نەجیبە نەجیب: بەغدا 80 تڕلیۆن دینار قەرزداری هەرێمی كوردستانە

نەجیبە نەجیب: بەغدا 80 تڕلیۆن دینار قەرزداری هەرێمی كوردستانە

ڕائیب شێروانی-دهۆك: نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە دوو خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ :" خۆپیشاندانەكانی عێراق هاوكار دەبێت كە هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتن، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەر دوو لادایە".
دەشڵێ:" عێراق 117 ملیار دۆلار قەرزداری وڵاتانە، هەروەها80 تڕلیۆن دیناریش قەرزداری هەرێمی كوردستانە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە دوو خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران گووتی:" هێشتا بودجە نەچووە بۆ پەرلەمان، لە بودجەی 2019 دەبوایە بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە كرابایە، بەڵام رەوانە نەكرا، تەنیا بەشێكی مووچە رەوانەی كوردستان دەكرێت، هەتا بودجەی 2020 پەسەند دەكرێت، گرێنتی كردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەیە و هیچ كێشەیەك نییە، بۆ بودجەی 2020 پێویستە رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت، ئەو خۆپیشاندانانەی ئێستا لە عێراق دەكرێن دەرسێكی گەورەی دایە حكوومەتی عێراق تا پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیدا بكات، بەتایبەت لە جێبەجێكردنی دەستووردا كە مافی هەموو پێكهاتەكان بدرێت، لە هەمان كاتدا ئەو خۆپیشاندانانە هاوكار دەبێت زووتر رێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بێت، لە شەقامی شیعە خۆپیشاندانە و شەقامی سوننە وێرانە، ئەوەش لە بەرژەوەندی حكوومەتدا نییە، هەر لەبەر ئەوە بۆ 2020 رێككەوتن گرنگە، بۆیە وا دەبینم ئەو خۆپیشاندانانە هاوكار دەبن تا هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتن ئەوەش لە بەرژەوەندی هەولێر و بەغدا دەبێت، ئەو رێككەوتنەش لەسەر بودجە و نەوت دەبێت، بۆ نەوت هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا دەبێت حكوومەتی بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، كە تا ئێستا بەغدا قەرزداری هەرێمی كوردستانە، مووچەی فەرمانبەران، ئەو قەرزانەی لە دەرەوە وەردەگرێت، بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان، ئەوانە هەموو شایستەی دارایینە و پێویستە حكوومەتی بەغدا بەشی هەرێمی كوردستان بدات، بۆیە پێموایە بۆ بەرقراربوونی رەوشی سیاسی و ئابووری لە عێراق و هەروەها سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا و دەستپێشخەری بەڕێزیان و ئەو رۆڵە گرنگەی كە بەڕێزیان دەگێرێت بۆ لێك نزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا هەموو ئەوانە هاوكار دەبن كە زووتر هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتن بۆ چارەكردنی كێشەی نەوت، بودجە و مووچە.
نەجیبە نەجیب، ئەوەشی گوت:" دەبوایە بودجەی گشتی عێراق مانگی 9 گەیشتبایە پەرلەمان، بەڵام لەبەر خۆپیشاندانەكان بودجە دواكەوتووە، ئەوەش جاری یەكەم نیە كە بودجە دوا دەكەوێت، بەڵكو لە ماوەی 16 ساڵی رابردوو چەندین ساڵ لە كاتی خۆی نەگەیشتووەتە پەرلەمان، ئەوەش لە عێراق شتێكی نۆرمالە، بەپێی یاسای بودجە ئەگەر بودجە لەكاتی خۆی نەگەیشتە پەرلەمان و پەسەند نەكرا، ئەوا یەك لەسەر 12 بودجەی 2020 سەرف دەكرێت، كەواتە وەكو ساڵی 2019 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكرێت، چونكە نەوت دەفرۆشرێت و داهاتەكەشی وەردەگیرێت، كە داهاتی سەرەكی عێراق نەوتە.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە دوو خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" بەپێی نووسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی، عێراق 117 ملیار دۆلار قەرزداری وڵاتانە، لەو رێژەیە 60 ملیار دۆلار لەسەردەمی رژێمی بەعس قەرزی كردووە ، قەرزەكانی دیكەش پاش 2003 كراون، هەروەها زیاتر لە 80 تڕلیۆن دینار قەرزداری هەرێمی كوردستانە، سەرەڕای هەموو ئەو رێككەوتنانە لە ساڵی 2005 تا ئێستا 5% بودجە نەگەیشتووتە هەرێمی كوردستان".

 

زۆرترین بینراو