نەخۆشخانەی خەلیفان پێویستی بەنەشتەرگەرییە

نەخۆشخانەی خەلیفان پێویستی بەنەشتەرگەرییە

محەمەد ئامۆكەیی- خەلیفان: هاووڵاتیانی ناحیەی خەلیفانی سەر بەقەزای سۆران، داوای دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن دەكەن و باس لەوەش دەكەن" نەخۆشخانەی ئێستا بینای كۆنەو كۆمەڵێك گرفتی هەیە لە رووی دەرمان و كەمی پزیشكی پسپۆڕو نەبوونی چەند بەشێكی پێویست لە نێو نەخۆشخانەكە، خەلیفان ژمارەی دانیشتوانی 34هەزار كەسەو زیاتر لە پەنجا گوندیش سەر بەو ناحیەیەن، لە راپۆرتێكدا زاری كرمانجی كێشەو گرفتەكانی نێو نەخۆشخانە باس لێوەدەكات.
چەندین جار بۆ چارەسەری ددان چومەتە نەخۆشخانەی خەلیفان، بەڵام بە بیانوی كێشە لە ئامێرەكان گەڕاومەتەوە، ئەمە دەستپێكی قسەی هاووڵاتیەكی ئەو شارەیە." باس لەوەش دەكات" شارەكەیان چەندین گرفتی تری هەیە كە نەخۆشخانە سەركیترینە، بۆیە بەشێكی بەرچاوی دانیشتوانی ئێرە دەبێت رووبكەنە سۆران و شارەكانی تر بۆ چارەسەری نەخۆشی، ئاخر بۆ دەبێت خەلیفان وەها فەرامۆش بكرێت و بەرپرسانی شار بۆ خەمێك لەو شارە بێ نازە نادەنەوە.
شەیما محەمەد، ئافرەتێكی شارەكەبوو دەڵێت" نەخۆشخانەی خەلیفان پزیشكی ئافرەتی پسپۆڕی كەمەو ئێستا زۆربەی ئەو كەسانەی كە نەخۆش دەكەون لە رەگەزی مێینەن، بۆیە دەكرێت پزیشكی پسپۆڕ هەبێت، ناكرێت بۆ بچوكترین چارەسەری سەرەتایی رووبكەینەوە سۆران."
ئەوەشی گووت" زۆر جار چومەتە نەخۆشخانە كاتێك چارەسەری وەردەگرین دەرمان لە نێو نەخۆشخانەكە نیە دەڵێن" دەبێت بچی لە نۆڕینگەی تابیەت بكڕیت،" بەرپرسانی كەرتی تەندروستیش باس لەوە دەكەن كە لە نەخۆشخانەكان دەرمان هەیەو من لێیان دەپرسم ئەی بۆ ناهێن سەردانێكی نەخۆشخانەی خەلیفان بكەن، ئەو كات دەزانن چ وێران كاریەك هەیە.
هاووڵاتیەكی تریش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" نەخۆشخانەی خەلیفان هەر ئەو بینا كۆنەیە كە لە سەردەمی رژێمی بەعس دروستكراوە، 28 ساڵە حكومەت نەیتوانیوە نەخۆشخانەیەكی باش بۆ ئەو شارە دروست بكات كە شایەنی ئەوەبێت خەڵكی بۆ چارەسەر رووی تێبكەن."
ئەو هاووڵاتیە زیاتر گووتیشی" خەلیفان ناحیەیەكی بەرفراوانەو بەدەیان گوندی لەسەرە ساڵ بە ساڵیش لە فراون بون دایەو ناكرێت لەوە زیاتر گرنگی بە شارەكە نەدرێت، ئەگەر سەیر بكەین نەخۆشخانەی خەلیفان زیاتر لە بنكەیەكی تەندروستی دەچێت و پێم وایە مەرجی تەندروستی لەو نەخۆشخانەیە بەدی ناكرێت، بۆیە داواكاری ئێمە ئەوەیە نەخۆشخانەیەكی باش و مۆدێرن و پزیشكی باشتر بۆ شارەكە دابینبكرێت، ناكرێت شەوان نەخۆش لەبەر پچڕانی كارەبا چارەسەری بە روناكی مۆبایل بۆ بكرێت.
كاروان كەریمخان، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" نەخۆشخانەی خەلیفان، لە ڕوویبینایە شتێك نییە شایەنی خەڵكی خەلیفان بێت، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆكە بەپێی ئەو كەموكوڕیانەی كە هەیە تەواو جیاواز مامەلەی لەگەڵ كراوە چ لەڕووی میلاكەوە بێت یان دەرمان یان مافی كارمەندی تەندرووستی كە هەمیشە و بە بەردەوام لە ئاستێكی باش خزمەتگوزاریە تەندرووستیەكان پێشكەش بە هاووڵاتییان كراوە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سۆرانیش، لەسەر هێڵ بووین كەموكوڕیەكان تا ڕادەیەكی باش چارەسەر كراون جگە لە دابینكردنی میلاك و هەندێك كێشەی تەكنیكی ئامێرەكان، لە كاتی ئاراستەكردنی داواكاری بۆ سەرووی خۆمان هەمیشە روبەڕووی یەك وەڵام دەبینەوە ئەویش نەبونی بوددجە و پارەیە، لەلایەكی تریش ڕوبەڕووی گلەی و گازندەی خەڵك دەبینەوە وە بەپێی توانا وەڵامی داواكاریەكانیان دەدەینەوە.
زاری كرمانجی گازندەی خەڵكی خەلیفانی گەیاندە بەرپرسێكی تەندروستی، د.مەقسود ئیسماعیل، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند" گومان لەوەنیە نەخۆشخانەی خەلیفان، بیانی كۆنەو گرفتی زۆری هەیە جاریش داوامان كردووە نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن دروستبكرێت، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانەوە نەتوانراوە، دانیشتوانی شار زۆرن و پێویستە نەخۆشخانەیەكی باش هەبێت بەهەموو پێدوایستیەكانەوە."
بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، نەشی شاردەوە" كەمی دەرمان لە نەخۆشخانەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەیتیەكەیان گرفتی گەورەی بۆ دروست كردوون، نەخۆشخانەی خەلیفانیش هەمان گرفتی كەمی درەمان و بگرە پزیشكی پسپۆڕشی هەیە." هەرچەندیش هەوڵمان داوە دەرمانە درێژخایەنەكان پەیدابكەین، بەڵام لە هەولێرەوە بۆمان نانێرن و لێرش خەڵك گلەی دەكەن و مافی خۆشیانە."
لە دوا قسەكانیدا بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران" ئەوەشی گووت" ناتوانین هیچ بەڵێنێك بدەین بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە لە خەلیفان، لەبەر ئەوەی تازە حكومەت پێكهاتووە و نازانین بەرنامەكانی ئەو كابینەیە چۆنن، دڵنیای دانیشتوانی خەلیفان دەكەمەوە بەردەوام دەبین لەسەر خەت بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن.

زۆرترین بینراو