هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆری ناوە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دوور لە توندوتیژی

هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆری ناوە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دوور لە توندوتیژی

ساڵانە لە ڕۆژی 25ی نۆڤەمبەر، یادی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکرێتەوە، لە سەرتاسەری جیهان چەندین چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بڵاو دەکاتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە هەڵمەتێکی وشیارکردنەوە ڕادەگەیەنرێت، کە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر نراوە لە بواری پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، بەتایبەتی یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان، ژمارە (٨)ی ساڵی 2011 کە تا ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش بەم شێوەیە یاسایەک دەرنەچووە، بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی، جگە لەمە چەندین یاسا هەموار کراونەتەوە، ڕێنماییی تایبەت دەرچوون کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان، هەروەها ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان هەبووە لە کایە سیاسییەکاندا، وەک پەرلەمان و حکوومەت، بۆ نموونە، لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا دوو ئافرەت هەیە، ئەوانیش سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، هەروەها لە حکوومەتیشدا سێ ئافرەت پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، لە لایەکی دیکەوە (30) دادوەری سزادان و (56) داواکاری گشتی و (31) دادوەری پێداچوونەوە و (94) لێکۆڵەری دادی و (289) یاریدەدەری لێکۆڵەری دادی لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن، جگە لەمانە، بە دەیان ڕێکخراو و دەزگای تایبەت بە بەرگریکردن لە ئافرەتان هەن.

 

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی بواری تەندروستییەوە کە پەیوەندییان بە ئافرەتانەوە هەیە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "حکوومەتی هەرێم ستراتیژیەتی تەندروستیی دایک و منداڵی پەسەند کردووە لە ڕێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە، بەتایبەتی بۆ ئافرەتانی دووگیان بەخۆڕایی لە ڕێگای بنکە تەندروستییەکانەوە کە ژمارەیان (٢٣٨) بنکەیە، هەروەها لە ڕێگای (٧) نەخۆشخانەی تایبەت بە دایکان و لەدایکبوون و بەشەکانی لەدایکبوون لە نەخۆشخانە گشتییەکان و (٢٠) یەکەی تەندروستی، ئەمە سەرەڕای دەیان نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت. لە لایەکی دیکەوە، چەندین سەنتەری تەندروستی کراونەتەوە، بۆ نموونە، (16) سەنتەری تایبەت بە وشیارکردنەوە دەربارەی هاوسەرگیری و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست پێش هاوسەرگیری بەتایبەتی پشکنینەکانی هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و ئایدز، چەند نەخۆشییەکی دیکە و (٣) سەنتەری ئاشکراکردنی زووی شێرپەنجەی مەمک و (١٢) سەنتەری پزیشکی بۆ ئەو ئافرەتانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

 

دیندار زێباری لە میانەی لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر بوونی ئافرەتانی کورد لە بواری ڕاگەیاندن و پۆلیس و گوتی : ئێستا لە کوردستان زیاتر لە (١٥٠٠) ئافرەت ئەندامی کار و بەشداری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانن، هەروەها (١٣) ئافرەت خاوەن ئیمتیاز و (١٧)یان سەرنووسەرن، هەروەها لیژنەیەک لە ئەنجومەنی سەندیکا دامەزراوە بۆ داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بە کەرتی پۆلیسیش لە میلاکی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پۆلیسی هەرێم (٨٨٢) ئافرەت هەیە، کە ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرن، تەنیا لە میلاکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەکانی (٢٥٢٢) ئافرەت هەیە، وێڕای هەزارانی دیکە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا بە پلەی جۆراوجۆر.

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد و گوتی: حکوومەتی هەرێم چەندین هەنگاوی ناوە بۆ ڕێگاگرتن لە دوورکەوتنەوەی ئافرەتان لە خوێندن، لەوانە: نەهێشتنی نەخوێندەواری کە (55،4%) ئافرەتان سوودیان لێی بینیوە، خوێندنی خێرا کە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە (٢٥٠٦) ئافرەت لێی سوودمەند بوو، زیادبوونی ژمارەی قوتابخانەی تایبەت بە کچان، لە پێنج ساڵی ڕابردوو ڕێژەی کچان لە قۆناغەکانی خوێندن بەم شێوەیە بوو: باخچەی منداڵان (50%)، بنەڕەتی(47%)، ئامادەیی (51%)، پیشەیی (36%) ،پەیمانگا (31%) و خوێندنی خێرا (29%).، لە لایەکی دیکەوە، ژمارەی مامۆستا و قوتابیانی ڕەگەزی مێینە بەم شێوەیە بوو: (922648) قوتابی، واتە بە ڕێژەی (51.72%)ی کۆی قوتابیان و (73،769) مامۆستا بە ڕێژەی(57.70 %)ی کۆی مامۆستایان، هەروەها خولی شیاندن بۆ زیاتر لە (١٢٠٠٠)مامۆستا کراوەتەوە بۆ گەیاندنی کەلتووری یەکسانیی جێندەری. لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە خوێندنی باڵا، ئێستا لە کوردستان (١٤) زانکۆی حکوومی و دەیان زانکۆی ئەهلی هەیە کە ڕێژەی قوتابیان تێیاندا یەکسانە، هەروەها بەشێک لە ڕاگر و سەرۆکی بەشەکان ئافرەتانن، کە لە ساڵی خوێندنی 2016-2017 بەم شێوەیە بوو: (١) سەرۆکی زانکۆ (10) ڕاگر، (83) سەرۆکی بەش، (2972) مامۆستا، (68099) قوتابی و (7714) فەرمانبەر.

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە ڕفاندنی ئافرەتانی ئێزدی لە لایەن تیرۆیستانی داعشەوە گوتی: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە (5170)ی لە ڕێکەوتی 21/8/2014 دەرکرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کوردانی ئێزدی ئەنجام دراون، وەک جینۆساید و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە 25/11/2014 کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و ڕزگارکردنی ڕفێندراوانە، بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی ئازادکردنی ڕفێندراوان تا ڕۆژی 18/11/2019 ژمارەی ڕزگار کراوەکان بریتی بووە لە (3524)، لەوانە (1197)ئافرەت، (339) پیاو، (1038) منداڵی کچ، (950) منداڵی کوڕ، هەروەها (100) ڕزگاربووی دیکە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەرکردن، بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان حکوومەتی ئەڵمانیا و حکوومەتی هەرێم.

 

لە بواری تەندروستیشدا حکوومەتی هەرێمی خزمەتگوزاریی جۆراروجۆری پێشکەش بە ئافرەتە ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە، بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەر کەمپێکی یەکەیەکی تەندروستی داندراوە بۆ تەندروستی دایکایەتی و منداڵبوون و چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ منداڵانی تازەلەدایکبوو. لە ڕێکەوتی (22/8/2017) لە کەمپی حەسەنشام خانەیەکی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک دامەزراوە بۆ چاودێریکردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایک و باوکیان لەدەست داوە، ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی کوتانی دایکان و منداڵان، چارەسەرکردنی زیاتر لە (١٢٧٨) کەس لە سەنتەری ڕاوێژکاریی پارێزگای دهۆک، ئەمە سەرەڕای تۆمارکردنی کەیسی (٢٠٣٦) ئەو ئافرەتانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.

 

لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم گوتی: بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی هێڵی گەرمی (١١٩) دانراوە کە بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر کار دەکات بە بەردەوامی، هەروەها (٤) شەڵتەر کراونەتەوە بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی ڕووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە و دەیان ئافرەت لەخۆ دەگرێت و جگە لە ئافرەتان کورد، ژمارەیەک ئافرەتی ئاوارە و پەنابەری بیانی لەو شەڵتەرانەدا بوونیان هەیە بەبێ جیاوازیی نەتەوە و ئایین، لەوانە، لە شەڵتەری سلێمانی (1٧) ئافرەتی ئاوارە، لە هەولێر (١٠) ئافرەتی ئاوارە و (١٨) ئافرەتی پەنابەر لە ڕەگەزنامەی جۆراوجۆر، لە شەڵتەری دهۆک (١٥) ئافرەتی ئاوارە، کە کەیسی (٢٤)یان چارەسەر کراوە.

زۆرترین بینراو