هیچ كاندیدێكی سەرۆكوەزیران بێ پشتگیری كورد سەركەوتوو نابێت

هیچ كاندیدێكی سەرۆكوەزیران بێ پشتگیری كورد سەركەوتوو نابێت

رائیب شێروانی – بەغدا : فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" زۆر زەحمەتە لەو ماوەیەدا لایەنە شیعەكان لەسەر كەسێك بگەنە رێككەوتن، بۆیە رەنگە هەر عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی بەردەوام بێت تا هەڵبژاردن دەكرێت، دەشڵێ:" هەر كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیران بارودۆخی هەرێم لەبەرچاو نەگرێت مەسیری وەكو عەللاوی دەبێت، بۆیە پشتگوێخستنی كورد لە پرۆسەی سیاسی زیان بە كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەگەیەنێت.
بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا دەڵێ:" زۆر زەحمەتە لە ماوەی ئەو 15 رۆژدا سەرۆك كۆمار كەسێك راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، هەر چەندە لایەنە شیعەكان لە نێوان خۆیاندا دەستیان بە گفتوگۆ كردووە بۆ ئەوەی كەسێك دەست نیشان بكەن، بەڵام ئەمەلێكی زۆر لاوازە كە لایەنە شیعەكان بگەنە رێككەوتن، بۆیە رەنگە هەر عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی بەردەوام بێت تا هەڵبژاردن دەكرێت، چونكە لە نێوان لایەنە شیعەكاندا زۆر كێشە هەن، كەسێكی دیاری كراو نیە كە هەموو لایەنەكان و شەقام لەسەر ڕازی بن.
فارس عیسا، دەشڵێ :" كورد مەرجی لەسەر هیچ كەس و لایەنێك نیە، تەنیا داوای تەوافوق، شەڕاكەت، تەوازن و جێبەجێ كردنی دەستوور دەكات، هەر كاتێك كورد یەكدەنگ و یەكڕیز بووە توانیویەتی هەم دەستكەوتەكانی خۆی بپارێزێت، هەمیش دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت، تا ئێستاش هەموو لایەنەكان یەكدەنگ و یەكڕیزن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا دیاركرد:" ئیرادەی سیاسی و كێشەی فەنی هەن، ئێستا وەكو پێویست ئیرادەی سیاسی نیە، لەرووی فەنییەوە زۆر زەحمەتە تا ساڵێك هەڵبژاردن بكرێت، چونكە هەڵبژاردن ئامادەكاری دەوێت، بۆیە لەم قۆناغەدا زۆر زەحمەتە هەڵبژاردن بكرێت، كۆمیسیۆنیش ئەو توانایەی نیە كە لەو كات و ساتەدا هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر ئەنجام بدات.
فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا جەختی لەوەشكردەوە:" محەمەد تۆفیق عەللاوی تەجرووبەیەكی باش بوو، لەگەڵ ئەوەی وانەیەكی باشە بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت هەرێمی كوردستان پشتگوێ بخات، بۆیە هەر كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیران دەبێت بارودۆخی هەرێم لەبەرچاو بگرێت، ئەگەرنا مەسیری وەكو عەللاوی دەبێت، چونكە هیچ كاندیدێكی سەرۆكوەزیران بێ پشتگیری كورد سەركەوتوو نابێت، لەگەڵ ئەوەی هەوڵی پشتگوێخستنی كورد لە پرۆسەی سیاسی زیان بە كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەگەیەنێت و رەوشی عێراق سەقامگیر نابێت".

زۆرترین بینراو