هاووڵاتییانی سیدەكان داوای كردنەوەی دەروازەی سنووری لە نێوان هەرێم و توركیا و ئێران دەكەن

هاووڵاتییانی سیدەكان داوای كردنەوەی دەروازەی سنووری لە نێوان هەرێم و توركیا و ئێران دەكەن

موڕشید برادۆستی – سیدەكان: لە دەڤەری برادۆست لە سنووری كارگێڕی ناحیەی سیدەكان كە ناوچەیەكە هاووسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران، خەلكی دەڤەرەكە لە زستانان ئیش و كارێك نییە ئەنجامی بدەن و گەنجان و هاووڵاتییانی دەڤەرەكە بەهۆی بێكاری بێزاری خۆیان دەردەبڕن و بۆ دروست بوونی هەلی كار دەخوازن مەرزی نێودەوڵەتی لەگەڵ ولاتانی دراوسێ بكرێتەوە .
حكوومەتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لە كۆتای ساڵی 2016 رێكەوتوون لەسەر كردنەوەی دەروازەیەكی تری نێودەوڵەتی لە سنووری ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك لە هەردوولا پێكهات، تا ئێستاش كات و ساتی كردنەوەی دەروازەكە دیار نییە .
بە گووتەی شارەزیانی بوواری ئابووری، هەبوونی دەروازەی فەرمی نێوان دوو دەوڵەت بەكۆڵەكەیەكی ئابووری زۆر بەهێز دادەندرێت و بە یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی داهات ئەژمار دەكرێت و سوودی ئابووری زۆری بۆ هەردوو وڵات هەیە، بۆ كردنەوەی دەروازەی كیلەشین لە سنووری سیدەكان لە نێوان باشوور و رۆژهەڵات كوردستان خەلكی هەردوولا سوودمەند دەبن هەزاران هەلی كاری نوێ دروست دەبێت، پێویستە حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆ كردنەوەی ئەو دەروازەیە كە دواجار بڕێكی بەرچاوی داهات لە گومرگكردنی شتوومەكەكان دەست حكومەت دەكەوێت.
عیسا لاوە هاووڵاتییەكی دانیشتووی ناحیەی سیدەكانە بە زاری كرمانجی گووت" لەدەڤەری سیدەكان هاووڵاتییان زیاتر گرنگی بە كەرتی كشتووكاڵی دەدەن و تەنها وەرزی هاوینان لە رێگەی كاسبەتی چاندن و سەوزە و میوە خەلك داهات پەیدا دەكەن، لە زستانان خەلكی ئەو دەڤەرە بێ ئیش و كارە و گوندەكانیش بەهۆی بێ پلانی حكومەت خەریكە چۆڵ دەبن مەڕداری و ئاژەڵداری لە گوندەكان زۆر كەم بۆتەوە و خەلك ڕووی لە شار و شارۆچكەكان كردووە .
زیاتر گووتی" بەهۆی هاوسنووری سیدەكان لەگەڵ ئێران و توركیا بووەتە دەروازەیەكی نافەرمی بۆ گواستنەوەی شتومەك و كاڵا و پێداویستیەكان و هەناردە و هاوردەكردنی، لە ئێستا رۆژانە شوفێران لە رێگەی قاچاغ مەشڕوب بۆ سەرسنووری ئێران دەگوازنەوە و بەنرخێكی باش بەو وڵاتە دەیفرۆشنەوە، بەڵام بەهۆی نەریتی دینی و عەشائیری خەلكی سیدەكان كەم بەشداری لەبەقاچاغ بردنی مەشڕووب دەكەن و زیاتر خەلكی سۆران و مەسیحیەكانی دیانا ئەو كارە دەكەن كە سوودێكی باشی ئابووریان پێدەگات، داواكاریش بوو لە حكومەت هەموو هەوڵێك بدات بۆ كردنەوەی دەرزاوی فەرمی لەگەڵ ئێران یا توركیا چونكە خەلكێكی زۆری سنووری سیدەكان هەلی كاریان بۆ دەڕەخسێت .
لەوبارەیەوە، شیلان بیبانی شارەزای ئابووری لە كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" كردنەوەی دەروازەی سنووی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بێگوومان سوودی ئابووری بە كوردستان دەگەێنێت، هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان كەوتۆتە نێوان چەند وڵاتێكەوە و هاووسنوورە لەگەڵ توركیا و ئێران ئەمەش بووەتە خالێكی گەێنەر بۆ هاوردەكردنی شتوومەك بۆ عێراق و هەرێمیش لە رێگەی وشكانی و بەتایبەت دەروازە سنووریەكانەوە .
بیبانی ئاشكرای دەكات" لە هەرێمی كوردستان زیاتر هاوردەی شتوومەك و پێداویستی دەكرێت بە بەراورد لەگەڵ هەناردە، ئەگەر خاڵە سنووریەكان زیاتر بكرێن ئەوا دەبێتە كار ئاسانیەكی باش بۆ بازرگانەكانەكان، لە هەمان كات بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و هاووڵاتییان و هەلێكیشە بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات . لە هەمانكات، هەوبونی دەروازە چەند
سوودی هەیە لەوانە خاڵی گومرگی، دەبێتە داهاتێك بۆ ئەو ناوچەیە ئێمە لە كوردستانیش پێویستیمان بە جێگرەوەی نەوت هەیە، خالی گومرگی لە دنیا بە داهاتێكی پڕ لە قازانج و سوود دادەندرێت و گرنگی زۆری پێدەدرێت.
لە شارەدێی سیدەكان 144 كم لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ساڵانی رابردوو بازاڕی هەناردە كردنی شتوومەك داندرابوو و رۆژانە سەدان شوفێر كەل و پەل و ئەو بابەتانە كە لە سنووری توركیا داوا دەكرێت بۆ سەر سنووری ئەو وڵاتە دەگوازرایەوە، ئەمە لە كاتێكدابوو كە هیچ دەروازەیەكی نێو دەوڵەتی فەرمی لە نێوان توركیا و كوردستان لە سنووری سیدەكان بوونی نەبوو.
ماوەی دووساڵە، ئەو بابەت و پێداویستی و خواردنانەی لەسنووری توركیا خواستی زۆری لەسەرە، لە كوردستانەوە بە خەتی سیدەكان بە رێگەی قاچاغ هەناردە دەكرا، شتوومەكەكانیش پێك هاتبوون لە "پاكەتی جگارە، نێرگلە، قوماش، باویە " و چەند بابەتێكی دیكە، شایەنی باسە، 40 بازرگان كاریان بۆ هێنان و هەناردەكرنی شتوومەكەكان لە كوردستانەوە بۆ توركیا دەكرد و نزیكەی هەزار كەس لە هەناردەكردنی ئەو بابەتانە لەسنووری سیدەكان و سۆران بە شێوەیەكی گشتی سوود مەند بوون و هەلی كاریان بۆ رەخسابوو، ئێستە بازاڕەكە بەهۆی هاتنی سوپای توركیا و ئۆپەڕاسۆنی سەربازی توركیا لەگەڵ پەكەكە لەنزیك گوندی بەمیزەی سنووری سیدەكان ، هەرنادەكردنی شتوومەك راگیراوە و خەلكەكە بە یەكجاری بێ كار بووە.
نوژدار ئەسعەد یەكێك لە بازرگانەكان خاوەنی كاڵا و شتوومەك بووە ئەو لە هاوینی رابردوو رۆژانە هەزاران تۆن و كارتۆن شتومەكی لەسیدەكانەوە رەوانەی توركیای دەكرد، ئەو بە بەزاری كرمانجی گووت" نزیكەی 70 %ی خەلكی سیدەكان و رێژەیەكی زۆر لە خەلكی سۆران و شوێنەكانی دیكە سوود دەبوون لەو شتوومەك و ئەو بازاڕەیە كە بۆ توركیا هەناردەدەكرا و مانگانە هەر شوفێرێكی گواستنەوە 2000 دۆلاریان هەبوو، شتوومەكەكانیش لە سنووری زاخۆ، دهۆك، هەولێر، سلێمانیەوە رەوانەی سۆران دەكران، دووای گومرگ وەرگرتن لە سۆران رەوانەی سیدەكان دەكرا و ئێمەش بۆ توركیا رەوانەمان دەكرد.
ئەو بازرگانە زیاتر دەڵێت" بە شێوەیەكی گشتی زیاتر لە هەزار كەس لەو بازاڕە و ناردنی شتوومەك بۆ توركیا لە سنووری سیدەكان سوود مەند دەبیدەبوو، هیچ شتێكیش بە نایاسایی هەناردە نەدەكرا، شوفێران لە سیدەكانەوە باری پاكەت و باویە و قوماش باریان دەكرد لە رێگەی خواكوڕكی سەر بە ناحیەی سیدەكان دەگوازنەوە و لەوێش بازرگانەكانی توركیا بارەكان وەردەگرن و بە ئەسپ و دەوارەكانیان بە شێوەی كۆڵبەری دەگوازنەوە بۆ " گەوەڕو شەمزینان " دواتریش بۆ " ئەستەمبۆڵ " و بە شارەكانی دیكەی توركیا بلاو دەكرایەوە، بەڵام بەهۆی رێگری كردنی سوپای توركیا و دروست كردنی ئاستەنگ و قەدەغە كردنی هاتووچۆ و هەناردەكردنی ئەو كاڵا و شتومەكانە راگیراوە .
بە گووتەی ئەو بازرگانە ئەگەر حكومەت بیەوێت ئابووریەكی باشی هەبێت، پێویستە لەگەڵ توركیا و ئێران لە سنووری سیدەكان دەروازەیەكی فەرمی بكاتەوە چونكە زۆر نزیكە و خەلكیش سوودی زۆر دەبینێت ".
لەلای خۆششیەوە، ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند" شوێنی جوگرافیای دەڤەری سیدەكان بە شێوەیەك بووە كە بە پێویستمان زانیوە هەوڵ بدرێت كە دەروازەیەكی نێودەوڵە‌تی لە سنوورەكە لە گەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بكرێتەوە، هەڵكەوتەی شارەدێی سیدەكان كەوتووەتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان هەرێمی كوردستان، ئێران و توركیا، هەر بۆیە بەڕێوەبەری شارەدێ دەڵێ: دەتوانین وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوود لەو هەڵكەوتەیە بكەین بە كردنەوەی دەروازەی نێودەوڵە‌تی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كە بێگومان دەبێتە هۆكاری دروستبوونی بازاڕێكی هاوبەشی گرنگ.
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دەڵێت" لەلایەن خۆمانەوە وەك هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ كردنەوەی دەروازەیەك لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، لە ساڵی 2016 سەركونسووڵی ئێران سەردانی سیدەكانی كرد بەمەبەستی كردنەوەی دەروازەی كێڵە شین تاكو ئیستاش هیج هەنگاوێكی كردارەكی لەم شوینە نەنراوە بۆ كردنەوەی دەروازەكە، باسی كردنەوەی كراوە لە نیوان حكومەتی هەرێم و ئێران بەڵام تاكو ئیستە زیاتر لایەنی هونەری باسی لیوەكراوە كە بێگومان كردنەوەی دەروازەی فەرمی بەسەدان كەس دەكەوێتە سەر كار و بژێوی ژیانیان بۆ دابین دەبێت، چونكە دواجار لە زۆربەی شوێنەكان زیاتری سودمەندی مەرزەكان خەلكی شوێنەكەن ".ئاماژەشی بەوەدا، هیج دەروازەیەك فەرمی و نەنافەرمی لە سیدەكان بوونی نییە، ناوبراو نای شارێتەوە كەكاڵا و شتوومەك لە سیدەكانەوە بە قاچاغ هەناردەی توركیا و ئێران كراوە !.
لە بارەی پلانی گەشتیاری و رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان و گەنجانی دەڤەرەكە، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئاشكرای دەكات، قەیرانی دارایی و بونی پەكەكە لە دەڤەرەكە لە ئیستەدا هۆكارو رێگریەكی تری شارەدێی سیدەكانن كە ناوچەكانی وەك گەشتیاری بەدەربكەوێت و بناسرێت و پلانی گەشتیاریش بەشێكی پەیوەندی بە رێگەو بانەوە هەیە، چونكە سیدەكان ناوچەیەكی شاخاویە سەختی رێگەوبان وای كردوە شوێنە گەشتیاریەكان لەلایەن گەشتیارانەوە ئاشنا نەبن .
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی سیدەكان، نزیكەی 100 دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان و بەشێكی زۆری خەلكی دەڤەرەكە بێ ئیش و كارن، رێژەیەكی زۆری فەرمانبەر و پێشمەرگە و لە سلكی سەربازین، واتە لە دامەزراندنیش بەشێكی باشی بەركەوتوە .
لەلای خۆشیەوە كرمانج عزەت قایمقامی قەزای سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند: لەگەڵ حكوومەتی ئێران ماوەی سێ ساڵ بە ڕژدی كارمان كردوە بۆ كردنەوەی دەروازیەكی نێودەوڵەتیی فەرمی لە سنووی شنۆ - سیدەكان لە شارۆكەی سۆران . دەشڵێ " كۆماری ئیسلامیی ئێران كردنەوەی ئەو دەروازەیەی خستبووە پلانی بوودجەی ساڵی 2017ی وڵاتەكەی، ئێمەش وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ڕیگەیەكمان خستووەتە بەر و ئامادەكاری خۆمان پێشكەش كردووە، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لە 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 ئێران دەروازە فەرمیەكانیشی لەگەڵ هەرێم داخست، هیواشی خواست لەو ساڵەدا دەروازەی كیلەشین – شنۆ لە سەرسنووری سیدەكان سەر بە سۆران بكرێتەوە .
سیدەكان، ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ و لە روو جوگرافییەوە گەورەترین شارەدێیە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق و بە دەڤەری برادۆست دەناسرێ، ئەو شارەدێیە لە 250 گوند پێكهاتووە، دەكەوێتە سێگۆشەی سەرسنووری هەرێمی كوردستان، ئێران و توركیا، هەروەها شارەدێی سیدەكان سەر بە شاری سۆرانە و بە دووری 144كم لە ئەوپەڕی باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێرە هەڵكەوتووە و كەوتووەتە رۆژئاوای شاری شنۆ بە دووری 40 كم زیاتر لە 15 هەزار كەس لەو شارەدێیە نیشتەجێ یە.
لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران هەریەك لە مەرزە نێودەوڵەتییەكانی پەروێزخان و باشماخ و سەیرانبەن و حاجی ئۆمەران و شووشمێ بوونی هەیە و چەندان دەروازەی نیمچەڕەسمیش بوونیان هەیە.

 

 

 

زۆرترین بینراو