نەخۆشی شێرپەنجە لە بەرزبونەوەدایە 

نەخۆشی شێرپەنجە لە بەرزبونەوەدایە 

هیڤی ڕەمەزان _ زاری کرمانجی 

 ژمارەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی کوردستان بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە.

 بازاڕەکانی هەرێم پڕن لە خۆراکی ساختە و تەقلید و قاچاغ و لە ئێستاشدا ئاسایشی خۆراک لە ئاستێکی زۆر خراپدایە. 
شنۆ ئەشقی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەنەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەبارەی زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە زانیاری خستووەتەڕوو.
لە سەرەتای نووسینەکەیدا ئەو ئەندامەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ماوەی نۆ ساڵە ئامێری پشکنینی پێکهاتەی شێرپەنجەیی و پێکهاتە پارێزەرەکان لە کوالیتی کۆنترۆڵی جۆری خۆراک لەکارکەوتووە و بە بیانووی بێ بنەما چاک ناکرێتەوە و لەئێستاشدا بەپێی ئامارەکان ژمارەی توشبوون بە شێرپەنجە لەهەرێم بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە.

شنۆ ئەشقی باسیلەوەشکردووە، بازاڕەکانی هەرێم پڕن لە خۆراکی ساختە و تەقلید و قاچاخ و لەکاتێکیشدا لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی دەستیان بەسەردا دەگیرێ دادگا بەهیچ جۆرێک دۆسێکان یەکلایی ناکاتەوە .
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "پێم وایە ئاسایشی خۆراک لە هەرێم لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و بۆئەم مەبەستەش بۆ جاری چوارەم پێشنیارم کردووە، لیژنەی تەندروستی و ژینگە لەوبارەوە بانگێهێشتی وەزیری بازرگانی بکات، بەڵام سەرجەم ئەندامانی لیژنەکەمان ڕەتیان کردووەتەوە، کە ئاسایشی خۆراک هیچ گرفتێکی ئەوتۆی هەبێت"

جێگەی ئاماژەیە، بەپێی ئامارێک لە ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان هەشت هەزار کەس، کە زۆرینەیان خەڵکی سنوری پارێزگای هەولێرن تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.