نەبوونی بەشێك لە پەرتووكەكان گرفتی زۆرێك لەپەروەردەكانە

نەبوونی بەشێك لە پەرتووكەكان گرفتی زۆرێك لەپەروەردەكانە

لەدوایی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و دەسپێكردنی خوێندن لەقوتابخانەكان گرفتێك بەردەوام ساڵانە رووبەرووی قوتابییان دەبێتەوە ئەویش نەبوونی پەرتووكی خوێندنە ، ئەمساڵیش لەزۆرێك لەپەروەردەكان گرفتی كەمی پەرتووك بوونی هەیە ، پەرتووكەكانی زانست و بیركاری یەكێكن لە و بابەتانەی كە زۆرێك لەقوتابخانەكان كەم ئەوبابەتانەیان هەیە بەتایبەتی ئەو قوتابخانانەی كەئەمساڵ شێوازی خوێندیان كرایەوە بەكوردی ، بەپێی بەدوواداچوونەكانی زاری كرمانجی لەسنوری هەریەكە لە پەروەردەكانی سۆران ، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان ، گرفتی كەم پەرتووك بوونی هەیە ئەمەش كێشەی بۆقوتابییان درووستكردوە لەرووی خوێندنەوە .
بەدواداچوون : محەممەد مەحموود
بەرێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر دەڵێت" تائێستا پەرتووكی بابەتەكانی زانست و بیركاریمان بەدەست نەگەیشتووە ، ئەحمەد محەممەد نوح بەرێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر لەسەر كەمی پەرتووك لەسنوری پەروەردەكەیان بۆ زاری كرمانجی گوتی " ئێمە وەك پەروەردەی مێرگەسۆر تائێستا تەنها پەرتوكی بیركاری و زانستی قۆناغی سەرەتاییمان بەدەستمان نەگەیشتووە، پەرتووكی قۆناغەكانی تری خوێندن هاتوون و دابەشكراون بە بێ كێشە.
مامۆستا ئەحمەد گووتیشی" بۆ مەبەستی دابینكردنی پەرتووك چەند جارێك هەوڵمان داوە ، بەڵام پێم وایە كێشە لە چاپكردنی پەرتووكان هەبووە.
لەرواندزیش هەمان گرفت بوونی هەیە هەریەكە لەپەرتووكەكانی زانست و بیركاری بۆقۆناغی بنەڕەتی رێژەیان كەمەو لە زۆرێك لەو قوتابخانانەی كە سیستەمی خوێندیان لەم یەك دوو ساڵە كرابووە ئینگلیزی و لە ئێستاشدا كراونەتەوە كوردی ، گرفتی كەمی پەرتووكی ئەم دووبابەتە هەیە و تا ئێستا لە هەندێك قوتابخانە قوتابی ئەو بابەتانەی وەرنەگرتوون یان هی ساڵی پارو پێشتری وەرگرتوون بۆئەوەی تاوەكو پەرتووكان دەگەن قوتابی شتێكی لەبەر دەست بێت و لێی بخوێنێت .
لەم بارەیەوە سامان عەزیز بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندز بەزاری كرمانجی راگەیاند" بۆگرفتەكانی كەمی پەرتووك لە قوتابخانەكان،بەرپرسانی پەروەردە، بەتایبەتی بەرپرسی كۆگای وەزارەت دەڵێت ئەم ساڵ كتێبەكان سەدا سەد دەبێت، بەڵام دەبینین، زۆرێك لە قوتابخانەكان گرفتی كەمی پەرتووكیان هەیە.
بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی رواندز چەند هۆكارێكیش دەخاتەروو لەوانە ،كەمی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ مەبەستی گواستنەوەی پەرتووك لە كۆگای گشتیی وەزارەت ، بەسەر پەروەردەكان یەكێكە لە هۆكارەكان ، هەروەها بێ پلانی وەزارەت دەبوایە لەكاتی پشووی هاوین، هەموو پەرتووكەكان بەسەر پەروەردەكان دابەشكرابان.خاڵیكی تریش ئەو قوتابخانانەی كەسیستەمی ئینگلیزیان تێدا پەیڕەو دەكراو ئەمساڵ كرانەوەبەكوردی لە ئێستادا هێشتا بەشە پەرتووكی ئەوان لە كۆگای گشتیی ڕەوانە نەكراوە، ناردنی پەرتووك لەسەر ناردنی ڕێژەی قوتابییان پەیوەستە كۆگای گشتی بەگوێرەی ڕێژەی قوتابییان پەرتووك دەنێرێت.مامۆستا سامان دەشڵێت"لە بابەتی كەمی پەرتووك بەشێك لە بەڕێوەبەرەكانیش كەمتەرخەمن ، چونكە ئەگەر پەرتووك تەواو بێت، بەڕێوەبەر ئازادە چ كاتێك بچێت، ئەو بەڕێوەبەرە لەسەر ڕێژەی پەرتووكەكی خۆیەتی.
لەسۆرانیش كەمی پەرتووك هەیە و هەندێك لەپەرتووكەكانیش دەگۆڕدرێن و زیاتر لە 54 قوتابخانەی سیستەمی ئینگلیزی هەڵوەشاونەتەوە ، لەم بارەیەوە مامۆستا سالار صەبری لە كۆگای پەروەردەی سۆران زانیاری تازە لە بارەی كەمی پەرتووك و پێداویستی پەروەردەكەیان بۆزاری كرمانجی دەخاتەروو دەڵێت" ئەمساڵ بەدرەنگەوە پەرتووكەكان چاپكران،ناوەناوەش پەرتووكەكان دێن،بەڵام لە سنوری پەروەردەی سۆران 54 قوتابخانەمان هەبوو كە سیستەمی ئینگلیزی پەیڕەو دەكرد بۆیە ئەوان پەرتووكی زانست و بیركاریان بەئینگلیزی بۆچاپ دەكرا ،ئەمساڵ كە لە كاتێكی نالەبار ئەو قوتابخانانە گۆڕان و كرانەوە بەكوردی ، بۆیە بەشی ئەوان لەبابەتەكانی زانست وبیركاری نەگەیشتووە ، چونكە هی ئەوان بە ئینگلیزی بوو تاوەكو كوردیەكەیان بۆ دێت و دەكەنەوە سەر ئەو رێژەیە كاتێكی زۆری دەوێت ، گرفتێكی تریش كە هەمان بێت بۆ بابەتەكانی مەدەنی و كۆمەڵایەتییە ، بۆپۆلەكانی چوارو پێنج و شەشی بنەڕەتی كە ئەمساڵ چاپ ناكرێت ، ئەم دووپەرتووكە دەكرێنەوە یەك پەرتووك ، بۆیە بەپێی ڕێنمایی پێمان گووتراوە قوتابییان جارێ‌ هەر لەسەر چاپی كۆن بخوێنن تاوەكو چاپی نوێ دێت، پرۆسەكەش خێرایە و رۆژانە دوو تاوەكو سی لۆری پەرتووكمان بۆدێت هەفتانە جاری واهەیە زیاتر لە 3000 پەرتووكمان بۆدێت ،بەڵام ژمارەی قوتابییان و قوتابخانەكانمان زۆرن.
مامۆستا سالار گلەیشی لەهەندێك لەبەرێوەبەری قوتابخانەكان كرد كە زیاد لە پێویست قوتابی دەنووسن و پەرتووكی زیاد لەلای ئێمە وەردەگرن بۆنموونە بەرێوەبەرێك 50 قوتابی هەبێت ئەو 70 قوتابی دەنووسێت بەمەش دەكرێت چەند قوتابێك لە قوتابخانەێكی تر لە پەرتووك بێبەش بن.
لەچۆمانیش هاوشێوەی زۆربەی قوتابخانەكانی كوردستان ئەو پەرتووكانە رێژەیان كەمە كە ئەمساڵ كرانەوە كوردی ئەوانیش بابەتەكانی زانست و بیركاری بوون ، لەم بارەیەوە مامۆستا چەتۆ ئەحمەد باس بەرێوەبەری پەروەردەی چۆمان بۆزاری كرمانجی گووتی" ئێمەش وەك پەروەردەی چۆمان رێژەی ئەو پەرتووكانەمان زۆر كەمە كە ئەمساڵ كرانەوە بەكوردی لەوانەش بابەتەكانی زاست و بیركاری ، چونكە لەهەندێ‌ قوتابخانە ئەم بابەتانە كرابوونە ئینگلیزی و پەرتووكانیش هەر بەزمانی ئینگلیزی چاپ دەكران بۆیە چاپە كوردیەكەی زۆر كەمە.

زۆرترین بینراو