هێنانی نمرەی بەرز ناتوانێ بڕیار لەسەر داهاتوو و زیرەكی قوتابی بدات

هێنانی نمرەی بەرز ناتوانێ بڕیار لەسەر داهاتوو و زیرەكی قوتابی بدات

سارا ئەحمەد كاكۆ، تەمەنێكی بچوك بەڵام خاوەن پڕۆژە و زانیاری ئەو ئامانج و خەونی زۆری هەیە لە رێگەی پیشەكەیەوە دەیەوێت خزمەت بكات و فێرخوازان فێری زمانی ئینگلیزی بكات، وەك خۆی دەڵێت" هەوڵی گۆڕینی داهاتووی كوردستان دەدات بە هەنگاو و رێگای تایبەتی، سارا مامۆستای ئینگلیزی یوتوبەرە، لە رێگای ڤیدۆكانیەوە خەڵك فێری زمانی ئینگلیزی دەكات، یەكەم مامۆستای ئافرەتە لە كوردستان وەك یوتوبەر خەڵكی فێری زمان بكات، لە دیدارێكی تایبەدا لە گەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی، تیشك دەخاتە سەر پڕۆسەی پەروەرەد و فێركردن.
دیمانە محەمەد ئامۆكەیی- هەولێر
*پرۆسەی پەروەردەو فێركردن چۆن دەبینی لەكوردستان؟
- لە كوردستاندا فێركردن تا ڕادەیەك ماوە، بەڵام پەروەردەكردن تەنها لە دەست مامۆستادا نییە، دایك و باوكیش بەشدارن، پێویستە پەروەردە گرنگی زیاتری پێبدرێت لە قۆناغی بنەڕەتییەوە بگرە تاوەكو خوێندنی باڵا، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو، چوونكە گەر بتەوێت ئاستی پێشكەوتنی وڵات بزانیت دەبێت سەیری لایەن و سێكتەری پەروەردە و فێركردنی بكەیت.
*ئایە ئەوەی ئێستا دەخوێندرێت وەك پڕۆگرام لە قۆناغی بنەڕەتی بەگونجاوی دەزانی؟
- بۆ هەموو بابەتەكان نا، چونكە هەندێ لە وانەكان پێویستییان بەوەیە ئاسانكاری زیاتری تێدا بكرێ هەندێكی تریان بە پێچەوانەوە، ئەگەر بێتوو سەیری پەرتووكی كوردی پۆلی یەك بكەین دەبینین جیاوازیەكی زۆری هەیە لە گەڵ پڕۆگرامی پێشووتر، زۆرێك لە مامۆستایانی كوردی كە چەندین جار لە گەڵیان دواوم، پڕۆگرامی پێشووتریان لا پەسەندتر بووە، چونكە تەنها پێك نەهاتبوو لە وشە و پیت، بەڵكو وەك چیرۆك و ستران وابوو لای قوتابی كە بە ئاسانی دەیتوانی بە ئاسانی وینای بكات.
هەروەها سەبارەت بە پەرتووكی سەن رایزی پۆلی یەك تاكو دوانزە، دەبێت چاكسازی تێدا بكرێت، چونكە وادەكات قوتابی هەر لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتییەوە لەسەر شتی لاوەكی و ئاسان و سانا رابهێندرێت دەرئەنجامەكەشی هەر بەم شێوەییەی ئێستا دەبێت كە دەبینرێت. قوتابی دوای تەواو كردنی كۆلێژیش ناتوانێت بە زمانێكی تر جگە لە زمانی دایكی قسەبكات، لە قوتابخانە ئەهلییەكان لە پاڵ خوێندنی ئەو پڕۆگرامانە، چەندین پڕۆگرامی تایبەت دابین دەكەن بۆ قوتابییەكانیان كە وایە لێرەدا هەموو قوتابییان بەیەك شێواز و جۆر فێرناكرێن بەم شێوەیەش نادادپەروەری لە پڕۆسەكەدا بەدی دەكرێت.
*پێتوایە لە دانانی پڕۆگرام ڕەچاوی تەمەنی قوتابی كراوە؟
- بۆ بابەتی رەچاوكردنی تەمەن نەخێر لەو ئاستەدا نین و قوتابی زۆرجار بە زەحمەت وانەكان وەردەگرێت و لە كاتی دانانی پڕۆگرامەكان رەچاوی تەمەن نەكراوە وەكو پێوێست. جگە لە وەش شێوازی گەیاندی پەیامەكە لە لای مامۆستا دەورێكی سەرەكی دەبینێت، قوتابی ئاستی هەر چۆنێك بێت مامۆستا دەتوانێت بە ریگای تایبەت و شێوازی گونجاو وانەكە فێری قوتابییەكە بكات، بەمەرجێك پڕۆگرامەكە هەر لە سەرەتاوە رەچاوی تەمەنی قوتابی كردبێت.
دەبێت لێرەدا ئێمە پرسیارێك ئاراستەی خومان بكەین، باشە بۆچی هەندێك منداڵ لە ولاتە پێشكەوتووەكان،مامۆستاكانیان شتانێكیان فێردەكەن كەوا زۆر لەسەرووی تەمەنی ئەوانە زۆرجاریش گەورەكان تووشی شۆك دەبن؟
وەڵامەكەی ئەوەیە كەوا ئەوان سوود و كەڵك لە زیرەكی و ئاستی وەرگرتنی زانیاری لە مێشكی منداڵ وەردەگرن لە تەمەنێكی كەم دا دەیانخەنە بەر ئەو پڕۆسە مەزنەوە دواتر لە ماوەیەكی كەم دا بەرهەمێكی باشی دەبێت.
* ناكرێت ناوەڕۆكی پەرتووكەكان كەمتر بكرێتەوە؟
- دەكرێ ناوەڕۆكی پەرتووكەكان كورت بكرێتەوە و هەمان مانا و زانستیش ببەخشن تاكو كێشی پەرتووكەكان كەم ببێتەوە، هەروەها جۆری پەڕەكانی بگۆڕدرێن بۆ پەری تەنكتر، زۆر جار كە بینیوومە قوتابیەكی سەرەتایی لە نێوان تەمەنی ٧ و ٨ ساڵیدا جانتایەكی بەكۆڵ هەڵگرتووە بە ئەستەم رێدەكات، ئەمەش بۆ لایەنی تەندروستی و جەستەیی قوتابی كە بە درێژایی ساڵیك هەموو رۆژێك ئەو كردارە دووبارە دەكاتەوە بەزیان بۆی دەشكێتەوە، زۆرجار خۆم نەمتوانیووە جانتایەكی لەو شێوەیە هەڵبگرم.
هەروەها وشكی پڕۆگرامی خوێندن بێزاری لای قوتابی دروست دەكات و وا دەكات حەزی لە وانەكە نەمێنێ و تەنانەت هەندێجار خۆشەویستی مامۆستاكەشی لا كەم دەبێتەوە، چونكە پەیوەندیەكی پتەو لە نێوان خودی وانەكە و ئاستی تێگەیشتن و تێنەگەیشتنی قوتابییەكە و خۆشویستنی مامۆستا كەدا هەیە، جاری وا هەیە قوتابییەكە مامۆستاكەی خۆش ویستووە بەڵام رقی لە وانەكە بووە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیووە نمرەی باشی تیادا بەدەست بێنێت هەر بەو هۆیەشەوە بە درێژایی كات خۆشەویستی بۆ مامۆستاكەش كەم بۆتەوە تاوەكو گەیشتۆتە رادەی نەهاتنە قوتابخانەو هەوڵدان بۆ وازهێنان لە قوتابخانە.
*هێنانی نمرەی بەرز زیرەكی قوتابی دەر دەخات؟
- هێنانی نمرەی بەرز ناتوانێ بڕیار لەسەر داهاتوو و زیرەكی قوتابی بدات، چونكە جاری وا هەیە قوتابییەك لە ڕۆژی تاقیكردنەە وەڵامی پرسیارەكان بە باشی ناداتەوەو نمرەیەكی كەم دەهێنێت، بەڵام بەگشتی بەدرێژایی ساڵ ئەو زیرەكە و چالاكە، كەواتە بەتەنها لە رێگای نمرە بڕیار لە سەر زیرەكی قوتابی نادرێت.
*چۆن بتوانین پەروەردەیەكی تەندروستمان هەبێت؟
- ڕێگا زۆرن بۆ ئەو مەبەستە گەر بمانەوێت ، بەڵام دەتوانین كورتی بكەینەوە لە خاڵێك ئەویش گەڕاندنەوەی پێگەی بەرزی مامۆستایان و چاودێریكردنیان لە گەیاندنی باشترین پەروەردە و فێركردندا.
* جیاوازی لە نێوان قوتابخانەی حكومی ئەهلی بوونی هەیە؟
- جیاوازیان زۆرە لە روی كوالێتیەوە خوێندنگە ئەهلییەكان خاوەنی دارایی باش و كەل و پەل و پێداویستی خۆیانن كە زۆر جار ئەم كەم و كوریانە لە قوتابخانە حكومییەكان دەبینرێ بەتایبەتی لە هەبوونی تاقیگەی زانستی و چالاكی زانستی، بەڵام زۆر جاریش قوتابخانەی ئەهلی خراپییەكی هەیە ئەویش ئەوەیە كە دایك و باوكی قوتابییەكە پارە دەدەن و وادەكات قوتابییەكە بێ منەت و بێ ڕێز بێت و وا تێدەگات دەبێ دەرچوونی گرێنتی بێ چونكە لە ئەهلی دەخوێنێ.
*بۆزیاتر بابەخ بەزمانی ئینگلیزی دەدەیت؟
- گرنگترین زمان ئەمڕۆ لە جیهان ئینگلیزییە، كە پێویستە هەموو تاكێك فێری ببێ لە دوای زمانی دایك، چونكە زمانی ئینگلیزی ئەمڕۆ بۆتە كلیلی گفتوگۆ لە گەڵ هەموو جیهان ، بەڵام وەك دەبینین پڕۆگرامی قۆناغەكانی خوێندن بەهیج شێوەیەك یارمەتیدەر نییە بۆ فێربوونی خودی زمانەكە جگە لە خوێندنی گرامەر و رێزمان هیچی تر نییە.
* فێربوونی زمانی ئینگلیز گرانە بۆ فێرخوازان؟
- دەتوانم بڵێم كەوا ماوەی شەش مانگ بەسە بۆ كەسێك كەوا بتوانێت شتە بنچینەیەكان و سەرەتایەكانی ئەو زمانە فێرببێت و بتوانێت ئەو مەبەستەی هەیەتی بیگەیەنێت و بێ كێشە قسە بكات بە زمانی ئینگلیزی بە مەرجێك ئاستی زیرەكی ئاسایی بێت و رێنمایەكانی مامۆستای شارەزا پەیڕەو بكات.

زۆرترین بینراو