هیچ بڕیارێك لەبارەی كشانەوەی هێزی پیشمەرگە لە زینی وەرتێ نەدراوە

هیچ بڕیارێك لەبارەی كشانەوەی هێزی پیشمەرگە لە زینی وەرتێ نەدراوە

بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا گفتووگۆیەكیان لەگەڵ بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوە و چەند پرسێكیان لەگەڵ تاوتوێ كردووە، لەبەر گرنگی گفتوگۆكان بڵاو دەكەینەوە.


سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی داواكاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ كشانەوەی هێزەكەی وەزارەتی پێشمەرگە لە (زینی وەرتێ) دەڵێت" جارێ هیچ بڕیارێك نیە بۆ كشانەوەی ئەو هێزانەی لەو ناوچەیە هەن، بەڵام ئەو هێزەی یەكەی حەفتا بە ئاڵای حیزبەوە (ئاڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان) هاتونەتە زینی وەرتێ بە ڕاستی گرفتێكە هەر ئەمەش بووە هۆی ئەو كێشەیە بەگەورەیی دەربكەوێت هۆكارەكەش ئەو هەڵەیە بوو كە لەلایەن یەكێتی یەوە كرا، كاتێك هێزەكەی حەفتا- ی یەكێتی جوڵەی پێكرا بۆ زینی وەرتێ نە وەزیری پێشمەرگە و نە وەزارەت و نە حكومەتی هەرێمش ئاگادار نەبوون، هەروەها ڕەخنە لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان( پەكەكە) دەگرێت و دەڵێت"پەكەكە ئەو مافە بەخۆی دەدات بە هێزەكانی هەرێمی كوردستان بڵێ نابێت ئێوە لێرە دا جێگیر ببن ئەمە وەكو ئەو پەندە كوردییە كە دەڵێ "مرۆڤ لەماڵی خۆی بێت وماڵەكەی لێ حەرام بێت، بەڵام ئیتر هەڵەكانی پەكەكە لەكوردستان زۆرن، بوونی ئەوان لەهەرێم دەمێكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕەتكراوەتەوە."

" بەقسە و داواكاری كەس پێشمەرگە هەڵناوەشێتەوە "

لەسەرەتای وتووێژەكەدا بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی وتەكانی (هادی عامری) سەبارەت بەچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەحاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە عیراق دەڵێت" بارەگای بارزانی-ئەم وتانەی ڕەتكربوەوە پێشتر، وە ئێمەش لەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم قسانە ڕەتدەكەینەوە چونكە ناكرێت پێشمەرگە بەراورد بكرێت بە حەشدی شەعبی، حەشدی شەعبی چەند ساڵێكە دروست بووە و دۆخێكی تایبەتی هەیە، پێشمەرگەش موڵكی هیچ حیزبێك نیە مێژوویەكی دورودرێژی هەیە، بەقسەی كەس پێشمەرگە هەڵناوەشێتەوە، دەكرێت ڕێككەوتن بكرێت لەسەر دۆخی پێشمەرگە، لەدەستوری عیراقیش بەڕوونی لە ماددە 121 دان بەهێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە نراوە كەسنورەكانی هەرێمی فیدراڵی كوردستان بپارێزێت، زۆرجار گوێبیستی ئەم لێدوانانە دەبین بەڵام واقع جیاوازە و شتێكی ترە هەر واقع شتێكی تر بە ئێمە دەڵێت."

سەربەست لەزگین دەشڵێت" هێزێكی وەك پێشمەرگە كەدەستور دانی پێداناوە هەرگیز بەراورد ناكرێت لەگەڵ ئەو هێز و گروپانەی دوێنێ دروست بوون، "هەزار و یەك ناوییان" هەیە لەژێر كاریگەری فتوای مەلا و ئەملاولادان."

وتیشی" لە 2003 دا كە ڕژێمی بەعس ڕووخا هەر هێزەكانی پێشمەرگە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عیراقی دەپاراست وە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەرێمێكی دەستوریە لەعێراقدا و مافی پێشمەرگەش پارێزراوە لەدەستوری عێراقدا، دەكرێ لەسەر بابەتی پێشمەرگە ڕێكەوتن لەگەڵ عێراق بكرێت. پێم وایە هادی عامری ئەوە بۆچوونی خۆیەتی."

" ئیرادەیەكی بەهێز هەیە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن لەشكرێكی یەكگرتوو "

"لە هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی چاكسازی هەیە وە لەچوارچێوەی ئەو چاكسازیە زۆر خاڵ و بابەت پەیوەندیدارن بە هێزەكانی پێشمەرگەوە بۆ ئەوەی دووبارە ڕێكخستنەوەیان بكرێت وە بكرێنە هێزێكی یەكگرتوو، ئەم هەوڵانە بەردەوامە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان.ئێستا چواردە لیوای هاوبەشمان هەن سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن ئێستاش وڵاتانی هاوپەیمانان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەرنامەیەكی تێر و تەسەلیان هەیە و لەسەر ئەوە ئیش دەكەن كە هێزێكی یەكگرتوو و پڕۆفیشناڵ و مەشق پێكراو لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت وە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە كە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن لەشكرێكی یەكگرتوو ." بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای وت"

"كێشەكەی زینی وەرتێ "

سەربەست لەزگین لەبارەی كێشەكەی ناوچەی (زینی وەرتێ) دەڵێت" لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خۆپارێزی بۆ ئەوەی سنورەكان بپارێزرێن لەو شوێنانەی كە خەڵك بە قاچاغ دەهاتن واتە لەبەر ئەو ڕێكارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرتبووییە بەر ، وە لیژنە ئەمنییەكانی ئەو ناوچەیە داوایان لە وەزارەتی ناوخۆكردبوو كە هەندێك بازگەی پێشمەرگە دابنێن لەو شوێنە بۆ ئەوەی زیاتر كۆنتڕۆڵی پەتای كۆرۆنا بكەن، وەزارەتی ناوخۆ لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە كرد و داوایان لێكردن كە هێزێك بنێرنە ئەوێ (زینی وەرتێ) ئەو بەتالیۆنەی چۆتە ئەوێ هەر لە یەكێتی بووە، بەڵام بەداخەوە برادەرانی یەكێتی زۆر گەورەیان كرد، یەكسەر هێزێكی یەكەی 70 هاتوون و ئاڵای یەكێتیان هەڵكرد و جوڵەی پێكراو بۆ ئەو ناوچەیە پاشان لەژێرەوە لەگەڵ پەكەكە هاتنە سەر خەت، پەكەكەش هاتە نزیكی ئەو هێزەی وەزارەتی پێشمەرگە."

"پەكەكە ئەو مافە بەخۆی دەدات بە هێزەكانی هەرێمی كوردستان بڵێ نابێت ئێوە لێرە دا جێگیر ببن ئەمە وەكو ئەو پەندە كوردییە كە دەڵێ "ئینسان لەماڵی خۆی بێت وماڵەكەی لێ حەرام بێت"
"پێشتریش گوندەكانی ئەوێ و ئوتومبیل سوتێنراوە و خەڵكێكی زۆر برینداربوون چونكە بەهۆی بوونی پەكەكە لەو ناوچەیە كە لە كۆنەوە هەیە "لە قەندیل" تا بە ئازادی خۆیان هاتوچۆ بكەن، بەداخەوە پەكەكە ئەو حەقە بەخۆی دەدات كە بە هێزەكانی هەرێمی كوردستان بڵێ نابێت ئێوە لێرە دا جێگیر ببن ئەمە وەكو ئەو پەندە كوردییە كە دەڵێ "ئینسان لەماڵی خۆی بێت وماڵەكەی لێ حەرام بێت" . پاش ئەو بۆردومانانەی كە كراونەتە سەر ئەو ناوچەیە، بارەگای پەكەكە نەما لەوێ."سەربەست لەزگین وا دەڵێت"

"هەڵەكانی پەكەكە لەكوردستان زۆرن، بوونی ئەوان لەهەرێم دەمێكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕەتكراوەتەوە."

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت" پەكەكە نەدەبوو بێن و بەئاشكرا خاڵێكی ئاشكرا دابنێن لە زینێ وەرتێ، لەكاتێكدا بەردەوام بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان توركیا بەدوایاندا دەگەڕێن كەچی جێی سەرسوڕمانە ئەوان هاتن بە ئاشكرا و "بەنوێژی نیوەڕۆ" بارەگایان دانا ، ئەوە هەڵەیەكی گەورە بوو بەڵام بەداخەوە پەكەكە هەر لەمێژەوە هەڵەكانی زۆرن لە هەرێمی كوردستان.
بوونی پەكەكە لەكوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان رەت كراوەتەوە بەواتای ئەوەی ئێمە پێمان خۆش نیە ئەوان بەوشێوەیە هاتوچۆ بكەن لە هەرێمی كوردستاندا بەڵام چی بكەن واقیعەكە هەیە، ئەوان لەو شاخانەدا خۆیان دەشارنەوە و ئەو ناوچانەش زۆر سەختن . دەبوو پەكەكە زیاتر ڕووبەڕووی گۆڕەپانی توركیا ببێتەوە نەك هەرێمی كوردستان. وە ئەگەر لە هەندێك شوێن بوونیان هەبێت ، ئەوا پێویستە ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بكەن نابێ ببنە كۆسپ و ڕێگر لەبەردەم ئیش و كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا."

"هۆكارەكەش ئەو هەڵەیە بوو كە لەلایەن یەكێتی یەوە كرا "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هیچ بڕیارێك هەیە بۆ كشانەوەی ئەو هێزەی پێشمەرگە لە زینی وەرتێ؟ كەپێشتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا داوای كردبوو سەرۆكی هەرێم وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم بڕیاری كشانەوەی ئەو هێزە بدات.
سەربەست لەزگین لەوەڵامدا ڕایگەیاند " سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پێشمەگە بڕیار بەدەستن بۆ جوڵە پێكردن و جێگیركردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەهەموو شوێنەكانی هەرێمی كوردستان، واتە لایەنێكی سیاسی نەدەبوو دەست وەربداتە ئەم بابەتە، جارێ هیچ فەرمانێك نیە بۆ كشانەوەی ئەو هێزانەی لەو ناوچەیە هەن، بەڵام ئەو هێزەی یەكەی 70 بە ئاڵای حیزبەوە هاتۆتە ئەوێ.بە ڕاستی ئەوە گرفتێكە هەر ئەمەش بووە هۆی ئەو كێشەیە بەگەورەیی دەربكەوێت هۆكارەكەش ئەو هەڵەیە بوو كە لەلایەن یەكێتی یەوە كرا."

"لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا كەس بڕوای بەشەڕی ناوخۆ نیە "

سەربەست لەزگین ئاماژە ئەوەش دەڵێت" من لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدام كەس قەناعەتی بەشەڕی ناوخۆ نیە، بڕواش ناكەم ئەو دۆخە وای لێ بێت، بەڵام دڵەڕاوكێ دروست بوو ، لە ڕاستیدا هەموومان برای یەكتریین و دەمانەوێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنین و دۆخێكی باشتر دروست بكەین، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتی هەموو خەڵكی كوردستان بێت وە نابێت خەڵكێك لەژێرپەردەی حیزبەكانی تر دەسەڵات بەكار بهێنن دژی حكومەت."


بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی وت" ئەو هێزەی یەكێتی "هێزەكەی حەفتا" كە جوڵەی پێكرا بۆ زینی وەرتێ نە وەزیری پێشمەرگە و نە وەزارەت وە نە حكومەتی هەرێمش ئاگادار نەبوون."

زۆرترین بینراو