هۆكاری لاوازی متمانە لە نێوان كچان و كۆڕان

هۆكاری لاوازی متمانە لە نێوان كچان و كۆڕان

ئا- هێرش عەلی ئەبابەكر- ئاشتی شەریف خزر
زاری كرمانجی- سۆران: بۆ ئاسوودەبوون لە هەر پەیوەندییەك پێویستە رێز و خۆشەویستی و متمانە هەبێت، ئەگەر نەبوو ئەو هاورێیەتییە بەرەو لاوازی دەچێت و چێژی نامێنێت.
هەندێك لە هاووڵاتییان هۆكاری نەمانی متمانە بۆ چەند هۆیەك دەگێرنەوە، هەروەك زەهرا چەتۆ، بەرپرسی ناوەندی باڵای سۆرانی یەكێتی لاوان، لەمبارەوە گووتی " نزمبوونەوەی ئاستی نەمانی متمانە لە نێوان كچان و كوڕان بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێتەوە، وەك زۆری و زیاد بوونی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەورێكی سەرەكی هەیە، بۆ كم بوونەوەی متمانەی نێوان هەر دوو رەگەز و بگرە لە نێوان هاوسەران و ئەندامانی خێزانیش، بوونی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و بەكار هێنانیان بە شێوەیەكی ناتەندروست ئاستی متمانەی كم كردووەتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە نزمی ئاستی رۆشنبیری گەنجان وادەكات كمتر متمانە هەبێت، بەهۆی بەكار هێنانی چەندین ئامێری پەیوەندی كردن بە ناوی خوازراو، هەوەرها پەخشكردنی دراما بیانییەكانیش كاریگەری لەسەر نەمانی متمانە هەبووە".
هەندێك كەسی دیكە بوونی متمانە بە بنەمایەكی سەرەكی دروستبوونی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكان دەزانن و ئەگەر ئەو متمانەیە نەمێنێت، پەیوەندییەكانیش دەرزی تێ دەكەوێت، هەروەك هەژتر ماهیر، سەرۆكی رێكخراوی وار، گووتی" متمانە هۆكاری سەرەكی دروستبوونی پەیوەندییە لە هەموو روویەكەوە، متمانە واتە بڕوا بوون بە كەسی بەرامبەر لە هەموو روویەكەوە، ئەگەر ئەم بروا و متمانەیەش نەما ئیتر درز دەكەوێتە نێوان مرۆڤەكان، جا ئەم متمانەیە زیاتر لە نێوان رەگەزەكان پێویستە، لەبەر ئەوەی قوربانیانی دوێنی و ئەمڕۆش و رەنگە سبەش لە هەردوو رەگەز پەیوەندی بە متمانە و بڕوا پێكردنی كەسێكەوە بووە، كە دواتر پرەنسیپەكانی متمانەیی خستۆتە ژێر پێ و ئەویش باجی قوورسی داوە، مرۆڤەكانی دیكەش ئەزموون لەم كارە خراپەی وەردەگرن و متمانە بەرەو لاوازی دەچێت".
لە دیدی پارێزەكیش ناراستگۆیی هۆكاری سەرەكی نەمانی متمانەیە لە نێ,ان كچان و كوڕانەوە، پارێزە سكاڵا مەجید، لەمبارەوە گووتی" هۆكار گەلێكی زۆر هەن بۆ لاواز بوون یا نەمانی متمانە لە نێوان كچان و كوڕانەوە، كە هەندێكی بۆ بەسەرهاتی هاوڕێیان یا كەسانی نزیكی كەسە دەگەرێتەوە، كە بە هۆی متمانە پێكردن بە كەسێكەوە رووبەرووی كێشەی زۆر بۆتەوە و باجی قورسی داوە، بۆیە ئەو كەسەش لە متمانە كردن هەزەر دەكات و پەیوەندییەكانی سنووردار دەكات.
ئەو پارێزەرە گووتیشی" زۆر جار هاورێیەتی لە رێگەی یەكتر بینینی راستەوخۆوە نەبووە، واتە لە رێگەی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن بووە، كە لەم كاتەدا رێژەیەكی زۆری قسەكان و راستییەكان ناگووترێن، هەندێك كەس لە رێگەی ئامێرەكان و هۆكارەكانی پەیوەندی كردن خۆیان وەك فریشتە نیشان دەدەن لە كاتێكدا دەشێ پێچەوانەكەی بێت و ئەمەش كاریگەری لەسەر متمانە كردن دەبێت".
ئەو پێیوایە پێویستە سنوور بۆ هەر جۆرە متمانەیەك دابندرێت و گووتی" مرۆڤ ژیر دەبێ باش بزانێت متمانە پێ كردنیش سنووری خۆی هەیە و نابێ لە هەموو روویەكەوە بە شێوەیەكی رەها متمانە بەكەسێك بكەی، لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری ئەو كەیسانەی كە ئێمە وەك پارێز بینیوومانە پەیوەندی بەوە هەبووە، كەسێك متمانەی رەهای بە هاورێ یا كەسێكی نزیكی بووە، هەموو نهێنی و شتە تایبەتەكانی لا باس كردووە یا رادەستی كردووە، دواتر ئەو كەسە وەك چەكێك لە دژی ئەو بەكاری هێناوەو رووداوی گەورەی لێكەوتووتەوە، ئەگەر سنوورێك بۆ ئەم بابەتە دابندرێت ئەوە هەم متمانە بە جوانی دەمێنێتەوە، هەمیش كێشە دروست نابێت".
هەندێك لە قوتابیانی زانكۆ پێیانوایە خیانەت كردن لە یەكتری هۆكاری سەرەكی نەمانی متمانەیە لە نێوان كچ و كوڕ، وەك سیداد مەغدید كە قوتابی زانكۆی سۆرانە گووتی" یەكێك لە هۆكارەكانی نەمانی ئەم متمانەیە لە نێوان كچ و كوڕ بۆ خەیانەت كردنی یەكێكیان لەگەڵ ئەوی دیكە دەگەرێتەوە یا راستر بڵێم ناراستگۆیی نێوانی هەر دوولا تێكدەدات دوای ئاشكرا بوونی راستییەكان".
ئەو قوتابییەی زانكۆ هۆكارێكی دیكەی نەمانی متمانە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دەگێرێتەوەو دەڵێت" راگەیاندنەكان لە جیاتی ئەوەی پلانیان بۆ گراندنەوەی متمانە بێت لە نێوان كچان و كوڕان هۆكارێكن بۆ روخاندنی ئەو پردە".
هەندێكی دیكە پێیانوایە بەهێز بوون متمانە لە نێوان مرۆڤەكان دەبێتە هۆی سەركەوتنی كەسەكان لە ژیان و كارەكاندا و پێچەوانەشی واتە رووخاندنی مرۆڤەكان، وەك كەلسوم شوان كە راگەیاندنكارێكی دیاری كوردستانە گووتی" متمانە بەخۆی بوون یا متمانە كردن بە كەسێك دەبێتەهۆی سەركەوتنی مرۆڤ لە هەموو روویەكەوە، بەمەرجێك بزانی متمانە چۆن و بە كێ و تا چ سنوورێك دەیكەیت".
لەبارەی لاوازی متمانە لە نێوان كچان و كوڕان گووتی " بە پلە یەكەم ئەم لاواز بوونەی دەگێرمەوە بۆ تەكنۆلۆژیا، بە تایبەتی تۆڕٍەكانی پەیوەندی كردن، ئاخۆ كچان و كوڕانی ئێمە تا چەند هۆشیاری ئەوەیان هەیە بە شێوەیەكی تەندروست و وریایی بەكاری بهێنن و چۆن متمانە بەو پەیوەندییە دەكەین كە لەم رێگەیەوە دروست دەبێت، ئاخۆ چۆن دەبێ گرتە یا وێنەیەكی خۆم بۆ كەسێك بنێرم كە تەنها لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەیناسم و بە شێوەی رووبەروو ئاڵوگۆڕی بۆچوونی یەكترمان نەكردووە و هەڵسوكەوت و دونیا بینی ئەوم هەڵنەسەنگاندبێت".
ئەو ئافرەتە راگەیاندنكارە زیاتر گووتی" كچێك دەچێت نهێنی كوڕیك كەلای ئەو باسی كردووە، بەڵاو دەكاتەوە یا كوڕێك نهێنی كچێك ئاشكرا دەكات، ئەمە جگە لەوەی كارێكی نا ئەخلاقی و نامرۆڤانەیە و رەنگە كێشەی گەورەی كۆمەڵایەتی بەدوادابێت لە هەمانكاتیشدا هۆكاری سەرەكییە بۆ نەمانی متمانە لە نێوان كچان و كوڕان، یا زۆر جار كچ یا كوڕ نهێنییەكیان لای یەكتر هەیە كە بەهۆی هاورێیەتی و متمانەوەیە دەستیان كەوتووە، بەڵام لەگەڵ سارد بوونەوەی هاورێیەتی ئەو نهێنییە وەك چەكێك لە دژی ئەوی دیكە بەكاری دەهێنن و ئەوی دیكە ناچار بە ملدان بە كارێك دەكات كە دوورە لە رەوشتی مرۆڤایەتی".
پۆلیسێكیش لێكتێنەگەیشتن بە هۆكاری نەمانی متمانە دەزانێت و دەڵێت" نەمانی متمانە نێوان كچان و كوڕان بۆ لێك تێنەگەیشتن دەگەرێتەوە، لێكتێنەگەیشتن لە كردار و گوفتار". كامەران تەلعەت، زیاتر گووتی " نەبوونی راستگۆیی لە قسە و هەڵسووكەوت هۆكاری سەرەكی نەمانی متمانەیە".
كاروان فەتاح قوتابی زانكۆی سۆرانە، ئەو پەروەردەی خێزانی بە هۆكاری نەمانی متمانە دەزانێت و دەڵێت" ناهۆشیاری تاك هۆكاری سەرەكییە بۆ نەمانی متمانە، لەبەر ئەوەی كاتێ كەسێك لە خێزانێك پەروەردە دەكرێت، دواتر دێتە ناو جومگەكانی كۆمەڵگە و جیاوازی زۆر لە نێوان پەروەردەی خێزان و پێویستی كۆمەڵگە دەبینێت، ترسی لا دروست دەبێت، ترس لە متمانە كردن".

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو