هاووڵاتییان بە ئومێدەوە دەڕوانە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی

هاووڵاتییان بە ئومێدەوە دەڕوانە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی

راپۆرت-محەمەد هەسنانی: هاووڵاتییان و سیاسەتەمداران لە راپۆڕتێكی زاری كرمانجیدا رایی خۆیان دەردەبڕن لەبارەی رۆلی سەرۆكایەتی هەرێم و رێزدار نێچیروان بارزانی، لەم كابینەیەدا بەتایبەتیش لە رووی دیبلۆماسی و پەیوەندییەكان لەگەڵ ناوخۆیی و دەرەكی و چارەسەر كردنی كێشەكانی ناوخۆیی و ئیقلیمی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
پەرویز رەحیم قادر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەلاحەدین، بە زاری كرمانجی راگەیاند " ئەگەر باس لەسەرۆكایەتی هەرێم بكەین لە راستیدا پرسەكە گشبینی و رەشبینی نییە، بەڵكوو خوێندنەوەیە بۆ توانا و جوولە ناوخۆیی و هەرێمییەكان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە هاوكێشە جیۆسیاسییەكان و هاوسەنگی هێزی نێوان ئەكتەرە هەرێمی و سەروو هەرێمییەكان لە ناوچەكەدا. بەم پێیە و بە خوێندنەوەی واقعی هێز، ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت هەم كێشە ناوخۆییەكانی لە هەموو بوار و رەهەندەكانەوە چارەسەر یاخود لانیكەم ئیدارە بكات، ئەو كاتە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دەتوانێت لەگەڵ ناوەند یاخود عێراق لە پێگەیەكی بەهێزەوە بچێتە دانووستاندنەوە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی بدات. هەرچەندە بە خوێندنەوە و بەبڕوای من، كەلتووری ستراتیژی و عەقلییەتی سیاسی لە عێراق بە شێوەیەكە كە ناتوانێت هەرێمی كوردستانی بەهێز قبووڵ بكات. بۆیە هەوڵی لاوازكردن یاخود كۆنتڕۆڵكردنی دەدات. لەم گۆشە نیگایەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەكی زەمەنی كاتیش بێت پێویستە بەغدا و هەرێمی كوردستان كێشەكانیان لەگەڵ یەكتری چارەسەر بكەن. چونكە هەر دوولایەن پێویستیان بە یەكتری هەیە. بەڵام هەم هەرێمی كوردستان و هەم بەغدا لەبەهێزبوونی لایەنی بەرامبەر هەست بەنا ئاسایشی دەكەن. لە كاتێكدا لێكترازان و بارگرژی و ململانێیە ناسنامەیی و سیاسییە ناوخۆییەكانی عێراق و هەروەها لە نێوان ئەكتەرە هەرێمییەكان لە عێراق وادەكات كە ئەم وڵاتە بەرگەی گەرێكی تری بارگرژی و توندوتیژی و ناسەقامگیری نەگرێت. وڵاتانی هەرێمیش نە عێراقێكی بەهێزیان دەوێت و نە عێراقێكی ناسەقامگیر و بەرەو هەڵوەشانەوە، واتە لە نێوان ئەم دوو ئەگەرە عێراقێكیان مەبەستە كە خۆیان تیایدا باڵادەست بن".
دەشڵێت " كۆی ئەم هاوكێشانەش وادەكات كە ئەركی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان زۆر قورس و ئاڵۆز و ئەستەم بێت و لەژێر كاریگەر ئەو ئەكتەرە هەرێمی و سەروو هەرێمیانە لەلایەك و لەلایەكی دیكە ئەو فاكتەرانە (بەتایبەتی پرسی ئاسایشی وزە و جەنگی دژی تیرۆر) دا بێت. بەڵام هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە پەیڕەوكردن و بەردەوامی پێدان بەسیاسەتی باڵانسی ستراتیژی لەنێوان ئەكتەرە نەیارەكان ئیدارەی پەیوەندییەكان بكات و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت. خاڵێكی گرنگ ئەوەیە، بەبڕوای من لە رووی واقعی دابەشبوونی هێز لە ناوچەكە و بارودۆخی ناوخۆیی عێراق و تەنانەت هەرێمی كوردستانیش و پاشان بەپێی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، پەیرەوكردنی ستراتیژیی هاوسەنگی نەرێنی بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان گونجاو و گرنگ و بە دڵنیایەەوە وەڵامدەرە. بۆیە كۆی ئەمانەش دەوستێتە سەر ئەوە تا چەند وەكوو ئەكتەریكی یەكگرتوو و یەكپارچە و بەهێز بتوانێت خۆت نمایش و هێزت بەرجەستە بكەیت.
ئاماژەشی بەوەدا " ئەگەر بێت و باس لە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین لەچارەسەر كردن و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان؟ لە روانگەی زاناكانی پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان بۆ نموونە (جەیمز رۆزێناو) .بەگشتی لە بواری زانستە سیاسییەكاندا رۆڵی تاك وەكو ئەكتەرە و دروستكەری بڕیار لەپاڵ فاكتەرەكانی دیكەدا، یەكێكە لە فاكتەرە كاریگەرەكان لە گۆرەپانی سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا كە نموونەی ئەمە لە مێژووی سیاسەتی دەرەكی و ناوخۆییدا زۆرە. بەم پێیە ئەزموون و سیما و تایبەتمەندییە تاكەكەسی و دەروونی و بنەماڵەیی و مێژوویی و حزبی و..هتد، لە وەرگرتنی بڕیار و هەڵوێستی سیاسی رۆڵ دەبینێت، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش چی بەپێی یاسا و چی بەپێی ئەركەكانی نوێنەرایەتیكردنی هەرێمی كوردستانە، لەم روانگەیەشەوە رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئەزموونی چەندین كابینە و چەند ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەتوانێت ئەم ئەكتەرە بێت. چونكە حكومەت وەكوو هەموو دەوڵەتان لە بەشداری و هاوپەیمانیی حزبەكان پێكدیت و بۆیە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ناوەند و دامەزراوەیەكی یاسایی سەروو-حزبی (سەرۆكایەتی هەریمی كوردستان) هەیە و هەبووە. لەرووی یاسایشەوە سەرەڕای بوونی "دوانەیی" لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەڵام لە هەمانكاتیشدا دابەشكردنی ئەركەكان هەیە و بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن پێكەوە دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن".
لە كۆتاییدا ئەوەشی خستەروو " لەلایەك یارمەتی و هەماهەنگی و هاوكاری هەموو حزبەكانی بەشدار لە پێكهاتەی حكومەت و لەلایەكی دیكەشەوە، پێویستی بوونی دەستە یاخود ناوەندێكی ئەكادیمی و راوێژكاری كە لە كەسانی بێلایەن و پسپۆڕی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی پێكهاتبێت، بۆ یارمەتیدانی تیمی حكومەت و سەركەوتنی لە ئەركەكانی لە سەردەمی ئێستادا كە لەرووی ئاسایشییەوە بە سەردەمی "نا-دڵنیایی" دەناسرێتەوە، پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە. لەبیریشمان نەچێت كە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، هەرێمی كوردستان لە قۆناغی هەستانەوەدایە و ئامادەكاری بۆ ئەگەر و پێشهاتە جیۆسیاسییەكانی داهاتووی ناوچەكە گرنگی ژیانی هەیە. ئەمەیش تەنها بە بەهێزبوونی ناوخۆیی و دروستكردنی پەیوەندییەكی هاوسەنگی هەرێمی و دەرەكی دەكرێت.
سەنار شێرۆكی نووسەرو چالاكوان، بە زاری كرمانجی گووت " ئەگەر باس لە رۆلی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین، سەرەتا دەبێت سەیری ئەو باكگراوندەی كە لە سەردەمی دەوڵەتمەداریدا هەیبووە بیكەین. رێزدار نێچیروان بارزانی، لە ساڵەكانی 1996 تاوەكوو 1999 كە جێگری سەرۆك وەزیران و لە 1999 تاوەكوو 2019 بۆ پێنج خول سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە ئەستۆ بووە، لەو ساڵانەدا لە زۆر بواردا توانیویەتی ئەركەكانی خۆی بە شێویەكی شایستە بەرێوە ببات، سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخە نەهەموارانەی كە بەرۆكی كوردستانییان گرتبوو، بە تایبەتیش دروستكردنی تەنگەژەی ناو خۆیی لە لایەن تابوری پێنجەم بە ئاراستەكردنی دۆژمنانی ناوخۆیی و دەرەكی، توانی دەستپێشخەری گەورە لە بواری پەروەردە و تەندروستی و گۆڕانكاری لە بار و گوزەرانی خەڵكدا بكات و ئاوەدانكردنەوەیەكی گشتی هەموو شارو شارۆچكەكان تەنانەت گوندەكانیشی گرتەوە سیاسەتەكی تازەی ئابووری بنیات نا، بە شێوەیەك كە هەرێمی كوردستانی خستە سەر نەخشەی ووڵاتانی خاوەن ئابووری و ووزە".
ئەوەش دەخاتەروو " گەشانەوەی كوردستان و ئاوەدانی لە ئەولەوییەتی بەرنامەكانی نێچیروان بارزانی، بوو هەر بۆیەش بە خێراییەكی زۆر هەموو بوارەكانی پەروەردە، تەندروستی، كشتو كاڵ، ئابووری، وەرزش و رێگاو بان و پەرەیان سەند و بە خێرایی گەشەیان كرد. سەرەڕای بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان، بە پێچەوانە ئاداب و عورفی نێودەوڵەتی، تەنانەت دەستوری هەمیشەیی عێڕاقی فیدراڵ، پێنەدانی شایستەداراییەكانی هەرێم، بێبەشكردنی پێشمەرگە لە هەموو بابەتەكی دارایی و تەنانەت چەك و تەقەمەنی، قەیرانی ئابووری و تەنگەژەی ناو خۆیی هەموو ئەو قۆناغانەی تێپەركرد، بەڵام گرینگترین قۆناغەكانیش، قۆناغی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو ئەو كاتەی هەموو ووڵاتانی ناوچەكە پشتیان لە هەرێمی كوردستان كرد و كوردستان لە نێوان ووڵاتانی جیران و ئابڵۆقەیان بە تەنیا مایەوە، لەو كاتەدا نێچیروان بارزانی شانی دایە بەر هەموو ئەو بارگرانییەی كە بەرۆكی كوردستانی گرتبوو، لە هەمان كاتدا لێشاوی یەكجار زۆری هاووڵاتییانی عێراق و هەروەها پەنابەرانی رۆژئاوا و هەموو ئەو شارو شارۆچكانەی كە كەوتبوونە بەر شاڵاو سێبەری رەشی تیرۆر، شكۆ و هەیبەتی كوردستانی پاراست".
دەشڵێت " ئیتر لەو بارودۆخە هەستیار و گرینگ و لە هەمان كاتدا دژوارتر چیتر دەبێت كە كوردستان پێیدا تێپەر بێت، هەر بۆیەش پێموایە چۆن لە رابردودا تووانی ئەو ئەركانەی كە لە سەر شانی بوو بە سەركەوتوانە جێبەجێ‌ بكات، بە هەمان شێوە دەتوانێت رۆڵێكی ئەرێنی لە پەیوەندی لە گەڵ ووڵاتانی جیهان بە تایبەتی دراوسێكان دروست بكات، بە تەعبیرەكی تردا كە پێشتر ئەو بناغەیە دانراوە و بەرەو باشتری دەبات. بە نسبەت هاووڵاتییان و كێشەو گرفتەكانی ناوخۆیش، ئەو بناغەی كە دایناوە دەتوانیت نەخشە رێگایەك بیت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان بۆ كابینەی ئێستا.
بەهزاد ئەرگۆشی راگەیاندكارو چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی راگەیاند " بەریز نێچیرڤان بارزانی لەو جۆرە سەركردانەیە كە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پێویستیە و هەمیشە دەنگی بەهێزی ژیری و میانڕەوی و پێشكەوتنی خەڵكی كوردستان و عێراق بووە. بوونی بەڕیزیان وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پێویستی سەردەم وئەم قۆناغە دەزانرێت، چونكە كەسایەتییەكی كارامە و لێزان و شارەزایە بۆ سەرۆكایەتی كردنی ئەم پلە و پۆستە هەرە باڵایەی كوردستان. بە گەواهی سەرۆك و بەرپرسانی باڵای دونیا خاوەن ئەزموونی ئیدارەكردنی باش و سەركەوتووی حكوومەتداری و بەڕێوەبردنی كوردستانە, بە تایبەتیش لە قۆناغە سەختەكانی شەڕی داعش و دوای كارەساتی شازدەی ئۆكتۆبەر, رزگاركردنی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شەڕ و هێرش و گێژەلووك و شەپۆڵە بێ ئەمانەكانی پیلانگێڕان و گەیاندنی دامەزراوەی حكوومەتداری بە كەناری ئارامی سیاسی و دیپلۆماسی و سەر لە نوێ بووژاندنەوەی ئابووری كوردستان. ئەو لەگەڵ ستافەكەیدا شانی دایە بەر و كۆڵی نەدا, بێگومان ئەو مكوڕی و جەختكردنەوە و مانەوە بە پێوە خۆی لە خۆیدا مانای كامڵبوونی سیاسی و دەوڵەمەندی ئەزموونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییە. بە دڵنیاییەوە لە ئەركی ئایندەشدا وەك سەرۆكی هەرێم سەركەوتوو دەبێت و دەتوانێ كۆی ئەزموون و هەژموونی كەسایەتی خۆی بۆ سەركەوتنی ئەم ئەركە قۆرسە بێخیتە كار. بە گشتی هەڵسووكەوت و بڕیارەكانی بە سیاسیەكی رۆژهەڵاتی ناچێ و مۆدێلێكی نوێیە لە سیاسەت كردن، چونكە بە سیاسەتی نەرم و هەنگاوی لۆژیكی توانیویەتی شكست بە هەموو پیلانێكی ناوخۆیی و دەرەكی بهێنێت. هەروەكوو پێشووتر هیوا و ئۆمێدێكە بۆ گەلی كوردستان بە گشتی و هێزە سیاسیەكان لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، هەروەك لە یەكەمین پەیامی جەنابیان دا هاتووە سەرۆكایەتی هەرێم چەتری یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسی و پێكهاتە ئیتنی و ئایینیەكان دەبێت, بە جیاوازی بیر و بۆچوونەكان. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەڕێزیان كەسایەتیەكی ناسراوە و پەیوەندیەكی توند و تۆڵی لەگەڵ كەسایەتیەكانی ووڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، ئەمەش ڕێخۆشكەرە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگە و پێگەی خۆی هەبێت و پشتگیری بكرێت لە لای ئەوانەوە.
رابەر مەحموود رۆژنامەنووس، بەزاری كرمانجی گووت " بەر لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی خاوەنداری پرسە گرنگە چارەنووسسازەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە ئیقلیمییەكان كردووە و توانیویەتی بە كاریزمایی و لێهاتوویی هەرێمی كوردستان لە گەورەترین تەنگژە و ئابڵوقە ڕزگار بكات هەمیشە رۆڵی بەرچاو دڵسۆزانەی هەبووە، بەجۆرێك بە بێ هیچ سازشێك لە پرسە نەتەوەییەكاندا هەوڵ و سیاسەتی (نەرمە هێز)ی، هەروەها لە سەختترین كاتەكانی بێ متمانەیی نێوان هەولێر و بەغدا، توانی ئابڵوقەكان بشكێنێت فشارەكان كۆتایی پێ بهێنێت و پرسی مووچە و بوودجە بهێنێتەوە بەر باس و پاش زیاتر لە چوار ساڵ بەشێك لە بەشە مووچەی زەوتكراوی هاووڵاتییانی كوردستان لە بەغدا بگەڕێنێتەوە، دواتر هەر خۆی بە دوو قۆناغ پاشەكەوتی لەسەر مووچە لادا كە ئەمەیان كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك هەبووە و بازاڕی كاری بووژاندەوە".

 

زۆرترین بینراو