هەرێمی كوردستان بۆتە پەناگەیەك بۆ ئاوارە و پەنابەران

هەرێمی كوردستان بۆتە پەناگەیەك بۆ ئاوارە و پەنابەران

رائیب شێروانی – هەولێر: سەرەڕای ملیۆنێك و 100 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان، رۆژ بۆ رۆژ ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیاتر دەبن. وەك ئاوارەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، حكوومەتی هەرێم شەو و ڕۆژی كردۆتە یەك و بەردەوام خزمەتی ئێمە دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەركی حكوومەتی عێراقە لەو دۆخەدا هاوكاری ئاوارەكان بكات.
قاسم جاسم، پەنابەرێكی رۆژئاوای كوردستانە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" هەرێمی كوردستان وڵاتی خۆمانە، هەر بۆیە كاتێك شەڕ و ماڵوێرانی زۆری بۆ هێناین، روومان لەم مەنزڵگەیە كرد، حكوومەتی هەرێم ئەوەی لە دەستی هاتووە بۆ ئێمەی كردووە، بەڵام رۆژ بۆ رۆژ ژمارەی پەنابەران زیاتر دەبن، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین زیاتر هاوكاریمان بكەن، چونكە لەناو كەمپەكان ژیان سەختە.
جاسم، گوتیشی:" هەر هاووڵاتیەك لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ پەیەدە نەبێت و لە حزبێكی دیكە بێت، لە كار دوور دەخرێتەوە و زیندانی دەكرێت و ئەشكەنجە دەدرێت، هەر ئەوەش وای كردووە ئەوانەی ماویشن لەو بەشەی كوردستان ڕابكەن و خۆیان بگەینە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش شتێكی زۆر خراپە و لە بەرژەوەندی گەلی كورددا نیە، بەڵكو ئەو كارەی پەیەدە لەو بەشەی كوردستان دەكات تەنیا دڵی ناحەزانی گەلی كورد خۆش دەكات.
كەمال عیسا، پەنابەرێكی دیكەیە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" لە رۆژئاوای كوردستان جگە لە مەترسییەكانی شەڕ، ئێستا هەڕەشەكانی داعش و پەیەدە هاتووەتە سەر، گەر وا بڕوات ژمارەیەكی زۆر زیاتر لە پەنابەران روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
عیسا، دەشڵێ:" سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، هەروەها سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش دەكەین كە بەردەوام هاوكاری پێشكەش بە ئێمە دەكەن، بەڵام بەراستی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە لە هێز و توانای حكوومەتی هەرێم دەرچووە، ئاوارەكان لەم وەرزەدا پێویستیان بە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە تا بارودۆخیان چاكتر بێت.
عیماد حەیدەر، ئەویش ئاوارەیەكی دیكەیە، لەگەڵ منداڵەكانی لەژێر خێمەیەكی 2 مەتری شوێنی خۆی كردووەتەوە، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی روونیكردەوە:" ژیانی ئاوارەیی زۆر ناخۆشە، داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین چۆن لە رابردوو هاوكاری ئاوارەكانی كردووە، ئێستاش هاوكاری ئاوارەكان بكەن و كەلوپەلی زستانە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكەن، بۆ ئەوەی دوور بین لە نەخۆشی".
هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" تا ئێستا 791 هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی كوردستان ماون، هەروەها 229 هەزار پەنابەری رۆژئاوای كوردستان و سووریا لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئێستاش پەنابەران روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و زیاتر لە 15 هەزار پەنابەر لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن".

 

زۆرترین بینراو