هاوڕێیەتیی نێوان كوڕ و كچ لە چ ئاستێكدایە

هاوڕێیەتیی نێوان كوڕ و كچ لە چ ئاستێكدایە


پشتیوان كەریم –سۆران:
لەسەر پەیوەندی هاوڕێیەتی نێوان كچ و كوڕ لە نێو كۆمەڵَگەی كوردی، گەنجان تێڕوانینی جۆراوجۆریان هەیە، هەیانە پەێیان وایە هیچ پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی نییە لەنێوان كوڕ و كچ و ئەوەی هەبێ پەیوەندی سۆزداری و خۆشەویستی، هەشیانە دەڵێن بە پێچەوانەوە پەیوەندی هاوڕێیەتی نێوان كوڕ و كچ لە ئاستێكی باش دایە، لەم راپۆرتەدا گەنجان قسە لەسەر ئەم پرسە دەكەن و كۆمەڵناسێكیش دەڵێ‌ كەلتوور جیاوازی نێوان ئەو دوو رەگەزە دیار دەكات.
كوردی مستەفا كوڕە گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ و قوتابییە لە زانكۆی سۆران، لەسەر پەیوەندی هاوڕێیەتی نێوان كچ و كوڕ دەڵێ‌"لەئێستادا هاوڕێییەتی كچ وكوڕ بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، چونكە لە چەند شتێكی پووچ و بێ بنەما كۆكراوەتەوە، گەر بڵێی هاوڕێی كچم هەیە، یا بە پێچەوانەوە كچێك بڵێی هاوڕێی كوڕم هەیە، زۆرینەی خەڵكانی دەوروبەر وا لێكی دەدەنەوە كە خۆشەویستی بۆ یەكتری دەبەخشنەوە، ئەمەش ئەوە دەگەێنێت كە تاكو ئێستا كۆمەڵگە هاوڕێیەتی نێوان كچ و كوڕ بە شتێكی تر لێك دەداتەوەو بە چاوێكی گۆماناوییەوە لەو پەیوەندییە دەڕوانن، بۆیە هاوڕێیەتی كچ وكوڕ، لەلایەكی تریشەوە هەندێ لە كوڕان ئەوە پەیوەندییە ئیستغلال دەكەن و داوای چوونەدەرەو رابواردن دەكەن لە كچە هاوڕێیەكەیان، ئەو كات هیچ شتێك بە ناوی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی نامێنێ و تەنها پەیوەندییەكی سیكسی لەنێوان هەردوولا دروست دەبێ كە زۆرجار ئەو پەیوەندییەش كێشەی گەورەی لێكەوتووتەوە"، كوردی ئامۆژگاری كچان دەكات كە هۆشیارتر بن لە هەڵبژاردنی هاورێی كوڕەكانیان" كچان دەبێت زۆر بەهوشیاری و ئاگاییەوە هاوڕێی كوڕەكانیان هەڵبژێرن"، ئەوەش دەڵێ‌"لێكەوتەی هاوڕێیەتی كچ و كوڕ زۆرن لەژیانی ڕۆژانەماندا، رووداوی سەیر دەبیستین و ئەمەش وایكردوە كچان زیاتر خۆیان لە هاوڕێیەتی كوڕان ِبپارێزن".
هەمین شێرزاد ی تەمەن 21 ساڵ، قوتابی بەشی دەرووناسی زانكۆی سۆرانە، لەمبارەوەیەوە بەزاری كرمانجی گووت" هاوڕێیەتی لە نێوان دوو رەگەزی جیاوازدا، شتێكی ئاساییە گەر هەبێت، بەڵام چۆنییەتی كردنی ئەو جۆرە هاوڕێیەتییە دەكەوێتە سەر كەسەكان تا چەند ئەو پەیوەندییە درێژە دەكێََشێت و بەردەوام دەبێت"، هەمین لەسەر متمانەی نێوان كوڕٍ كچ دەڵێت"بەداخەوە لە هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە بپرسی دەكرێت كچ و كوڕ هاوڕێیەتی یەكتری بكەن؟ دەڵێن نەخێر چونكە بە ناوی هاوڕێیەتییەوە شتی تر دەكرێت، بەناوی هاوڕێیەتییەوە لێت نزیك دەبێتەوە لەپێناو بەرژەوەندی خۆی، واتا هاوڕێیەتی نێوان هەردوو ڕەگەز وا دەكات بەرەو ئاراستەیەكی خراپ بڕوات، لەگەڵ ئەوەشدا تێڕوانینی كۆمەڵگا دەور دەبینێت لە هەبوونی ئەو جۆرە پەیوەندییە، لە كۆمەڵگەی ئێمە ئەم جۆرە پەیوەندییە تا رادەیەك قبول نەكراوە، لەپاڵ ئەوەشدا ئەو جۆرە پەیوەندییە بوونی هەیە".
هیمداد رەفعەت تەمەن 28ساڵ قوتابی زانكۆی سۆرانە لەبەشی دەرونناسی بۆ زاری كرمانجی گووتی"هاوڕێیەتی یەكێكە لە پەیوەندییە هەرە بەهێزەكانی مرۆڤایەتی، هیچ كەسێك بە بێ یەكتر ناتوانێت بژیت و چێژ لەژیان وەرگرێت، مرۆڤایەتی هەمووی تەواو كەری یەكترییە"، ئەوەش دەڵێ‌"پەیوەندی نێوان كوڕ و كچ پێویستە هەبێت، بەڵام بەو شێوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێت نا، كوڕ و كچ هەردوكیان بۆ بەرژەوەندی لەگەڵ یەكترن و هەردوولا چاك دەزانن كە بەرامبەرەكەی چی مەبەستە، هەر بەردەوام دەبن ئەگەر بێتو پەیوەندییەكی راستەقینە هەبێت هەردوولایەن مەرامی تایبەتی خۆیان نەبێت بێگومان پێویستەو شتێكی باشیش دەبێت، هیچ كامیان رەگەزی بەرامبەر بە دێوزمەو فریشتە نازانیێت".
ئایەت سعدی تەمەن 19ساڵ قوتابی زانكۆی سۆران بەشی دەروونزانی بۆ زاری كرمانجی گووتی"هاوڕێیەتی كچ و كوڕ لەم كۆمەڵگەییە هەر ئەو هاورێیەتییە كە هەزاران هەڵە دروست دەكات، دەتوانم بڵێم سەرەتای هەموو هاوڕێیەتییەك جوانە، بەڵام كۆتاییەكەی پێویستە بزانی كە بڕوا بە كێ دەكەیت، لەنێوان كچ و كوڕ نیەتێكی خراپ هەر هەیە گەر لە دڵی یەكێكیانیش بێت هەر هەیە، كۆمەڵگای ئێمەدا لە زۆر لایەنەوە شتێكی نامۆیە ئەگەر ببیندرێ كچ وكوڕ بەمەبەستی هاوڕێیەتی لەگەڵ یەكتر بن، چونكە كۆمەڵگایەكی مسوڵمانین و دەزانین كە فیتنە لەهەموو شوێنێ هەیە بۆیە لەو كۆمەڵگایەداو بەپێی ئەو ئاینەی كەهەمانەو ئاینی ئیسلامیش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هاورێیەتی كچ و كوڕ حەڕامە نەك بڵێین بۆ ئاڵوگۆركردنی زانیاری و شت وەرگرتن لەیەك نا، بەڵكو بەردەوام بوونی ئەو هاوڕێیەتییە لەسەر چەندەها بنەمای نابەجێی و بێ سود و قسەكردنێكی بێ سود و كات بە سەربردن، ئایەت زیاتر دەڵێت"هاوڕێیەتی كچ و كوڕ ئەگەر هەبێ لەسەرەتایەكی جوان و بە نەشكاندنی هیچ سنورێك لە نێوان یەكتر، تەنها كاتی پێویست نەبێت و لەسەر بنەمای خوشك و برایەتییەوە بێت، بەو پەڕی شكۆوە سەركەوتوە بێت، لە رووی گرینگییەوە تەنها بۆ ئاڵۆگۆركردنی زانیاری و سوود بینین لە یەك ئەگەر نا هیچ گرینگییەكی لێ نابینم، كچ دەتوانێت هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆی بكات".
یاسین محمد كۆمەڵناس لە زانكۆی سۆران لەسەر پەیوەندی هاوڕێیەتی نێوان كچ و كوڕ بۆ زاری كرمانجی قسەی كرد و دەڵێ‌"دەربارەی پەیوەندی نێوان كچ و كوڕ لەنێو كۆمەڵگەی كوردی، لە راستی دا ئاشكرایە كە پەیوەندی نیوان كچ و كوڕ سنورەكەی لە كلتورەوەیە، واتا كولتوور ئەو پەیوەندییە دادەڕێژێت هەر كۆمەڵگەیەكیش خاوەن كەلتوری خۆیەتی وە هەر كلتوریش كاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندی نێوان كچ و كوڕ و كاریگەری هەیە لەسەر ڕەفتارەكانی مرۆڤ و یاخود رەفتارەكانی تاك بەشێوەیەكی گشتی هەر كۆمەڵگایەكی تر بێت، خاوەن كلتوری خۆیەتی وەك هێزێك وایە كاریگەری لەسەر ڕەفتارەكانی مرۆڤ دادەنێت واتا كلتور كاریگەری رەفتارەكانی تاك دادەنێت، نموونە كلتوری كوردی وای لە ئێمە كردووە كە بەكوردی قسە بكەین وە لە نەورۆزدا جلی كوردی بپۆشین و دەربچین لە ماڵەوە و دڵخۆشی خۆمان نیشان بدەین، بۆیە ئەو كولتوورە كاریگەری هەیە لەسەر رەفتارەكانی ئێمە خواردن و جل و بەرگمان بەشێوازێكە دابونەریت و ژن هێنانان و جیابونەوەمان، هەموو ئەوانە كولتوور دیاری كردوە، لە وڵاتانی تر هەریەكێكیان تایبەتی خۆی هەیە كەمێك داخراوەو گۆرانی بەسەرداهاتوەو كاریگەری دینیشی هەیەو داخراوی پێوە دیارە لە كۆنەوە بەشێوەیەك بووەو ئێستاش بە شێوەیەكی ترە، پێشتر تەنها لە ئاهەنگ و كاری هەرەوەزی و یارمەتیدانی بە كۆمەڵ هەبوو لەنێوان هەردوو رەگەز، بەڵام ئێستا شێوازی ژیان گۆڕاوەو كچ و كوڕ دەتوانن لە بازار ِو لە زانكۆ و دائیرە هەیە شار پڕە لە دام و دەزگاوە دەتوانن یەكتری ببینن یان ئێستا تەكنەڵۆژیاو شۆشیاڵ میدیا دەرگایەكی كراوەیە بە رووی ئەو پەیوەندییەدا"،
ئەو كۆمەڵناسە ئەوەش دەڵێ‌"لە زانكۆ دەبینم كەسانێك بە ئەفكاری ئیسلامی رەفتار دەكەن و هەندێكیشیان بە رۆژئاوای، جۆرەها پەیوەندی نێوان كچ و كوڕ دەبینم لە كۆمەڵگای كوردیدا، بەڵام ئەوەی هەڵوێستە لەسەر كردنە و غایبە لەو كۆمەڵگەیەدا فەلسەفەیەكی تەندروستە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی خاوەنی فەلسەفەیەكی دیاریكراو نیە كە كاریگەری بكات لە سەر ئاڕاستەكردنی پەیوەندی نێوان كچ و كوڕ، چونكە نەبوونی ئەم جۆرە گوتارە لە ناو كۆمەڵگای كوردی واتا تۆ جڵەوی پەروەردەی ئەم كۆمەڵگایە بە دەست تۆوە نیە، ئەمەش زۆر خەتەرناكە، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر كۆمەڵگای كوردی دا دروست دەكات بە تایبەتی پەیوەندی نێوان كچ و كوڕ، بۆیە پێویسە دووبارە پێداچونەوەو دارشتنەوەی بەو پەروەردەییە بكەین تاكو خاوەن پەروەردەوە فەلسەفەیەكی تایبەت بە خۆمان بین".

 

زۆرترین بینراو