هیزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و کوردستان دەمێننەوە

هیزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و کوردستان دەمێننەوە

 

فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئەڵمانیا رەتی دەکاتەوە لە ئێستادا هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە و پێی وایە هیچ هۆکارێکی لۆجیکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەوان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەئارادا نییە.

ئێریک فێفێر فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئەڵمانیا وێڕای ئاشکراکردنی ئەم هەڵویستەی وڵاتەکەی گوتی هێزەکانیان درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن تا ئەو کاتەی دۆخێک دێتە کایەوە هیچ پێویستییەک بە بوونی هێزەکانیان نەمابێت.
مەبەستی ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەڵمانیا کە لە دوو رۆژی رابردوو میدیاکان پرسیاری کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراقیان ئاراستە کردبوو ئەوەیە هیچ نیەتێک بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نییە چونکە هۆکارەکانی هاتنیان بۆ عێراق هێشتا لەجێی خۆیان ماون و مەترسی داعش نەڕەویوەتەوە و پێویست بەوە دەکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چالاکییەکانی بەردەوام بێت.
هەرچەندە بەشیک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق گوشاری ئەوەیان دروست کردووە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمان لە پەرلەمان تاوتوێ بکەن بەڵام حکوومەت و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان خۆیان پێیان باش بووە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر لە عێراق بمێننەوە.
پێویستە بگوترێت لە دوای ئەمەریکا ئەڵمانیا بە دووەم ولات دێت کە بە ئاشکرا پێداگری لە مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەکات. ئەڵمانیا لە گرنگترین ئەو وڵاتانەیە کە لە جەنگی دژی داعش چ لە عێراق و چ لە سووریا رۆڵێکی کاریگەری گێڕا.
ئەڵمانییەکان لەم جەنگەدا زیاتر لە هەموو هێزێکی مەیدانی لە هێزەکانی پێشمەرگە نزیک کەوتنەوە چونکە متمانەیان بەو هیزە هەبوو و وێڕای پێدانی کۆمەڵێک چەک و پێداویستی سەربازی بە پێشمەرگە، لە بواری سەربازی چەندین خولی راهێنانی سەربازییان پێشکەش کرد و ئێستاش لە راهێنانەکانیان بەردەوامن.
مانگی رابردوو بوو کە بۆ ماوەیەکی کورت لەبەر هۆشداری بەرزکردنەوەی پلەی ئەمنیی سوپای ئەڵمانیا راهێنانی راوێژکارە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە بە پێشمەرگە و سوپای عێراق هەڵپەسێردرابوو بەڵام لە 18ی ئایارەوە دووبارە دەستیان بە چالاکییەکانی خۆیان کردووەتەوە.
هەر ئەوکات فەرماندە و جەنەرالەکانی سوپای ئەڵمانیا دوای چاوپێداخشاندنەوەی دۆخی ئەمنی عێراق روونکردنەوەیان پێشکەش بە سیاسەتمەداران و فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان وڵات کرد و گوتیان دۆخەکەیان هەلسەنگاندووە و بەو ئەنجامە گەیشتوون هیچ بەربەستیک نییە بۆ ئەوەی رێگری لە درێژەدان بە راهێنانە سەربازییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
بە پێی دوایین ئامار کەماڵپەڕی دۆیچەوێلێی ئەڵمانی بڵاوی کردەوە کۆی ژمارەی ئەو سەرباز و راوێژکارە ئەڵمانییانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکی راهێنانن دەگاتە 160 سەرباز. لەو ژمارەیە 100 کەسیان لە هەرێمی کوردستان جێگیر بوون و لە راهێنانی پێشمەرگە بەردەوامن. هاوکات 60 سەربازی تری ئەڵمانی لە شارۆکەی تاجی باکوری بەغدا خەریکی راهێنانی هێزەکانی سوپای عێراقن.
چەکی میلانیەکێک لە گرنگترین ئەو چەکانە بوو کە ئەڵمانیا دای بە پێشمەرگە و توانای پێشمەرگەی لە بەرانبەر هامەڕ و زرێپۆشە مینڕێژکراوەکانی داعش بەرز کردەوە.
ئەڵمانیا لەو وڵاتانەیە کە بە چڕی راهێنانی بە پێشمەرگە کرد و تەنانەت تیمی پێشمەرگەی بە مەبەستی راهێنان بۆ ئەڵمانیا گواستەوە و لەسەر ئەو چەکانە راهێنانی پێ کرد کە پێشمەرگە دواتر دژ بە داعش بەکاری هێنان.
لە ئاستی وەزارەتی بەرگری و دەرەوە چەندین جار بەرپرسانی ئەڵمانی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لە نزیکەوە هێزەکانی پێشمەرگەیان بەسەر کردووەتەوە. هاوکات ئەو وڵاتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی پێشمەرگە بنیات ناوە.

زۆرترین بینراو