نەوجەوانانی ئەمڕۆ پێمان دەڵێن گەنجانی داهاتووی وڵات

نەوجەوانانی ئەمڕۆ پێمان دەڵێن گەنجانی داهاتووی وڵات

ئامادەكردنی : مەهدی محەممەد - زاری كرمانجی : بە پێی چەند توێژینەوەیەك كە بەسەرپەرشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە 146 وڵات ئەنجامدراوە، دەركەوتووە 80 % نەوجەوانانی تەمەن 11 بۆ 17 ساڵ، دوورن لە ئەنجامدانی چالاكی وەزرشی و مەشق پێكردنی جەستە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشی هەرە زۆری نەوجەوانان گیرۆدەی یارییە ئەلیكترۆنییەكان و موبایل و ئەنتەرنێت بوونە، بۆیە كۆمەڵناسان ئاگاهی دەدەن لەوەی گەنجانێكی تەمبەڵ و گۆشەگیر و ناتەندروست بەڕێوەن و سوودییان بۆ هیچ شتێك نابێ، جگە لە زیانگەیاندن بە خۆیان و وڵاتەكانیان.
شارەزاییەكی نەخۆشییە نەگوازراوەكان لە رێكخراوی ناوبراو هۆكاری سستی و تەمبەڵی نەوجوانان لە وەرزش نەكردن، دەگەڕێنێتەوە بۆ فراوانبوونی تەكنەلۆجیای دیجتاڵ، كە گەنجان و لاوانی پەیوەست كردووە بە مۆبایل و كۆمپیۆتەر و دایبڕیوون لە كۆمەڵ و گۆشەگیری نێو ژوورە تاریكەكان و بێ هەست و بێ جوولەیی كردوون.
نەوجوانان و گەنجانی كوردستان یش بەدەر نین لە گیرۆدەبوون بە دەست موبایل و ئەنتەرنێت و یارییە ئەلیكترۆنییەكان.
رەهێل جەمال تەمەن 15 ساڵ دەڵێ"بیرم ناهێت وەرزشم كردبێ، تەنها ئەو كاتانە نەبێ كە لەبەردەم ماڵەكەمان لەگەڵ برادەرانم خەریكی یاری تۆپی پێ ی دەبین و دواتر لە ژێر سێبەری یەكێك لە دیوارەكانی گەڕەك دادەنیشین و خەریكی یاری پۆبجی دەبین"،
رەهێل هەروەكو خۆی باسی دەكات حەزی لە مەلەوانییە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە شارەكەی ئەودا هیچ مەلوانگەیەك نییە رووی تێ بكات، ناچار لە ماڵەوە لە حەوزێكی بچووكی لاستیكی مەلەوانی بكات و بە پێكەنینەوە دەڵێ‌"ئەوەش هیچ خۆشیم پێ نابەخشێ و ناكرێ ناوی بنێن وەرزش"،
كێشی رەهێل 57 كیلۆیە و ترسی لەوە هەیە لەداهاتوودا كێشی بەرز بێتەوە و تاقەتی هیچ شتی نەمێنێ"ئێستا 57 كیلۆم و پێ ئیزعاج بوومە، دەترسم لە دوو ساڵی تر كێشم بەرز بێتەوە، ئەو كات ببمە قەشمەرجاری برادەرانم".
سەربەست سلێمان ی هاوڕێ رەهێل، ئەو تەمەنی 16 ساڵە و بە پێچەوانەی برادەرەكەی رۆژانە دوو بۆ سێ‌ كاتژمێر خەریكی وەرزشكردنە، دەڵێ‌"یاریزانی یاری تایكۆاندۆم و رۆژانە زیاتر لە دوو كاتژمێر مەشق دەكەم، وامكردووە جەستەیەكی تەندروست و باشم هەبێ و هیچ كێشەیەكی جەستەیی و كێشم نەبێ"، ئەوەش دەڵێ‌"پێش ئەوەی ببمە یاریزانی تایكواندۆ رۆژانە زیاتر لە 10 كاتژمێر لە رێگەی مۆبایلەوە خەریكی یاریكردن بووم، هەستم دەكرد رۆژ بە رۆژ قەڵەو دەبم و چاوەكانم ئازاریان هەبوو و تێكەڵاوی ماڵەوە نەدەبووم و زوو زوو توڕە دەبووم، ئیدی باوكم وتی چیتر پێویست ناكات تۆ موبایلت لا بێ ، لەو رۆژەوە باوكم موبایلی لێوەرگرتمەوە چوومە هۆڵی تایكواندۆ ناوی خۆم نووسی، ئێستا هەست دەكەم زۆر باشترم لە جاران و توڕە بوون و قەڵەویشم نەماوە".
ژەنیار عەبدولرەحمان 16 ساڵ دەڵێ"وەزنم زیادی كرووە، دكتۆر وتی وا باشە دوور بكەویەوە لە موبایل و دانیشتنی زۆر و وەزرش بكەیت، ئێستا دوای نیوەرۆ پاسكیل لێ دەخوڕم و ئێوارانیش تۆپانی دەكەم"، ژەنیار حەز بە قەڵەوی ناكات و دەڵێ‌"هەموو كارێك دەكەم تاكو لەوە زیاتر قەڵەو نەبم"، بە پێكەنینەوە دەڵێ‌"هەست دەكەم وەكو جاران جوان نەماوم و تاقەتی هیچ شتێكیش نەماوە، بەڵام لەوەتەی وەرزش دەكەم زۆر باشم و زۆریش دڵخۆشم".

زۆرترین بینراو