هێرۆ عەلی مەحموود قسەلەسەر سیستەمی بریتش كانسڵ دەكات

هێرۆ عەلی مەحموود قسەلەسەر سیستەمی بریتش كانسڵ دەكات

بۆقسە كردن لەسەر گرنگی و هەبوونی دید و پەیامی قوتابخانەكان لەنزیكەوە دیدارێكمان لەگەڵ مامۆستا، هێرۆ عەلی مەحموود بەرێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی شەمامی زانستی كچان سازداوە، ناوبراو پێی وایە ئەگەر چەند خاڵێك هەیە جێ‌ بەجێ‌ بكرێن ئەوا سیستەمەكە سەركەوتن بەدەست دێنێت.
دیمانە: محەممەد مەحموود
*دیدو پەیامی قوتابخانە چۆن پێناسە دەكەی؟
-دیدو پەیامی قوتابخانە بریتییە لەو خواستەی كە قوتابخانە هەیەتی كە ئاخۆ خۆی چۆن دەبینێتەوە لە داهاتوو، ئەو كەسانەی كە قوتابخانە خزمەتیان دەكات ئەبێت چۆن بن لەداهاتوودا.
* دیدو پەیام لەچی بەدی دەكرێت؟
-دیدو پەیام لە ئەنجامی خود هەڵسەنگاندنی قوتابخانە بەدەی دەكرێت كە بووەتە بناغەی پلانی پەرەپێدانی قوتابخانە بۆئەوەی كاری لەسەر بكرێت و بگەنە ئەو ئامانجەی كە مەبەستیانە پێی بگەن لەداهاتوودا.
*دەكرێت سیستەمی بریتش كانسڵ سەركەوتن بەدەست بێنێت؟
-بۆسەركەوتنی ئەم سیستەمە، ئەگەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە جێ‌ بەجێ‌ بكرێت ئەوا سیستەمی (بریتش كانسڵ) سەركەوتن بەدەست دەهێنێت كە زۆر گرنگە بۆ قوتابخانە، خاڵەكانیش ئەمانەی خوارەوەن.
یەكەم: ناساندنی ئەم سیستەمە بە شێوەیەكی روون و فراوان لە لایەن كەسانی پسپۆرو شارەزا بۆ هەر یەك لە بەرێوەبەرەكان و یاریدەدەرەكان و مامۆستایان ، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا تەنها خولێكی پێنج رۆژە بۆ بەرێوەبەری قوتابخانەكان كرایەوە ئەویش لە سەرەتای دەستپێكردنی ساڵی تازەی خوێندن بوو، ئەم خوولەش نەبووە هۆی ئەوەی كە بەرێوەبەرەكان شارەزاێكی تەواو وەربگرن لەسەر ئەم سیستەمە.
دووەم: بوونی سەركردایەتیەكی دیموكراسی لە قوتابخانەكان كە هەموویان بە گیانێكی هاوكاری بڕیار بدەن، نەك بە تەنها بەرێوەبەر كارەكان ئەنجام بدات بەڵكو مامۆستاش هەست بە بەر پرسیاریەتی بكات ، تەنها خەمی تەواوكردنی پەرتووكە كەی نەبێت ، بەڵكو لە گەڵ بەرێوەبەرو ستافی كارگێری قوتابخانە چارەسەر بۆ كێش و گرفتەكان و كەموو كوریەكان بدۆزنەوە .
سێیەم: هەبوونی باڵەخانەی شیاو بۆقوتابخانەكان، گونجاوی باڵەخانەی قوتابخانەو نەبوونی هیچ كەم و كوریەك لەرووی ژوورەكان و باخچەو یاریگاو تاقیگە بەگشت پێداویستیەكان و خزمەتگووزارێك.
لەسەرووی هەمووشیانەوە خزمەتگوزاری كارەبا كە لە ئێستادا نەبوونی كارەبا كێشەی هەرە گەورەی قوتابخانەكانە، هەروەها كاتی دەوامی قوتابخانەكان درێژ بكرێتەوە و هەموو قوتابخانەكان بیناییەی تایبەت بەخۆیان هەبێت.
چوارەم: پێویستە بە لایەنی كەم ئەم سیستەمە بۆماوەی پێنج ساڵ لە ژێر چاودێری و تاقیكردنەوە دابێت ، بۆئەوەی رێژەی سەركەوتن و سەرنەكەوتنی دیار بێت نەك وەك بڕیارو سیستەمەكانی تر لەكاتی جێ‌ بەجێ‌ كردن دژایەتی دەكران ئەوپەڕی ساڵێك یان (9) مانگ بەردەوام دەبوون ، بەمەش بەو ماوە كەمە نە دەتوانرا باشی و خراپیەكانی، سەركەوتن و سەرنەكەوتنی ئەو سیستەمەمان بۆ بەدیار بكەوێت.
پَینجەم: پێدانی گشت ئەو ئەرك وماف و دەسەڵاتانەی كە تایبەتن بە بەرێوەبەر بیدرێتێ‌، بۆئەوەی هەست بە سەركردایەتی بكات.
شەشەم: دابینكردنی بودجەیەكی باش بۆقوتابخانە.
حەوتەم: دابینكردنی مامۆستای پسپۆری تایبەت بە تەواوی وانەكان وە بۆ گشت قوتابخانەكان.
*ئەم سیستەمە زیاتر قوتابخانەكانی سەرقاڵ نەكردووە؟
- ئەوەی جێگای داخە لە ئێستادا زۆربەی قوتابخانەكان هەموویان خۆیان خەریك كردووە بە سیماو جوانی بیناییەی قوتابخانەكەیان پیشەی خۆیان بیر چۆتەوە كە پەروەردەو فێركردنە و دەبێ‌ خەمی ئەوەیان بێت چۆن نزمی ئاستی زانستی قوتابییانی خۆیان بەرزبكەنەوە، هەوڵبدرێت چۆن ئەو ئاستە نزمە بەرز بكەنەوە، پێویستە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابییان و پەروەردەكردنیان لە پێشەوەی پلانەكان بێت.

 

زۆرترین بینراو