هێزێكی تایبەت لە پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی خانەنشین پێك دێت

هێزێكی تایبەت لە پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی خانەنشین پێك دێت

زاری كرمانجی- سۆران: بەرپرسی هێزی خەبات لە سۆران، باسی هۆكاری دامەزراندنی هێزێك دەكات بۆ پێشمەرگە دێرینەكان و ژمارەی هێزەكان ئاشكرا دەكات.
فەریقی یەكەم مستەفا عەبدولڵا گۆرۆنی، كە55 ساڵ بەردەوام پێشمەرگە بووە و 6 جار بەسەختی بریندار بووە و لە مردن گڕاوەتەوە و باوكی یەكەم شەهیدی شۆڕشی ئەیلوول بوو، ئێستا بەرپرسی یەكێكە لەو هێزانەی بۆ پێشمەرگە دێرینەكان دامەزراوە، بە زاری كرمانجی گووت" هێزی خەبات لە سۆران سەرپەرشتی هەرسێ‌ قەزاكانی (سۆران، رواندز، چۆمان) دەكات، زیاتر لە 16 هێزی لەو شێوەیە لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان كراونەتەوەو لە لایەن فەرماندە عومەر عوسمان سەرپەرشتی دەكرێن، مەبەست لەكردنەوەی ئەم هێزانە تۆمار كردنی ناوی ئەو پێشمەرگانەیە كە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووەو دوای تەمەنێك خەبات و تێكۆشان خانەنشین كراون، بۆ ئەوەی ناویان لە چوارچێوەی ئەم هێزانە تۆمار بكرێت و هەست بەوە نەكەن، كە خانەنشین كران پەراوێز دەخرێن، بەڵكوو بەردەوام لەبەرچاو دەبن و سەرۆك بارزانیش لەنزیكەوە ئاگاداریان دەبێت".
بە پێی قسەكانی فەریقی یەكەم مستەفا گۆرۆنی، ئەم هێزە لە چەندین بەش پێك دێن و گووتی" هێشتا فەرمانی ئەوەمان پێنەكراوە ناوی ئەو كەسانەی لە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس خانەنشین دەكرێن فۆڕمیان بۆ پڕبكەینەوەو ناویان لە هێزەكەمان تۆمار بكەین، چونكە بەشی سەربازیمان جیایە، هەروەها ئافرەتی قارەمانیش هەیە هاوشێوەی پێشمەرگە خەبات و تێكۆشانی كردووەو خانەنشینیش كراون، ئەركە بۆ ئەوانیش فۆڕم پڕبكەینەوە، بەڵام تا ئێستا ناویان لای ئێمە تۆمار نەكراوەو دەكرێت لە داهاتوو كاری لەسەر بكرێت".
فەرماندە مستەفا گۆرۆنی، ئاشكرای كرد " بڕیاریشە چەند بەتالیۆنێك لە سنوورەكەمان بكرێنەوەو راستەوخۆ سەربە هێزەكەمان بن، بۆ ئەمەش لە سەرووی خۆمان كاری لەسەر دەكرێت و چاوەڕوانین لەئایندەیەكی نزیك ئەم لیوایانە بكرێنەوە".
بەرپرسی هێزی خەباتی سۆران، دەشڵێت: "مەرج نییە هەر پێشمەرگەیەك خانەنشین كرا ئیتر لەماڵەوە بكەوێت و پەرواێز بخرێت، بەڵكو لەنێو ئەو پێشمەرگانە قارەمانی زۆری تێدایەو ئامادەن هەر جەنگ و رووبەڕوو بوونەوەیەك هەبێت دەست بدەنە چەك و بەرگری بكەن، وەك دیاریشە ئەوان ئەزموون و شارەزایی زۆری تاكتیك و پلانی جەنگیان هەیە، لە هەمانكاتیشدا لەوانەیە ئەو پێشمەرگانە لە داهاتوو كارێكیان هەبێت یا پێداویستییەك، بۆیە لە چوارچێوەی ئەم هێزانە كۆدەكرێنەوە، بۆ ئەوەیە لە نزیكەوە ئاگاداریان بین".
گوومانی ئەوە دەكرێت كەسانێك بەبێ‌ ئەوەی خەباتی پێشمەرگایەتیان هەبێت، تەنانەت دژایەتی شۆڕشەكانی كوردو پێشمەرگەیان كردووە، بە پلەیی بەرز خانەنشین كراون و لەوانەیە لە چوارچێوەی ئەم هێزانەش تۆمار بكرێن، فەرماندە مستەفا گۆرۆنی، گووتی" ئەو دیاردەیە پەیوەندی بەچەند بارودۆخێكی پێشترەوە هەبووە، بێگومان چارەسەر كردنیشی كەمێك ئەستەمە، دەكرێت لە داهاتوو بە شێوەیەك لە شێوەكان كاری لەسەر بكرێت، یا لە پڕۆژەی چاكسازی خانەنشینی ئەمانە یەكلایی بكرێنەوەو مافی تەواویش بۆ ئەو كەسانە دیاری بكرێت، كە خەبات و خزمەتیان بە شۆِرش و كوردایەتی كردووە".

 

زۆرترین بینراو