نەمانی كیانی سیاسی لە نێوان سۆران و لاهوور

ئیسماعیل ئیبراهیم

ئەو شەكرەی كە پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی شكاندی، لای من زۆر ئاسایی و چاوەڕوانكراو بوو، لەبەر ئەوەی قوتابخانەی ئیسلامی سیاسی توندڕەو هەر ئەو قوتابییانەی لێ چاوەڕێ دەكرێت.
مێژوییەكی زۆر كۆن نییە و بە ڤیدۆش هەیە كە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، پەرلەمانی كوردستان بە شوێنی كفر وەسف دەكات، هەروەك چۆن ئەمیر و باقی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادیرانی كۆمەڵی ئیسلامی لەبەردەم سروودی ئەی رەقیب هەڵناستن و رێز لە پیرۆزییەكانی ئەم نیشتمانە ناگرن، بەڵام لەبەردەم سروودی نیشتمانی عێراقی دەست لەسەر سنگ بوون، واتە ئەو مرۆڤەی دەرچووی ئەم قوتابخانە فكرییە بێت كە بە دیدی من تەنها جیاوازی لەگەڵ داعش كاتە، ناكرێت چاوەرێی باشتری لێ بكرێت.
بەڵام پرسیارە جددییەكە ئەوەیە كەسێك بە بەڵگەوە دەستی لە كوشتن و سووكایەتی كردن بە تەرمی كوژراوەكان هەبێت و زەمەنێكی دیاری كراوە لە شاخەكانی كوردستان لەگەڵ رێكخراوە تیرۆرستییەكان بووبێت، چۆن ئاوا بە ئاسانی رێگەی پێ دەدرێت لە كوردستان بە ئازادی بسووڕێتەوە و لە هەمووشی عەنتیكەتر خۆی كاندید بكات و بچێتە پەرلەمان و لەویش ببێتە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ، دواتریش دونیایەك تەشهیر و ناوزڕاندن بە خەڵك بكات، ئێستاش بێشەرمانە‌و بە هەناسەی دووژمنانی كورد و كوردستانییان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو كیانە سیاسییە بكات كە جەنابی ناموبارەكی لە كاتی بوونی بە پەرلەمانتار سوێندی خوارد كە پارێزگاری لێ بكات.
پێموایە دەربڕینی ئەم داوایە لەلایەن ئەو كەسە بچووكە لە ئەنجامی هەڵچوونی دەروونی یا رق و كینەی سیاسی نییە، بەڵكو ئەو داوایە راستەوخۆ پەیوەندی بە داواكەی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەوە هەیە، كە ماوەیەك بەر لە ئێستا هەڕەشەی هەڵپەساردنی تیمەكانی یەكێتی كرد لە حكومەت و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەمانە هەمووی بۆ گوشار درووستكردنە بۆ سەر كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم تا بچێتە ژێر باری مەرجەكانی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەلایەك و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان نەوەی نوێ فەرمانڕەوا لە كوردستان.
بۆیە ئاراستەكە بەو شێوەیە دەبێت، یا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بە داواكارییەكانی یەكێتی چ لە پرۆسەی چاكسازی و رێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا و دابەشكردنی داهاتی كوردستان لەگەڵ هاوسەرۆكەكانی یەكێتی مامەلە دەكات و دەچێتە ژێر باری بەش بەشێنە لە داهات و پۆستەكاندا، یا ئەوەتا كاری جددی بۆ نەهێشتنی كابینەی ئەم حكومەتە دەكەین و هەموو رۆژ وەك چیسكی عەیاس گورگتان نیشان دەدەن.
بۆیەش سۆران عومەر ئەم كارتەی فرێدا تا بە پارتی دیموكراتی كوردستان و تیمەكەی لە حكومەت بڵێن، ئەگەر بە پێشنیارەكانی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی رازی نەبن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوە مەترسی نەمانی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان هەیە، لەبەر ئەوەی شتێك بە ناوی دوو ئیدارەیی مومكین نییە، هەروەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی گووتی :" هەرێمی كوردستان یا بە یەك ئیدارەیی دەمێنێتەوە یا نامێنێت". توركیا و ئێران دەوریان داوین، عێراق هەمووجۆرە ئابڵۆقەیەكی ئابووری لەسەرمان جێبەجێ دەكات، جەنگی دەروون لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردستان دەكرێت، خەڵكیش بڕە بڕە تواناتی بەرگە گرتنی نامێنێت.
لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەم دۆخەی لە كوردستان هاتۆتە ئاراوە دەشێ بە دانیشتنێك كۆتایی پێ بێت و لاپەڕەیەك لە دۆخێكی نوێ هەڵدرێتەوە، رەنگە دید و شڕۆڤەی جیاواز و خوێندنەوەی دیكەش هەبن بۆ ئەم بابەتە، بەڵام ژیرایەتی و بەرپرسیارییەتی و رزگار كردنی نەتەوەیەك ئەوەیە قوربانی بدەیت تا ئەو دەستكەوتەی بەرهەمی هەزاران قوربانی گیانی و مەعنەوییە رزگار بكەیت، سەركردە دەبێ وابێت و دوور كەوێتەوە لە سۆز و راستییەكان وەك خۆی ببینێت.

زۆرترین بینراو