هاڵاند مەرجی هەیە

هاڵاند مەرجی هەیە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، مەرجێكی قورس بۆ ئەو یانانە دادەنێت، كە دەیانەوێ گرێبەستی لەگەڵ بكەن.
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەكەی پێشكەشی دەكات، هالاند بووەتە جێی بایەخی گەورە یانەكانی ئەوروپا، لە سەرووشیانەوە هەردوو گەورە یانەی ئیسپانیا، بەرشەلۆنەو ریال مەدرید.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئینگلتەرا، داواكارییەكانی ئێرلینگ هالاندیان بۆ یانەیە ئاشكراكردووە كە دەیەوێ لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بكات.
هالاند ئێستا بە یەكێك لە باشترین هێرشبەرانی جیهان دادەنرێت، تەمەنی 20 ساڵەو لەوەتەی پەیوەندی بە دۆرتموندەوە كردووە كاریگەرییەكی زۆری هەیە، بەتایبەتی لەم وەرزەدا، كە لە 25 یارییدا 27 گۆڵی تۆماركردووە.
هالاند ئامانجی چەند یانەیەكی سەرەكی ئەوروپایە لە هاوینی داهاتوودا، وەك یانەی ریال مەدرید، بەرشەلۆنە، مانچێستەر یونایتدو تەنانەت بایرن میونخی ئەڵمانیش.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئینگلتەرا، هالاندو مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری كارەكانی لەوە ئاگادارن كە نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش وای لێكردوون بیر لە مووچەیەكی گەورە بكەنەوە ئەگەر هەنگاوێكی نوێی هاوێشت.
بەپێی رۆژنامەكە، مەرجی نوێی هالاند بۆ ئەو یانەیەی دەیەوێ گرێبەستی لەگەڵ بكات، مووچەیەكی 18 ملیۆن یۆرۆیی دەبێ ماوەی گرێبەستەكەیشی 5 ساڵ بێت، كە بێگومان ئەم پارە زۆرە بۆ هەر یانەیەك بارقورسییەكی زۆر دەبێت، لە سایەی قەیرانی ڤایرۆسی كۆڕۆنادا.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو