هاووڵاتیان بەئۆمێدەوە لە چاوەڕوانی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسایی چاكسازیدان

هاووڵاتیان بەئۆمێدەوە لە چاوەڕوانی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسایی چاكسازیدان

زاری كرمانجی: لەلایەن حكوومەتی هەرێم، پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەندكراو رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا، هاووڵاتیانی كوردستانیش خوزیارن لە پەرلەمانیش پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی چیتر كەسانێك بە نایاسایی نەبنە بار بەسەر حكوومەت و هاووڵاتیان و خەڵكی شایستەش مافەكانیان پارێزراو دەبێت.
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان كرا، كە بەشێكە لە بەرنامەی گشتگیریی چاكسازیی لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا " چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە و لە هەنگاوەكانی داهاتوودا گشت كەرتەكان دەگرێتەوەو لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان. ئەمەش پڕۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەكانی حكوومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵكی شایستە، مافەكانیان پارێزراو دەبێت.
هاوكات دوای گفتوگۆكردنێكی چڕ و بەرفراون لە سەر یەك بە یەكی بڕگەكانی پڕۆژە یاساكە و دوای جێگیركردنی چەندین گۆڕانكاریی، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پڕۆژە یاساكەی پەسەند كرد و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد.
ئەمجەد هاشم، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی دەڤەری سۆران بەزاری كرمانجی راگەیاند " هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە ئارەزووی ئەوە دەكات كە بڕیارێك دەربكرێت، كە لە بەرژەوەندی چینی هەژار و كەمدەرامەتبێ، بێگومان بڕینی مووچەو دەرماڵەی ئەو كەسانەش كە بە شێوەی نایاسایی تائێستا بوونەتە بار بەسەر حكوومەت و هاووڵاتیان پێویستییەكی هەرە گرینگ و جێگەی دەستخۆشی كردنە، لەگەڵ ئەوەشدا بە كەمكردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران و پلە باڵاكان داهاتێكی زۆر بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، بە تایبەتیش لەم بارۆودۆخەی ئێستادا".
ئەوەش دەخاتەروو " خەڵكی شەقام ترسی لەوەیە لەم نێوانەدا كەسانی شایستەو فەرمانبەران و چینی خوارەوەش بەر پرۆسەكە بكەون و مووچەو مافەكانیان كەمبكرێتەوە و ببڕدرێت، هیوادارین وانەبێت بەڵكو تەنها كەسانی ناشایستە بگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چونكە پڕۆژەكە كاریگەری دەبێت لەسەر مووچەو ئیمتیازاتەكانی پەرلەمانتاران، بۆیە گومان دەكرێت پڕۆژەی چاكسازی دەنگی پێویست بەدەست نەهێنێت و جارێكی دیكە بگەڕێندرێتەوە بۆ حكوومەت.
لەلای خۆیانەوە سەعید مستەفا هەركی،‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دەسپاكی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان، بەزاری كرمانجی راگەیاند " حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی بە كۆی دەنگ پرۆژەی چاكسازی پەسەند كرد، پێنج شەممەی رابردوو رەوانەی پەرلەمان كرا و ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان بكرێت، پرۆژە یاسای چاكسازی لەسەر بنەمای پرۆژەی 2017 و 2018ی خولی پێشووە، زیاتر لەسەر ئەو بنەمایە لە ئەنجوومەنی وەزیران خوێندنەوەی بۆ كراوە، ئەو پرۆژەیە گرنگیەكی زۆری هەیە هەم لەرووی ئابوورییەوە، هەم لە بابەتی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، هەم لە رووی ئیستقراری سیاسییەوە، ئەگەر بێت و پرۆژەكە پەسەند بكرێت و خاڵەكانی ناو پرۆژەكە جێبەجێ بكرێن، حكوومەت و پەرلەمان متمانەی خەڵك بەدەست دەهێنن".
گووتیشی " وەكو فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكانی دیكە هەوڵدەدەین پڕۆژەكە لەماوەیەكی نزیكدا پەسەند بكرێت، چونكە هیچ پرۆژەیەك لە پرۆژەی چاكسازی گرنگتر نییە، بۆیە ئەركە هەوڵی تەواوی بۆ بدرێت بۆ پەسەندكردنی.

 

زۆرترین بینراو