هیوا ئادەم: ئازاد نەبووم لە نووسینی شیعر

هیوا ئادەم: ئازاد نەبووم لە نووسینی شیعر

زاری كرمانجی-سۆران: هیوا ئادەم ساڵی1990 لە ئێران هاتووتە دنیاوە، لە تەمەنێكی بچووكەوە بەهۆی خوێندنەوەی نامیلكە و كتێبەوە بوونی خۆشەویستی تاك ڵایەنە هەستی شیعر نووسینی ڵا دروست دەبێت و دەست دەكات بە نووسینی شیعر.
هیوا بە زاری كرمانجی گووت" لە تەمەنی منداڵیم زۆر كتێب و نامیلكەی جیاوازم دەخوێندەوە، لە تەمەنی گەنجیشمدا بەهۆی بوونی خۆشەویستی یەك ڵایەنە و بوونی ترس و لەرزێكی زۆر كە تەنها شەوان لەژێر بەتانیەكەمدا دەمتوانی بیری لێبكەمەوە، ئەم خۆشەویستییە بووە گڕكانێك و هەناوی منی جوڵاند، ئەمە بووە هۆكارێك دەست بكەم بە نووسینی شیعر، ئێستا چەندین دەستنووسم هەیە بەڵام ساردبوومەوە لەوەی چاپ و بڵاویان بكەمەوە، تەنانەت دیزاینەكەش ئامادەیە، (هەناسەیەك بەر لە مردن) بەرهەمێكی خۆمە بە ناوی خۆمەوە بڵاوم نەكردۆتەوە، ئەوكاتەی ئەم بەرهەمەم چاپكرا ئازاد نەبووم و قاچاخ بووم لەڵای باوكم، كۆمەڵێك بەرهەمی تەمەنی هەرزەكاری منن چاپكراون لە ساڵانی 2006،2007 و 2008 نووسیبووم بەهۆی ئەوەی بنەماڵەیەكی ئایینی بووین ئازاد نەبووم لە نووسینی شیعر، لە كۆڕێكی شیعری بەشداریم كرد لە چۆمان ئامادەبووان شیعرەكانیان بە دڵ بوو، سەنتەری رۆشنبیری چۆمان پێیان وتم دەمانەوێت ئەمە بكەین بە پڕۆژەیەك و چاپی بكەین، زۆرم پێخۆشبوو هەموو شتێك رێكخرا دیزاینەكەی ئامادەكرا بۆ چاپكردن، دەلەرزیم ترسێكی زۆرم هەبوو لە ئاشكرا بوونم، پەیوەندیم پێوەكردن داوام لێكردن بە ناوی منەوە چاپ نەكرێت با ناوێكی تری بۆ دابنێین بڕیارماندا بە ناوی بێدار قەسرەیی چاپ بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاشكرابووم زۆر كەس دەیان پرسی لە قەسرێ بێدار كێیە؟ بۆچی ئێمە نایناسین؟ تا رۆژێك لە شیعرێكم دا بە ناوی بەهار كە تێیدا نووسرابوو (چەندە جوانی بەم جڵانە بە زۆلف و ئەگریزەی خاوت، سەدان هیوا عاشق دەكەی بە نیگای جوانی چاوت) ئەم نووسینەم وایكرد ئاشكرا ببم بەهۆی هاتنی ناوم لە شیعرەكەدا".
گووتیشی" دوای تێكەڵ بوونم بە خوێندن و زیاتر ئاشنا بوونم بە كەسانی پسپۆر و ناسینی خوێنەری جدی لە خوێندنەوە ئەو بڕوایەی هەمبوو لەسەر چاپكردن 180 پلە گۆڕدرا، تەنانەت لەو سێ بەرهەمەی چاپیشم كردووە پەشیمانم، 11 دەستنووسم هەیە نزیكەی 180 ڵاپەڕەیە دیزاینی بەرگەكەشی كراوە لە ساڵی 2014 بەڵام رامگرتووە چاپم نەكردووە تا وەك بەرهەمەكانی پێشووترم لێی پەشیمان نەبمەوە، پەشیمانیش بە رادەیەك نا هەموو بەرهەمەكانم بێ بەها بكەم چونكە هەندێك بەرهەمم هەیە زۆرباشن، شیعری وام هەیە دەكرێت بكرێن بە گۆرانی چونكە ریتمی گۆرانی تێدایە، گەشبینم بەوەی خەڵكی زۆرباش هەن توانای زۆر باشی شاراوەیان هەیە تەنانەت لە شارێكی وەك سۆران زۆر دەنگی جیاواز و باش هەن، بەڵام غەدرێكی زۆر لە خۆیان دەكەن و دەرناكەون هەلی بەرەو پێشچوون نادەن بەخۆیان، كەسانێك هەن توانای زۆرباشیان هەیە بەڵام هیچی بۆ ناكەن و پەراوێزخراون كەسانێكیش هەن زۆر شتی بۆ كراوە بەڵام هیچی پێنییە، لە دەڤەرێكی بچووكی وەك سۆران دەنگی باش و تاقەی باشی تێدایە گەر ڵایەنێك هەبێت پاڵپشت و هاوكاریان بێت پشتگیریەكی تەواویان هەبێت رێگر نەبن لە بەردەمیان دەتوانن كاری زۆر باش بكەن، لە ڵایەكی ترەوە رەشبینم بەوەی كەسانێك هەن زۆر گەورە كراون خزمەتێكی باشیان دەكرێت كەچی هیچیان پێنییە، ئەوەندەی گرنگی بەوان دەدرێت گرنگی بە گەنجێكی پڕ لە بەهرە نادرێت".

 

زۆرترین بینراو