هاووڵاتییان داوای زوو تەواوكردنی دەكەن

هاووڵاتییان داوای زوو تەواوكردنی دەكەن

لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی نزیكەی دوو ملیارد دینار، پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری ناحیەی حاجی ئۆمەران لە قۆناغی جێبەجێكردندان و هاووڵاتیانیش داوای زوو جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە دەكەن.
رێباز كەمال، سەرۆكی شارەوانی حاجی ئۆمەران بە زاری كرمانجی راگەیاند: دوای داواكاریەكی زۆر، خۆشبەختانە ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری گرنگ لە سنووری شارەوانیمان خراونەتە جێبەجێكردن و ئێستا لە قۆناغی كۆتاییدان، ئەوانیش پێكهاتوون لە پڕۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی كە كۆمپانیای رووناكی جێبەجێی دەكات، بەدرێژایی 2 هەزار و 350 مەترە، پڕۆژەی دیكە كۆمپانیای سۆلاڤی باشور جێبەجێی دەكات ئەویش بڕینی رێگای گشتی ناو سەنتەری ناحیەیە كە دەكەوێتە نزیك هاوینەهەواری كانی شێخی باڵەكان و ئەمەش گرفتی زۆری بۆ دروست كردبوین،
گووتیشی: بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە كێشەی ئاوەڕۆ و هاتووچۆی هاووڵاتیان كەمتر دەبێتەوە، وە پرۆژەی ئاوەڕۆ بەشێوازێك دانراوە لە داهاتوو ئەگەر دووساییدی ناو سەنتەری ناحیە جێبەجێ بكرێت، كێشەی نابێت و بە ئەندازەی دووسایدی ناو بازاڕ جێبەجێكراوە.
هەرچەندە بەهۆی كاركردن لە پڕۆژەكان رێگای بازرگانی مەرزی حاجی ئۆمەران لەناو سەنتەری شارەدێكە گواستراوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە ئاستەنگی هاتووچۆی دروستكردووە.
سیامەند ئیسماعیل، هاووڵاتییەكی حاجی ئۆمەرانە و وێڕای دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێم، داواش دەكات پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بەتایبەتی پڕۆژەی لوولەیی ناوبازاڕ، چونكە بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە: ئیستا وەرزی پاییزە، رەنگە مانگێكی دیكە وەرزی باران و تەڕیەتی بێت و سەرما روو لە ناوچەكەمان دەكات، بۆیە پێویستە ئەوجۆرە پڕۆژانە پەلەی لێ بكرێت.
ئیدارەی ناوچەكە دەرخستەی چەند پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاریان بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەرز كردۆتەوە و چاوەڕێی رەزامەندین. تاكو ئەو گرفتانەی ماون لە داهاتوودا چارەسەر بكرێن.
سەرۆكی شارەوانی حاجی ئۆمەران سەبارەت بە ماوەی كاركردن و پەلە كردن لە پڕۆژەی ئاوەرۆ، گووتی: كۆمپانیاكە ماوەی زۆری ماوە، بەڵام هەوڵ دەدەین پێش ئەوەی وەرزی سەرما بگاتە ناوچەكەمان، ئەو پرۆژەیە تەواو بكەین، چونكە ئاستەنگی هاتووچۆی دروستكردووە، بێگومان كاركردنیش بێ ئاستەنگ نابێت، بەتایبەتی كارێك كە لەناو بازاڕ و رێگای گشتی بێت.

زۆرترین بینراو