هەدار بارزانی: حكوومەتی هەرێم هیچ بیانووێكی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەهێشتووەتەوە

هەدار بارزانی: حكوومەتی هەرێم هیچ بیانووێكی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەهێشتووەتەوە

چاوپێكەوتن – رائیب شێروانی
هەدار بارزانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" حكوومەتی هەرێم هیچ بیانووێكی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەهێشتووەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە رێككەوتن، بەڵام بەغدا ئامادە نییە كێشەكان چارە بكات، ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەولێر نەگاتە رێككەوتن لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە سەقامگیر نابێت. گووتیشی:" هەندێك جار هەندێك پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دژی كوردستان دەوەستنەوە، بە فەرمی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران داوایان كردووە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەوێتە سەر بەغدا، هەروەها بەغدا خاڵە سنوورییەكان بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی، بەڵام پێویستە لە بەغدا یەكڕیز و یەكگرتوو بین تا مافەكانی خەڵكی كوردستان بە دەست دەهێنین.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دیاركرد:" شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان چەندین جار سەردانی بەغدای كردووە، ئەوەش بۆ ئەوە بووە كە هەر دوولا بگەنە رێككەوتن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان‌ هیچ بیانووێكی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەهێشتووەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە رێككەوتن، بەڵام بەغدا ئامادە نییە كێشەكان چارە بكات".
هەدار بارزانی، دەشڵێ:" هەتا یاسای چاكسازی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكرێت، ئەوانەی دوو مووچە وەردەگرن لانەبرێن، زەحمەتە كێشەكان چارە بكرێن، چونكە ئەوە كار ئاسانی دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە رێككەوتن، هەروەها باری هەرێمی كوردستانیش سووك دەبێت، جگە لەوەی بەغدا داوای داهاتی خاڵە سنوورییەكان دەكات، ئەوە پێچەوانەی دەستوورە، چونكە دەستوور رێگەی بە هەرێمی كوردستان داوە كە خاڵە سنوورییەكان بەرێوە ببات و داهاتەكەی بۆ خەزێنەی هەرێم بگەڕێتەوە، ئەگەر هەر دوو لا بگەنە رێككەوتن لە بەرژەوەندی هەر دوولادایە، بەڵام ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەولێر نەگاتە رێككەوتن لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە سەقامگیر نابێت.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران روونیشیكردەوە :" مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رێگر نییە لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كازمی دەیەوێت چاكسازی ریشەیی لە عێراق بكات، دەیەوێت دوو مووچەیی نەهێڵێت، داهاتی سنوورییەكان كە لە دەست گرووپە چەكدارەكانە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەند، هەتا نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكا و وڵاتانی دیكە پشتگیری لە كازمی دەكەن بۆ ئەوەی لەسەر هەوڵەكانی بەردەوام بێت تا عێراق دەگەیەنێتە كەنارێكی ئارام.
هەدار بارزانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەوەشكردەوە:" لە پرسە نیشتمانییەكان هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكن، تەنیا هەندێك جار هەندێك پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكان دژی كوردستان دەوەستنەوە، لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی داوایان كردووە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەوێتە سەر بەغدا، هەروەها بەغدا خاڵە سنوورییەكان بەڕێوەببات، بەڵام چەند یەكڕیز و یەكگرتوو بین بۆ كورد باشە، بۆیە پێویستە لە بەغدا یەكڕیز بین تا مافەكانی خەڵكی كوردستان بە دەست دەهێنین".

زۆرترین بینراو