هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی خوێندنی ئۆنلاین

ڕەهێل دزەیی

ئەو فەلسەفەییەی كە سستمی پەروەردە و فێركردن لەسەری بنیادنراوە، ئەوەیە كە ڕێگامان پێدەدات لە سنووریدا گۆڕانكاری و گەشە بە مۆدێل و مێتۆدەكانی فێربوون بكەین.
فەلسەفەی پەروەردە و فێركردنی هەرێمی كوردستان فەلسەفەی كلاسیكە. لە سستمی كلاسیكدا خوێندكار فێر ناكرێت كە بەرپرسیاربێت لە پرۆسەی فێربوونی خۆی وە ڕۆڵێكی هەبێ لەم پرۆسەیەدا، ئەمەش وا لە خوێندكار دەكات بەدوای فێربووندا نەگەڕێت. ، مامۆستا ڕۆڵی سەرەكی هەیە وتەنها مامۆستا بڕیار لەسەر شێوازی وانەبێژی وئەو زانیاریانەی دەبێ بدرێت بە خوێندكار، بڕیار دەدات چۆن وچی و كەی خوێندكارەكە فێربیت.
خوێندنی ئۆنلاین ئامادەباشی زۆری پێویستە تا سەركەوتوو و سوودبەخشبێت، لەسەرووی هەموویانە دەبێ فەلسەفەی سستمی پەروەردە وفێركردن بگۆڕدرێت بە فەلسەفەی مۆدێرن، كە لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو زۆر لەمێژە پەنایان بۆ بردوە، دوای ئەوەی دركیان بە خراپی ونەگونجاوی فەلسەفەی كلاسیك كردوە. لە فەلسەفەی مۆدێرندا خوێندكار سێنتڕاڵە و خۆی بەرپرسیارە لە پڕۆسەی فێربوون، ئەم مۆدێل ومێتۆدانەی بەكاردەهێندرێن وا لە خوێندكار دەكات بەدوای زانیاریەكاندا بگەڕێت، مامۆستا ڕۆڵی چاودێری وڕێنمای كردنە.
پەنا بردن بۆ خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی كوردستان تەنها بەهەدەردانی كات و پارەیەكی زۆرە. وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیاندنەكانیدا دەڵێ:زۆرێك لە وڵاتان پەنایان بۆ خوێندنی ئۆنلاین بردوە. لەوانەیە ڕاست بێت، بەلام كامەن ئەم وڵاتانەی سوودیان لەم مێتۆدە وەرگرتوە؟ئەم وڵاتانەن كە مێژوویەكی درێژیان هەیە لە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا لە بواری خوێندندا. ئەم وڵاتانەن كە ئامادەباشی زۆریان كردوە، وەك دابین كردنی كۆمپیوتەر و پێداویستیەكانی تر بۆ سەرجەم خوێندكاران و مامۆستایان. ئەم وڵاتەنی كە سستمی ئینتەرنێتی باش وسەركەوتوویان هەیە وبە بێ بەرامبەر لەبەردەستی مامۆستا وخوێندكاراندایە.
خوێندنی ئۆنلاین بە گشتی سەركەوتوونییە، تەنانەت لە وڵاتە پێشكەوتوەكانیش، ئەگەربێتو بەتەنیا پەنای بۆببەین، بەڵام ئەگەر وەك یاریدەدەرێك بەكار بهێندرێت بۆ خوێندی ئاسایی دەكرێ سوودبەخشبێت بۆ قۆناغەكانی دواناوەندی وزانكۆ وپەیمانگەكان، كەمترین سوودی دەبێت بۆ قۆناغی بنەڕەتی.
ناكرێ چاوەڕوان بین لە هەرێمی كوردستان خوێندنی ئۆنلاین سەركەوتووبیت، لەكاتێكدا حكومەت نەتوانێت پێداویستیەكان ئامادە بكات. كە بڕیاری خوێندنی ئۆنلاینیاندا لە خۆیان نەپرسی چەند خوێندكار لەم هەرێمە خاوەن كۆمپیوتەری خۆیەتی؟ چەند خێزان توانای ئەوەیان هەیە ئینتەرنێت دابین بكەن بۆ منداڵەكانیان تا بتوانن سوود لە خوێندنی ئۆنلاین وەربگرن؟ ئایە خوێندنی ئۆنلاین بۆ لادێ و شارۆچەكەكانیشە یان تەنها بۆ شارەگەورەكانە؟
ئەگەر بۆ هەموو هەرێمی كوردستان بێت، ئەوە دەبێ ببپرسین، ئایا بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە ئاگاداری ئەوەن نین كە ئینتەرنێت بوونی نیە لە لادێ و شوێنە دوورەدەستەكان؟
باری گوزەرانی زۆرێك لە خەڵكی لادێ وشار وشارۆچكەكان هی ئەوە نیە كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت بۆ مندالەكانیان دابین بكەن.
لەبەر ئەوەی خویندكاری هەرێمی كوردستان فێرنەكراون خۆیان بەرپرسیار بن لە پڕۆسەی فێربوونی خۆیان، ئەوان تەنها گوێگر بوون لە ناو پۆلدا كە مامۆستا بە هەموو ئەركەكە هەستاوە، دەبینین كەمترینیان هەوڵدەدەن سوود لە خوێندنی ئۆنلاین وەربگرن، تەنانەت لە زۆرێك لە شارو شارۆچكەكان خوێندكاران ئەركی ئەوە ناكێشێن بچن كۆدی بەكارهێنانی خوێندنی ئۆنلاین لە خوێندنگەكانیان بهێنن.
گرنگە لەو كاتانەی وەزارەتی پەروەردە و فێركردن بڕیارێكی لەم شێوەیە دەدات، پێشوەخت هەموو پێداویستیەكان بۆ خوێندكاران و مامۆستایان دابین بكات و هیچ بارگرانیەكی ماددی نەخاتە سەر خێزانی خوێندكاران، بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەست بێنێن.
سەردەمی و شێوازی ژیان لەگەڵ بوونی نەخۆشیەكی وەك نەخۆشی كۆڕۆنا، لە هەموو جیهان وای كرد كە حكومەت وسیاسەتمەداران و تەنانەت تاكەكانی كۆمەڵگەش چاوێك بە ئیش و كارەكانیان دا بگێڕنەوە وگۆڕانكاری تێدابكەن. هیوادارم حكومەت و وەزارەتی پەروەردە وفیركردن لە هەرێمی كوردستان چاوێك بە فەلسەفە و كۆی سستمی پەروەردە وفێركردندا بگێڕنەوە وبودجە و دڵسۆزیەكی زیاتری بۆ تەرخان بكات، ئامادەباشی وپلانی پێشوەختی هەبێ بۆ هەر رووداوێكی لەناكاو.

زۆرترین بینراو