوەن کە ژیانێکی باشتریان هەبێ، دۆخێكی باشتریان هەبێ و هەموو پێکەوە بە خۆشی و شادی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان و وڵاتانی دراوسێ.

به‌و هیوایه‌ی ببینین لە ئایندەدا ئەم وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشی و خۆشی و بەرەو خێر بڕوات بۆ خۆی و بۆ میللەتەکەی و بۆ دراوسێکانی. بە هیوای ئەو ڕۆژە و پیرۆزبایی لە هەر هەمووتان دەکەم، بەخێر بێن.

زۆر سوپاس.

زۆرترین بینراو