هێزەکانی پاسەوانی سنوور، دەستیان بەسەر بنکەیەکی چەکدارانی پەکەکەدا گرت 

هێزەکانی پاسەوانی سنوور، دەستیان بەسەر بنکەیەکی چەکدارانی پەکەکەدا گرت 

تایبەت بە زاری کرمانجی- حاجی ئۆمەران: بەرەبەیانی شەممە ڕێکەوتی 20_3_2021 لە سنووری حاجی ئۆمەران هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، دەستیان بەسەر بنکەیەکی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا گرت و گەریلاکانی پەکەکەش بەبێ شەڕکردن بنکەکەیان چۆڵ کرد. 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: کاتژمێر 5ی بەیانی هێزێکی زۆری پاسەوانی سنوور بە چەکی قورس و مامناوەند و بە ئاڵای عێراق، بنکەیەکی گەریلاکانی پەکەکەیان لە نزیک گوندی ئاڵانەی سەر بە ناحیەی حاجی ئۆمەراندا گرت و لەم ناوچە کوێستانانەشدا کۆمەڵێک ڕەبایەیان دامەزراندووە. 
ئەو سەرچاوەیە گووتیشی: پێشتر هێزێکی زۆری پەکەکە لەو بنکەیە بوو، بەڵام پێش دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور، چۆڵکراوە و چەکدارەکانی پەکەکە ڕۆیشتوون.
ئەمساڵ چەند جارێک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەو بنکەیەی پەکەکە بۆردوومان کراوە و ماوەی 20 ساڵە ئەو بنکەیە لەو سنوورە دامەزراوە و چەکدارانی پەکەکەی تێدا نیشتەجێ بوون. بەهۆی ئەوەی ناوچەکە سنووریە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران چەکدارانی پەکەکە لەو بنکەیە گومرگیان لە کاسبکار و کۆڵبەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات وەردەگرت و باج و سەرانەشیان لە جووتیار و ئاژەڵدارانی کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە وەردەگرت.

زۆرترین بینراو