هاووڵاتییان داوای چاكسازی و پەرپێدانی كشتوكاڵی لە حكومەت دەكەن

هاووڵاتییان داوای چاكسازی و پەرپێدانی كشتوكاڵی لە حكومەت دەكەن

راپۆرت-محەمەد هەسنانی
لە راپۆرتێكی زاری كرمانجیدا جوتیاران و هاووڵاتییان بەگشتتی داواكارن لە حكومەتی هەرێم، بایەخی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری لە كوردستان بدات و چاكسازی لەم بوارە بكات، بەمەش ئابووری حكومەت گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و بە هەزاران كەسیش هەلی كاریان بۆ دەڕەخسێت.
ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵی و ئاودێریش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت " پڕۆژەی چاكسازی حكومەت كەرتی كشتوكاڵیش دەگرێتەوەو رێژەیەكی زۆری زەوی كشتوكاڵی بە هەدەر رۆیشتووە لە پلانیشدایە ئەو زەویانە كارا بكرێنەوەو بۆ كەرتی كشتوكاڵی بەكاربهێندرێن".
گێلاس فاخیر، شارەزای ئابووری و قوتابی زانكۆ بەزاری كرمانجی گووت " لەم چەند ساڵەی رابردوو تاكو ئێستا كەرتی كشتوكاڵی هەرێم بەرەو دواوە چووەو بێ بایەخ كراوە، ئەمەش هۆكارەكەی دەگڕێتەوە بۆ حیزبە كوردییەكان كە خەڵكێكی زۆریان لە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دوور خستەوە و خستیانە ڕیزەكانی چەكداری بە تایبەت هێزەكانی پێشمەرگە و ناوەخۆ، هەبوونی هێزی بەرگری وەك هێزەكانی پێشمەرگە و ناوەخۆ ئەگەر چی گرینگی زۆری بینیوە لە سەقامگیری و ئارامی هەرێمەكەمان لەهەمان كاتددا بەهۆی ڕێژەی كەمی گەنج لە ساڵانەی ڕابردووە خەڵكێكی زۆر لە گوند و ناوچە دوورەكان لەو دوو هێزانی باسمانكرد دامەزران، بەمەش مەترسی لەسەر بەروبومی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری دروست بوو، كە تا ئەو كاتەی ئێمە تێیدا دەژین تەواوی سەرچاوەكانی خۆراك لەدەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرێن و كەچی ئێستا چینێكی زۆری گەنج بێ كارە و چاوەڕێی دەستی حكومەتە كە بە خێویان بكات! ، بۆیە بە بڕوای من باشترین ڕێكار بۆ ئەوەی هەرێم پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ بدات و توانلی گەنجەكان بقۆزێتەوە و بەكاری بێنە بریتییە لەو خاڵانەی خوارەوە :
1. بەروبومی ناوەخۆی پەرەی پێ بدرێ و سنورەكان سانسۆریان بخرێتە سەر كە تاكو ئێمە بەروبومی خۆمان هەبێ هی دەرەوە هاوردە نەكرێ و یان سنوردار بكرێ.
2. حكومەت كێشەی ئاو و ئاودێری بۆ زەویە كشتوكاڵییەكان چارەسەر بكات و لە قازانجی بەروبومەكە تێچوەكەی بگرێتەوە خزێنەی دەوڵەت.
3. هەمان ئەزموونی كابینەكانی پێشتر نەكات و هاوكاری جوتیاری ڕاستەقینە بێت، نەك ئەوانی بە ناوی زەوەی كشتوكاڵی پارە لە حكومەت وەربگرن و لە شتی تر خەرجی بكەن.
4. دروست كردنی كۆگای گەورە تایبەت بە هەڵگرتنی بەروبومی كشتوكاڵی، هەم بۆ بەڵانسی نرخ و نەڕزینی بەرهەمەكان.
5. وەرگرتنی هاوكاری پڕۆژەی كشتوكاڵی لەو وڵاتانەی كە لەڕووی كشتوكاڵ پێشكەوتن و بەرهەمی نەوازەیان هەیە.
6. دابین كردنی ئامێرە پێشكەوتووەكانی كشتوكاڵ بۆ وەرزەكانی دوورێنە و گەشەی بەروبوم.
ئەمانەو چەندین برگەی تر كە دەتوانن ببنە هاوكار بۆ پەرەدان بە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری لە كوردستان ئەوەش وادەكات كە ئابووری حكومەت گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و بە هەزاران كەسیش هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت.
عەبدوڕەحمان مستەفا، بەرپرسی بنكەی كشتوكاڵی سیدەكان، بەزاری كرمانجی گووت " سنورەكەمان ناوچەیەكی بەرفراوان و خاوەن ژمارەیەكی زۆری زەووی و كشتوكاڵیەو ئاو كانیاوی سازگاری هەیە، سەرەڕای ئەمەش ساڵانی رابردوو تا راددیەك خەڵكی سنوورەكە كەمتر روویان لە بەرهەم هێنانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری دەكرد، بەڵكو لەبری ئەوە روویان دەكردە شارو شارۆچكەكان بۆ مەبەستی كاری كرێكار و كاركردن لەشوێنەكاندا، هەروەها ژمارەیەكیشیان مووچە خۆری حكوومەت بوون".
بەرپرسی بنكەی كشتوكاڵی سیدەكان، گووتیشی " بەتایبەت ئەمساڵ خەڵكێكی زۆری سنوورەكەمان گەڕاونەتەوە سەر گوندەكانیان و روویان كردۆتە كاری بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری و بەخێوكردنی مانگاو بزن و مەڕو ماَڵات، ئەوەش كاریگەری باشی دەبێت لەسەر ئابووری ناوچەكەو وڵاتەكەمان بەگشتی، ئێمەش لای خۆمان بەپێی توانا هاوكاری جوتیاران و ئاژەڵدارنی سنوورەكەمان دەكەین و هانیان دەدەین بۆ ئەوەی زیاتر بایەخ بە بواری كشتوكاڵی بدەن.
سەفین گەردی، ئەندامی لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەفڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بەزاری كرمانجی گووت " هەوڵی زۆرمان داوە بۆ پێش خستنی كەرتی كشتوكاڵ و بە بازاڕ كردنی بەروبوومی جوتیاران لە كاتی پێگەیشتنی بەروبوومەكانیان, ئەم ساڵیش بە پشتیووانی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانراوە حكومەتی ناوەند بڕی زیاتری گەنم لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، هەروەها پلانی ئەوەمان هەیە ئەم ساڵ لەكاتی پێگەیشنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان جوتیارانمان، لەپێناو ساغ كردنەوەی بەروو بوومی خۆماڵی بەربوومی دەرەوە قەدەغە بكەین و باجێكی زیاتری بخەینە سەر".
ئەوەشی خستەروو " هەوڵیشمانداوە كۆمپانیایی زیاتر بهێنین بۆ هەریمی كوردستان و كارگەی زیاتری كشتوكاڵی دابمەزرێندرێن، بەمەش هەلی كار بۆ هەزاران جوتیار دەڕەخسێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵبدرێت لە شارو شارۆچكەو ناوچەكانی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر ساردكەرەوە دروست بكرێن، بۆ ئەوەی بەربوومی كشتوكاڵی جوتیارنی كوردستان لەم شوێنانە دابنرێت و پارێزراو بێت تا ئەو كاتەی ساغ دەكرێتەوە".
ئەم ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی ئاشكرا كرد " كە پڕۆژەی چاكسازی حكومەت كەرتی كشتوكاڵیش دەگرێتەوە، چونكە رێژەیەكی زۆری زەوی كشتوكاڵی بە هەدەر رۆشتووە لە پلانیشدایە ئەو زەویانە كارا بكرێنەوەو بۆ كەرتی كشتوكاڵی بەكاربهێندرێن.

زۆرترین بینراو