هۆكاری تووشبوونی منداڵ بە شێرپەنجە

هۆكاری تووشبوونی منداڵ بە شێرپەنجە

لە توێژینەوەیەكی پزیشكیدا دەركەوتووە ڕۆژانە زیانی گەورە بە شریتی دی ئێن ئەی ئەو باوكانە دەگات، كە جگەرەكێشن و ئەگەری هەیە منداڵەكانیان تووشی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە ببن. توێژینەوەكە لەلایەن چەند توێژەرێكی پزیشكییەوە ئەنجامدراوە و تێیدا هاتووە، كە جگەرەكێشان زیان بە شریتی دی ئێن ئەی باوكەكە دەگەیەنێت و لە ڕێگای خانە بۆ ماوەییەكانەوە ئەو زیانانەی كە بە باوكەكە گەیشتووە دەگوازرێتەوە بۆ خانەكانی جەستەی منداڵ. گرنگترین خاڵیش كە لە توێژینەوەكەدا ئاماژەی پێكراوە باس لەوە دەكات، كە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەكەدا تا دەگاتە تەمەنی هەرزەكاری، زیانەكان لە ناو جەستەیدا گەشە دەكات و ئەگەری زۆری تووشبوونی بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجەی لێ‌ دەكرێت، بە تایبەتی شێرپەنجەی خوێن . دایان ئەندرسن پزیشكی بەشداربووی توێژینەوە پزیشكییەكە داوای لە باوكە جگەرە كێشەكان كردووە، كە ئەگەر بیانەوێت لە داهاتوودا وەچەیەكی ساغ و سەلامەت بخەنەوە، پێویستە 12 هەفتە پێش ئەنجامدانی پڕۆسەی جووتبوون بۆ خستنەوەی نەوەی نوێ‌ دەستبەرداری جگەرە كێشان بن, چونكە دروستبوونی تۆوێكی پاك و چالاك، پێویستی بە 3 مانگ كات هەیە.

 

زۆرترین بینراو