هێرشه‌كه‌ی توركیا 100 هه‌زار كه‌سی ئاواره‌ كردووە

هێرشه‌كه‌ی توركیا 100 هه‌زار كه‌سی ئاواره‌ كردووە

ستیڤان دوگاریك، گوته‌بێژ به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دوایین ئاماری ئاواره‌بوونی هاووڵاتیانی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریای راگه‌یاند كه‌ به‌هۆی هێرشی سوپای توركیا و میلیشیا‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ ماوه‌ی چوار رۆژه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

گوته‌بێژه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: "به‌هۆی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریاوه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون".

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ سه‌رۆككۆماری توركیا دوێنێ رایگه‌یاند، ئامانجێكی هێرشه‌كه‌ گێڕانه‌وه‌ی 4 ملیۆن ئاواره‌ی سووریایه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ توركیا به‌ ناوچه‌ی ئارام ناوی ده‌بات.

گوته‌بێژی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به‌ راپۆرتی ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی كاروباری مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد بۆ خستنه‌ڕووی ئاماره‌كه‌ و گووتی: "ئۆفیسه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س له‌و ناوچانه‌ی كراونه‌ته‌ ئامانجی هێرشه‌كه‌ تا ئێستا ئاواره‌ بوون".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی توركیاوه‌ گووتی: "پێویسته‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی و خه‌ڵكی سڤیل له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا بپارێزرێن".

كۆمیسیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاندبوو، راپۆرتیان له‌باره‌ی خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه‌ش ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی توركیاوه‌ بریندار بوون.

زۆرترین بینراو