نێچیرڤان بارزانی: لایەنە سیاسییەكانی عێراق بانگهێشتی هەولێر دەكات

نێچیرڤان بارزانی: لایەنە سیاسییەكانی عێراق بانگهێشتی هەولێر دەكات

مەهدی محەممەد – سۆران :
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا نیگەرانی خۆی لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق دەربڕی و بە مەبەستی گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكان، بانگهێشتی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكات بۆ هەرێمی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەك شەممە 31 – 7 – 2022 راگەیاندراوێكی لەبارەی خۆپێشاندانەكانی عێراق و دۆخی ئێستای بەغدا بڵاوكردەوەو دەڵێ‌"ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە، ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە".
نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی لە خواستی خۆپێشاندەرانی ئاشتییانەی عێراق دەكات و دەڵێت: "جەخت لە پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئاسایش و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و كارمەندانی دەوڵەت دەكەینەوە", هەروەها باس لەوەش دەكات گەلی عێراق شایەنی ژیان و داهاتوویەكی باشترە و دەڵێ‌ "ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنەكانە پێكەوە عێراق لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارە دەرباز بكەن." 
لە كۆتایدا نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان هەمیشە بەشێك بووە لە چارەسەر و لەسەر ئەو بنەمایەش تەواوی لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەكانی عێراق بانگهێشت دەكات كە لە (هەولێری پایتەختی دووەمیان) دەست بە گفتوگۆیەكی كراوە بكەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و دەشڵێت"هیچ كێشەیەك نییە بە گفتوگۆ چارەسەر نەكرێت".