نەدا مێرگەسۆری: جیهان پێگەی هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانیت

نەدا مێرگەسۆری: جیهان پێگەی هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانیت

نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" بارودۆخی عێراق زۆر خراپە، تەهدید و هەڕەشەكانی میلیشیا شیعەكان رۆژ بۆ رۆژ زیاتر دەبن، هێشتا عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە هێزەكانی بیانی هەیە. گووتیشی:" پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان ئەوە دەردەخات كە وڵاتانی جیهان چاویان لەسەر هەرێمە و هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان توانیویەتی باڵانس رابگرێت و نەبۆتە بەشێك لەو كێشە و ئالۆزیانەی لە ناوچەكە هەن.
مێرگەسۆری، رایگەیاند:" بارودۆخی عێراق رۆژ بۆ رۆژ بەرەو خراپی دەچێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە پاش كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، ئەو گرژی و ئالۆزیە زیاتر بوونە، تەهدید و هەڕەشەكانی میلیشیا شیعەكان رۆژ بۆ رۆژ زیاتر دەبن، هەتا هەڕەشە لە سەرۆككۆمار كرا كە نابێت لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا كۆ ببێتەوە، داواكاری خۆپیشاندەران كە زیاتر لە 4 مانگە خۆپیشاندان دەكەن هەتا ئێستا جێبەجێ نەكراون، زۆر لە خۆپیشاندەران كوژراون، ئەمە لە كاتێكدایە كە داوای مافی رەوای خۆیان دەكەن، هەروەها پاش زیاتر لە 17 ساڵ حكوومەت نەیتوانیوە پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابین بكات، هەر ئەوەش وای كرد كە خەڵكی عێراق بڕژێنە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان بكەن، هەروەها لایەنگرانی حەشدی شەعبی هەڕەشە لە هێزەكانی ئەمریكا دەكەن، ئەوەش وای كردووە كە رۆژ بۆ رۆژ بارودۆخی عێراق ئالۆزتر ببێت، هەروەها ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران كاریگەری لەسەر عێراق هەیە، هەر لەبەر ئەوە دەبێت سەركردەكانی عێراق زۆر بە وریای مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكەن، هەروەها هۆشیار بن بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپان، سەرۆك بارزانی هەموو كات داوای كردووە كە بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان، دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بۆتە بابەتی رۆژ و فراكسیۆنە شیعەكان دەنگیان بەوەدا، بەڵام بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق سوودی ئەوان زیاتر بووە لە زیانەكان، چونكە بەردەوام هاوكاری عێراقیان كردووە، عێراقیان لە داعش پاراست، هەر لەبەر ئەوە هەتا ئێستا زۆر كێشە ماون چارەسەر بكرێن، بۆیە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە بارودۆخی عێراق رۆژ بۆ رۆژ ئالۆزتر دەبێت، تا ئێستا كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران دەست نیشان نەكراوە، ئەو بڕیارەی پەرلەمان دا بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان بڕیارێكی زۆر بە پەلە بوو، هەروەها تا ئێستا گرژی و ئالۆزی هەنە، خۆپیشاندان بەردەوامە، هەروەها جموجۆلی داعش رۆژ بۆ رۆژ زیاتر دەبێت، بۆیە ئەو گرژی و ئالۆزیانەی كە لە عێراق هەن، كاریگەری لەسەر بارودۆخی ئەمنی دەبێت و رەوشەكە خراپتر دەبێت، بۆیە پێموانیە ئەمساڵ بارودۆخی عێراق باش بێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران روونیشیكردەوە:" سەركردایەتی سیاسی كورد، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكوومەت لە هەموو بەیاننامەكانی خۆیان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە بۆ ئەوەی بارودۆخی عێراق خراپتر نەبێت هاوكار دەبن، هەروەها داوایان كردووە كە كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران دەست نیشان بكرێت كە هەموو لایەنەكان لەسەر رازی بن و نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بكات، هەروەها بەشداری نەكردنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەركردنی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق ئەوە كارێكی زۆر باش بوو، ئەوەش یەكهەڵوێستی كورد پیشان دەدات، هەروەها كورد پێیوایە هێشتا عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە هێزەكانی بیانی هەیە.
بە بۆچوونی نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆڕبەندی داڤۆس هەم لەرووی سیاسییەوە، هەم لەرووی ئابوورییەوە گرنگیەكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبوو، دوای 2014 هەرێمی كوردستان بەردەوام بەشداری لەو كۆڕبەندە كردووە، كوردستان تاكە هەرێمە بەشداری لەو كۆڕبەندە دەكات، بە فەرمی سەرۆكی ئەو هەرێمە بانگهێشتی كۆڕبەندەكە كرا، ئەوەش مانای وایە كە هەرێم بۆتە جێگەی بایەخی وڵاتان، كۆ بوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و دانانی ئاڵای كوردستان و ئەو پێشوازی گەرمەی لێ كرا، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە جیهان، بەتایبەتی ئەمریكا زۆر گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدات و نابێت وەكو عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت، پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان ئەوە دەردەخات كە وڵاتانی جیهان چاویان لەسەر هەرێمە و هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان توانیویەتی باڵانس رابگرێت و نەبۆتە بەشێك لەو كێشە و ئالۆزیانەی لە ناوچەكە هەن".

زۆرترین بینراو