هێزی راستەقینەی پیاو بە ئەندازەی ئەو ژنەیە كە لایەتی

هێرۆ عەبدوڵرحمان

‎بەردەوام لە ناو كۆمەڵگە گوێبیستی ئەوە دەبین پیاو بەهێزە، قارەمانە، ئازایە و چەندان دەستە واژەی تر، كە گووزارشت لە هێزی ئازایەتی پیاو دەكات، لێرەوە دەردەكەوێ هێزی پیاو ئەوە نییە شان و باڵێكی بەهێزی هەبێ، كەس نەتوانێ سەیری چاویشی بكات، راستە مەردایەتی و ئازایەتی بەشێكی گرنگە لە كەسایەتی پیاو، خوا بۆ پیاوی لە ئافرەت بە هێزتر دروست كردووە بۆ ئەوەی بی پارێزێت نەك بیشكێنێت. بەڵام جێگای داخە لە سەردەمێكدا دەژین كە ئێستاش بەشێك لە پیاوان لە بەرامبەر بێ هێزی ژن هێزی بەناو پیاوەتی خۆیان بەكار دێنن.
یا ئەوەتا بە چەندەها شێوەی جیا جیا ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدرێن، بەمەش لە ناخەوە دەیان رووخێنن، ئەبێت چی لەوە سەختربێت كاتێ ژنێك دەڵێ لە پێناوی منداڵەكانم ناچارم ئەم باروو دۆخە قبوڵبكەم، كاتێك مرۆڤ ئەمە دەبیستێ وەك ئەمە وایە ئەو ژنە بەناو لە ژیان بژیت كە وەك دۆزەخێك وایە بۆی، خۆی نەبێ كەس ناتوانێ بەرگەی ئەم ژیانە بگرێت.
‎دایكێك قوربانی بە خۆشییەكانی دەدات لە ژیان تەنها لە بەر ئەوەی خاوەنی منداڵە، ئێ پیاوی بە هێز تۆش گەر كەمێك لەو هێزەی هەتە و لاف و گەزافی پیاوەتی لێدەدەی بتوانە دڵی ئەو ژنە خۆشكە با وەك جەستەیەكی بێ گیان سەیری تۆ نەكات، با لەگەڵ ئەو قوربانییەی بۆ منداڵەكانی دەدات تۆشی كەمێك بۆ گرنگ بێت، هێزی تۆ چی دێنی كاتێ نەتوانی پێكەنین بخەیتە سەر لێوی ئەو ژنەی سەردەمێك هەزار بەڵێنی درۆت پێداوە، دەتگوت دەتكەم بە دڵ خۆشترین ئافرەتی دونیا، تۆ جوانترین ئافرەتی، ئەو هەموو قسە بریقەدارنەت وای كرد دڵی ژنێك داگیر بكەی، بەڵام ئێستا لە سووچێكی دڵی ئەو شوێنت نییە، ئەمە هێزتە؟ بەڵام تۆ بێهێزترین كەسی گەر بەمە ئەڵێن هێز ئێمە بە هەڵە لە هاوسەرگیری و بنەماكانی تێگەیشتووین.
ئەگەر بڵێن ئایین وایگوتووە لەمەشیان هەڵەن، چونكە پێشەوامان محەممەد(د.خ) كە لە سەرە مەرگا بوو، بە ئەسحابەكانی فەرموو" ژنان ئەمانەتی ئێوەن بیان پارێزن بەو هێزەی كە هەتانە، ئەو نەیگووت زوڵمیان لێبكەن و هێزی پیاوەتی خۆتانیان بەسەر دا بسەپێنن، چونكە لە روانگەی ئایینی ئیسلامیشەوە هەرگیز بە كەم سەیری ئافرەت نەكراوە، بۆیە ئەگەر ویستت ئافرەتێك دڵخۆش بكەی وەك هاوڕێیەك دەردە دڵی لە گەڵ بكە، وەك باوك بیپارێزە، وەك پیاو خۆشت بوێت، بەهێزی پیاوەتی خۆت مەنازە لەبەردەم هاوسەرەكەتەوە.

زۆرترین بینراو