نەكەوتنی قوتابییانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی و دەرئەنجامەكانی

حەسەن هاشم باڵەكی

دوای ئەوەی چەند ساڵێك بەر لە ئێستا وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا كە لە قۆناغی بنەڕەتی و لە بازنەی یەكەم، سەرجەم قوتابییانی پۆلی یەكەمی سەرەتایی بە دەرچوو هەژمار بكرێن و سەرجەمیان بچن بۆ پۆلی دووەم، ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە لە كاتێكدا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە كە لە لایەن مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و دایك و باوكی قوتابییان دوو دەرئەنجامی لێ كەوتەوە، لایەنێكیان رایان وایە بڕیارێكی زۆر بەسوودە و پێویستە بەردەوام بێت، چونكە دەڵێن هاوشێوەی وڵاتانی تر بۆ نموونە وەك (ژاپۆن) كە تا پۆلی سێیەمی بنەڕەتی قوتابی ناكەوێت، بەڵكو فێری پەروەردە و بەها ڕەوشتیەكان دەكرێت، بۆیە لە هەرێمی كوردستانیش دەڵێن نابێ قوتابی بكەوێت تا ئەوكاتەی ئەو قوتابییانە لەگەڵ بارودۆخ و ژینگەی خوێندن و قوتابخانە بگونجێن، كە ئەمەش رایەكی زۆر باشە گەر پڕۆگرامی ئەو قۆناغە تایبەت بكرێت بە پەروەردە و رەوشت.لە هەمانكاتدا لایەنەكەی تر رایان وایە ئەم بڕیارە زەرەری زۆری لە قوتابی داوە و قوتابی تەمبەڵ و شكستخوار دووی بەرهەم هێناوە، دەپڕسین بۆچی؟ چونكە مامۆستایان و دایك و باوكی قوتابییان و بەشێك لە سەرپەرشتیاران دەڵێن" پۆلی یەكەم بناغە و سەرچاوەی خوێندن و فێربوونی قوتابییە بەتایبەت لە بیركاری و چۆنیەتی فێربوونی ژمارەكان و كۆكردنەوە و كەمكردنەوە و هەروەها بابەتی كوردی كە زۆر گرنگە بۆ قوتابی تا فێری خوێندنەوەی پیتەكان و ناسینەوەی پیتەكان و فێربوونیان دەبێت، چونكە هەر لە پۆلی یەكەم قوتابی فێری ژمارەكانی بیركاری و پیتەكانی كوردی دەكرێت لە قۆناغەكانی تر بابەتی نوێتر دەخوێندرێت وەك وشە و رستە و خشتەی لێكدان و كەمكردنەوە و دابەشكردن، باوكی قوتابییەك هاتە لام و پڕسی مامۆستا من زۆر لە ئێوە بەڕەخنەم، پڕسیم بۆچی؟ وتی چونكە منداڵەكەی منتان دەرچواندووە بۆ پۆلی دووەم كەچی منداڵەكەم هێشتا فێری نەبووە لە پۆلی یەكەم، چونكە وەرگرتن و فێربوونی زۆر خاوە، گووتی من دەمەوێ منداڵەكەم دەرنەچێت تا بەتەواوی فێرببێ ئینجا بچێتە پۆلێكی تر، منیش پێم گووت ئەمە بڕیارە و لە وەزارەتی پەروەردە دەرچووە هیچ یەكێ لە قوتابییەكان نابێت بە دەرنەچوو هەژمار بكرێن كە ناوی تۆمار كرابێت لە سیستەمی پەروەردە. بێگومان ئەمەش زۆر راستە چونكە دەبینین ساڵانە چەندان قوتابی لە پۆلی دووەم كەڵەكە دەبێت كە نازانن پیتەكان بخوێننەوە و ژمارەكان نازانن بۆیە دەرناچن لەو قۆناغەدا، ئەمەش ئەركی مامۆستا گرانتر دەكا كە دەبێ دووبارە لە پۆلی دوو دەست بكاتەوە بە فێركردنی چۆنیەتی نووسینی ژمارەكان و پیتەكان و ناسینەوەیان، كە دەبێتە هۆی دواكەوتنی مامۆستا لە پڕۆگرامی خۆی كە بۆی دانراوە لە پۆلی دووەم و سێیەم، بۆیە هیوامان وایە سەرپەرشتیاران و لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمان یاداشتێك بدەن بە وەزارەتی پەروەردە تا دووبارە بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە و گۆڕانكاری تیا بكات لەپێناو پەروەردەیەكی دروست و فێربوون و پێگەیاندنی نەوەیەكی زیرەك و سەركەوتوو.

زۆرترین بینراو