هاووڵاتییان بۆ سەربڕینی ئاژەڵەكانیان دەتوانن سەردانی كۆشتارگەی سۆران بكەن

هاووڵاتییان بۆ سەربڕینی ئاژەڵەكانیان دەتوانن سەردانی كۆشتارگەی سۆران بكەن

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ

لە ئێستادا كۆشتارگەی سۆران مەرجی تەندروستی تێدایە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بكەن، چاوەرێش دەكرێت لە ماوەیكی نزیكدا كۆشتارگەیەك بۆ سۆران دروست بكرێت.

بەهۆی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان خواستێكی زۆر لەسەر سەربڕینی ئاژەڵەكان هەیە، ئەمەش وادەكات ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی سەردانی كۆشتارگەی سۆران بكەن.

ئارم محەمەد، نوێنەری ڤەیتەنەری لە لیژنەی چاودێری  قایمقامیەتی سۆران بە ماڵپەری زاری كرمانجی راگەیاند:" بەر لە سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەی دەهێنرێنە كۆشتارگە پشكنینی تەندروستییان بۆ دەكرێت، ئەگەر هیچ نەخۆشیەكی نەبوو ئەوا ئامادەدەكرێت بۆ سەربڕین، هەروەها دوای سەربڕینیش پشكنین بۆ گۆشتەكە دەكرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی تەندروستی گوشتەكە، ئەگەر ئاژەڵەكە یان گۆشتەكە لە پشكنینەكە دەرنەچوو ئەوا دەبێت لەناوببردرێت.

نوێنەری ڤەیتەنەری سۆران راشیگەیاند:" ئەو كۆشتارگەیە لە ساڵی 1998ەوە دروستكراوە، بۆ ئێستای سۆران هەم بچوكە و هەم كۆن بووە، ئەو بیناییە لە ئێستادا گونجاو نییە بۆ كۆشتارگە، ئەمە جگە لەوەی دەبێت كۆشتارگایەكە بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ڤەیتەنەری بێت نەك شارەوانی، ئەگەر بێت و كۆشتارگایەكە سەر بە ڤەیتەنەرییەوە بێت ئەوا دەسەڵاتمان زیاتر بەسەرەوە دەبێت و دەتوانین زیاتر چاودێری كۆشتارگایەكە بكەین.

لەلایەكی دیكەوە رێبوار محیەدین، سەرۆكی لیژنەی قایمقامەتی سۆران بە ماڵپەری زاری كرمانجی گوت:" چاودێریەكی توندمان لەسەر كۆشتارگا هەیە و هەر ئاژەڵێك یان هەر بڕە گۆشتێك لە پشكنینەكە دەرنەچوو ئەوا ئێمە لەناوی دەبەین، ئەمە جگە لەوەی هەر گۆشت فرۆشێك لە دەرەوەی كۆشتارگا ئاژەڵەكان سەربڕێت ئەوا رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە، هاووڵاتیانیش دەتوانن بۆ سەربڕینی ئاژەڵەكانیان سوود لە كۆشتارگایەكە وەربگرن، چاوڕێش دەكرێت كۆشتارگایەكی نوێ لە سۆران دروستبكرێت.

زۆرترین بینراو