هاووڵاتیانی سەنتەری سۆران داوای نەوت دەكەن

هاووڵاتیانی سەنتەری سۆران داوای نەوت دەكەن

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: وەرزی سەرماو سۆلە دەستی پێكردووە هاووڵاتیانیش لە چاوەڕوانی وەرگرتنی بەشە نەوتی ئەمساڵ دان، ئەگەرچی حكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو كە دەست دەكەن بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان و یەكەم جاریش لە ناوچە شاخاویەكان دەست پێدەكات و تاكوو ئێستا لەناو سەنتەری سۆران و رواندز دەست نەكراوە بە دابەشكردنی نەوتی سپی، هاونیشتیمانیان داوا دەكەن بەپەلە بكرێت لە دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شاری سۆران و دەوروبەری ئەوەش دەخەنە ڕوو نرخی نەوت گران كراوە زاری كرمانجی بەدواداچونی لەسەر ئەم پرسەكردووە.
ئەشقی عەلی، هاونیشتیمانیێكی سۆرانە دەڵێت" جێگەی نیگەرانیە لە ووڵاتێكی پڕ لەنەوت دەژین كەچی لە تیڤییەكان موژدەی دابەشكردنی نەوت و موچەمان پێ دەدرێت، بەر لە دروستبوونی قەیرانی دارایی سستی لە دابەشكردنی نەوت هەبوو من دەپرسم ئێستا ئەو قەیرانە نەماوە بۆچی وا لەو خەڵكە خێر لەخۆ نەدیوە دەكەن، بەرپرسانی حكومەت ئەوەیان گووت دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەن، ئەوە زستان هات و نەوت نەهاتوە راستە لە هەندێ ناوچەی شاخاویی دابەشكراوە، بەڵام خۆ ناو شارەكانیش ساردن و خەڵكی فەقیر ناتوانێت بە نرخی گران ئەو نەوتە بكڕێت.
ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی گووت" حكومەت نەتوانێت نەوت دابەش بكات و وەك ساڵەكانی رابردوو بێت كەواتە بۆ وەرزی هاوین دەچین ئەوكات نەوت وەردەگرین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بێ پلانی حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لێرەوە ڕووی دەمم دەكەمە بەرپرسان بەسیەتی ناهەقی ئەو خەڵكە تاقەتی هیچی نەماوە ئەوان لە كۆشكە گەروەكان دەژین و خەڵكیش دەبێت بە دەبە نەوت بكڕێت.
سەروەت ئەحمەد، گووتی" دابەش نەكردنی نەوت وایكردوە دار بڕین لای ئێمەی هاووڵاتی دەست پێ بكات، لەبەر ئەوەی كە نەوت نەهێت و موچەش وەك خۆیەتی و ئەمساڵیش سێ موچەمان دەبێتە پاشەكەوت بۆیە خەڵكیش هەقی خۆیەتی دار ببڕێت، ناكرێت نەوت بەبەر چاوی تۆ بە تانكەر هەناردەی دەرەوە بكرێت و تۆش نەوتت نەبێت لە سۆپا بكەی ئەگەرهاتوو بەو جۆرە بڕوات هاووڵاتیان زیاتر دارو درەخت دەبڕن و ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر شێواندنی ژینگە، هەق وایە حكومەت بەر لەهاتنی زستان نەوت دابەش بكات.
سروە ئیسماعیل دەڵێت" ئێستاش نازانم لە هەرێمێك دەژین هەركەسەو بە ئارەزوی خۆی نرخ لەسەر هەمووشتێك دادەنێت و نەوتی سپی لە پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی تر جیاییە لە بادینان نرخی 43 هەزارە لە هەولێر 53 هەزار و ئێستا كرایتە 48 هەزار، بەڵام هەندێ بریكاری خۆراك لە سنووری سۆران 50 هەزار وەردەگرن ئایە ئەوە جیاوازی نییەو ئەوە دەرخەری ئەوەشە كە حكومەتی باشور سێ حكومەتە نەوەك یەك حكومەت.
غازی سلێمان، كاری فرۆشتنی نەوت دەكات و گووتی" ئێستا نرخی نەوت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرز دەبێتەوە هۆكارەكەشی هاتنی وەرزی زستانەو خواستی هاووڵاتیان لەسەری زیاد دەبێت، من پێش نیار دەكەم بۆ لایەنی پەیوەندی دار ئەتوانن وەك ئێستا بەنزین لە رێگەی ئازاد دەفرۆشرێت نەوتی سپیش وای لێ بكرێت و بە نرخێكی گونجاو بفرۆشرێت، پێم وایە زۆر باشترە لەوەی خەڵك بە درێژایی ساڵ چاوەڕوانی بەرمیلێك نەوت بكات."
غازی نەیشاردەوە و گووتیشی" هەندێ خانەوادە دێن بۆ كڕینی نەوت دەبەی بچوكیان پێیە ئەوەش دەگەڕێتەوە كە خەڵك پارەی نیەو توانای ئەوەی نییە بەرمیلی نەوت بە سەد و سی هەزار بكڕێت مرۆڤ بە بینی ئەو جۆرە دیمەنانە هەندێ جار جەرگی ژان دەكات.
هەژار ماهیر بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە دەڵێت" ژینگەی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە هۆكارەكەشی دەگەڕێنینەوە بۆ دواكەتنی نەوت، وەك ژینگە پارێزێك چەند ساڵە هاوار دەكەین و كەمپین رێك دەخەین لە پێناو پاراستنی ژینگە، بەڵام جێگەی نیگەرانیە حكومەت لە ئاست دابەشكردنی نەوت خەمساردبووە و ئەوەش وایكردووە كە خەڵك لەبەر نەبوونی نەوت پەنا بۆ بڕینی داری تەڕببات و لەكۆتایدا ژینگە وێران دەبێت، بۆیە هەق وایە حكومەت بەر لەهاتنی وەرزی سەرماو سۆلە دەست بكات بە دابەشكردنی نەوت، بە پێدانی بەمیلێك وادەكات كەمتر هاووڵاتی پەنا بۆدار بڕین ببات.
حسێن محەمەد، بەڕێوبەری كۆمپانیایی خۆراكی سۆران بەزاری كرمانجی راگەیاند" ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت بەخێرای بەڕێوەدەچێت و تاكوو ئێستا قەزاكانی چۆمان و مێرگەسۆر بەهەموو گوندو ناحیەكانیانەوە نەوتیان بەسەر دابەشكراوە و لەو هەفەتیەش لە سنووری رواندز خەریكی دابەشكردنی نەوت دەبین."
بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكی سۆران ئەوەشی گووت" رۆژانە 2 هەزار بەرمیل نەوت دابەش دەكرێت و ئەگەر گرفت نێتە بەردەمان بێ گومان سەنتەری شاری سۆرانیش بە خێرایی نەوتی لێ دابەش دەكرێت كە خۆی لە پێنج سەد بریكاری خۆراك دەبینێتەوە."
حسێن محەمەد، راشیگەیاند" بۆ دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوت بڕی 48 هەزار دینار وەردەگیرێت و هەر بریكارێكی خۆراك پارەی زیاتر لە هاووڵاتیان وەربگرێت بە تووندترین شێوە سزای دەدەین، لەبەر ئەوەی بریكارەكان بڕی 1500 دیناریان بەردەكەوێت لەوە 48 هەزارە، بۆیە داوا دەكەین هەركەسێك پارەی زیادەی لێوەرگیراوە ئاگادارمان بكەنەوە، تكاش دەكەم ئەوكەسانەی نەوتیان پێ دەدرێت بۆخۆیان ئەو بڕە نەوتە لە بەرمیل بكەن چونكە لە تانكی كردنی نەوت لەوانەیە وەك بەرمیل نەبێت و بڕەكەی كەمتر بێت.

زۆرترین بینراو