هاووڵاتییان داواكارن چاكسازی و گۆڕانكاری ریشەیی ئەنجام بدرێت

هاووڵاتییان داواكارن چاكسازی و گۆڕانكاری ریشەیی ئەنجام بدرێت

راپۆرت-محەمەد هەسنانی
لە راپۆڕتێكی زاری كرمانجیدا هاووڵاتییان گەشبینن بە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان و داواكاریشن لە كابینەی نوێی حكومەتدا هەوڵی باشتر كردنی ژیانی خەڵك و پڕۆژەی خزمەت گوزاری و چاكسازی بدرێت، هەروەها هەوڵی دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بدرێت و جومگەكانی دەسەڵات لە گەندەڵكاران پاك بكرێتەوە.
سەروەت مستەفا، دەرچووی راگەیاندن بە زاری كرمانجی راگەیاند "ئاماژەكان وادەردەخەن كە كابینەی نۆیەمی ئەمجارەی حكومەتی هەرێم جیاوازتر بێت لە كابینەكانی پێشتر، وەك دیاریشە رێزدار مسروور بارزانی كەسێكی ئەزموندارو كاریزما و سەركەووتو بووە لە بواری ئەمن و ئاسایشی وڵات، لەڕووی ئاوەدانیشەوە كاریگەری خۆی دەبێت و چاكسازی دەكات و دەتوانێت لە زۆر بواردا كاربكات، هیوادارین لە ڕووی خزمەتگوزاری و خزمەتی چین و توێژەكان بەهەمان شێوە بێت، دەخوازین ڕێژەی ئافرەتان لە پێگە ئیداریەكان زیاتر بكات و دەرفەتی باش بۆ دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان بڕەخسێنێت، كە ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی دەرچووان چاوەڕێی دامەزراندنن، هەروەها كار لەسەر بابەتەكانی كەرتی كشتووكاڵی بكات هاوشانی كەرتی نەوت كە یەكێكە لە گرنگترین كەرتەكانی هەرێمی كوردستان و گرنگی بدات بە كەرتی گەشتووگوزار، چونكە هەرێمی كوردستان خاوەنی زۆر شوێنی گرنگی گەشتوگوزارە، لەبەر ئەوەی لایەنی گەشتاری ئاینی و سیاسی و سرووشتی و هاوینەهەواری تێدایە بۆیە وەكو سەرۆكێكی كاریزما ناوچە گەشتووگوزارەكان ئاوەدان بكاتەوە..هتد".
گووتیشی "هیوادارین گرینگی زیاتریش بە ئاوەدانكردنەوەی گوندو دێهاتەكان بدات، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەم رێگەیەوە ئابووری وڵات زیاتر ببوژێتەوە، لەگەڵ هەوشدا هەلی كار بۆ گەنج و لاوانی ئەم وڵاتە بڕەخسێندرێت، بۆ ئەوەی گەنجان چیتر بیر لە كۆچ كردن و كاری تر نەكەنەوە، هەروەها گرنگی بە گێڕانەوە پێشینەكانی خەنووبەرەو هاوسەرگیری كشتوكاڵی بدات، لەگەڵ سێكتەرەكانی خوێندن و سەرجەم ئەو شتانەی كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە تاكەكانی كۆمەڵگاوە هەیەو گەڕاندنەوەی هیواو ئاواتی خەڵك و گەنجان، هیواداریشین لە كابینەی نوێی حكومەت، هەوڵی جددی بدرێت، بۆ چارەسەر كردنی ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان و ئەم ناوچە دابڕاوانە بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
هێمن سەباح، رۆژنامەوان و چالاكوانی مەدەنی، بۆ زاری كرمانجی ئەوە دەخاتەروو "ئاماژە سەرەتاییەكان دەری ئەخات، كە هاووڵاتیان ئومێدی زۆریان بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەیە لە كابینەی نوێدا، بە كۆمەڵێك گۆڕانكاری و كاركتەری نوێ خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بكرێت، بە تایبەت لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان كە ساڵانێكە وەستاوە یان وەك پێویست نەبووە، وێڕای ئەوەی شەقام بە ئومێدەوە لە بەرنامە چاكسازییەكانی كابینەی نوێی حكومەت دەڕوانن".
هەروەها ئەولەویەتی كارنامەی حكومەتی نوێ، گەڕاندنەوەی مووچە پاشكەوتكراوەكان بێت، جومگەكانی دەسەڵات لە گەندەڵكاران پاك بكاتەوە، كەسی شایستە و بە ئەزموون دەرفەتی ئەوەیان پێ بدرێت، خزمەتی هاووڵاتیان بكەن، لەناو بەشە ئیدارییەكانی دەوڵەت، ئومێد دەكرێت بارزانی ببێتە سارێژكەری برینەكانی ئەو چەند ساڵەی رابردوو كە هەموو بەهاكانی كۆمەلگەی كوردی بەرەو شپرزەی چووە هەروەك چۆن لە دروشمەكانی كارنامەی دا هاتووە لە ئارامی و ئاسایش بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی.
كەلسوم گەزنەیی، چالاكوانی مافی مرۆڤ، بەزاری كرمانجی رایدەگێنێت "پێكهێنانی ئەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جیاوازتر دەبێت لەوانیتر، ئەمجار رێزدار مەسرور بارزانی بەربژیرە و پیشبنی دەكرێت و چاوڕوانی دەكرێت جەنابیان سەركەوتووبن، بۆ یەكەمجار لە كاروباری دەوڵەتداری، كە ناوبراو كەسێكە بەئەكادیماو قوتابخانەی زانستی وحیزبی ئەم بەرپرسیارتیە نوێێە پێ سپێردراوە، واتا كەسێكە بەهەرەمەكی نەهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی سەرەكی ئەو كابینەیە ئەوەیە چاكسازی بكات و ژیانیكی شایستە پێشكەش بەخەڵكەكەی بكات و واتە ستافیكی كارگێڕی بەهێزو پتەو دروست بكرێت و یاسا سەرەوربێت و كەسی شیاو بخرێتە شوینی شیاو، بێگومان ئەمەش پێویستی بە كەسێكی بوێرو بەهێز هەیە لەبڕیاردان، ئەم تایبتمەندیەش لەجەنابیان هەیە".
دەشڵێت "ڕۆلێكی تری ئەو كابینە ئەوە دەبێت ئینتمای نیشتمانی لای گەنج دروست بكرێت و هەوڵ بدرێت سود لەتواناو وزەی گەنجان وەربگیرێت و گەنجان بخرێنە بەركارو ئەو گەنجانەی پرۆسەی هاوسەرگێری دەكەن، شوێنی نیشتە جیبونیان بۆ دابین بكرێت و كار ئاسانی و هاوكاری بكرێن، لەهەمووی گرنگترە پەیوەندیكی ئیقلیمی بەهێزو سەقامگیری ئابوری و ئەمنی دەسبەر بكرێت.
دەریاز عەلی، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی و توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ زاری كرمانجی دەڵێت "دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلول متمانە بەخشینی خەڵكی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك گەورەترین فڕاكسیۆنی پەڕلەمان، ڕێزدار مەسڕوڕ بارزانی وەك بەربژێری پارتی دەستنیشان كرا لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بە فەرمی لەلایان پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم ڕاسپێردرا، بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەر لەگەڵ دیاریكردنی جەنابیان بۆ ئەم پۆستە خەڵكی هەرێمی كوردستان، هیوایی زۆریان لەسەر بەڕێزیان هەڵچنیوە، تاكو بارودۆخی كوردستان گۆڕانكاری گرنگی بەسەر دابێت، چونكە لە ماوەی ڕابردوو دا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی دژواری قەیرانی دارای تێپەریوە لە ئیستادا دوای هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە و باش بوونی باری ئابووری هەرێم چاوەڕوانی و ئومێدی هاونشتیمانیان لە مەسڕور بارزانی گەلێكن".
گرنگترینان بریتین لە باشتر كردنی ژیانی خەڵك و پڕۆژەی خزمەت گوزاری و چاكسازی و دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان، ئەم ئومێدەی هاووڵاتیان لە ڕابردوی بەڕێزیان سەرچاوەی گرتوە كە هەرێمی كوردستان یەكێك بووە لە ئارامترین وڵات لە ناوچەكە بەهیوای ئەوەین لەكابینەی نوێی حكومەت، بتوانرێ گۆڕانكاری ڕیشەی ئەنجامبدات.

زۆرترین بینراو