هەر كەسێك گەندەڵی بكات تووشی سزایەكی گەورە دەبێتەوە

هەر كەسێك گەندەڵی بكات تووشی سزایەكی گەورە دەبێتەوە

ڕائیب شێروانی- هەولێر: سەعید هەركی،‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دەسپاكی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" حكوومەتی هەرێم دوای ئەوەی بە كۆی دەنگ پرۆژەی یاسای چاكسازی پەسەند كرد، رەوانەی پەرلەمان كراوە و ئەمڕۆ دوو شەممە پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاساكە دەكرێت و رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت، وەكو فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكانی دیكە هەوڵدەدەین لەم مانگەدا پرۆژە یاساكە پەسەند بكەین. دەشڵێ:" هەر كەسێك گەندەڵی بكات توشی سزایەكی گەورە دەبێتەوە، بەڵام بنبڕكردنی گەندەڵی تەنیا بە سەرۆكی حكوومەت و كابینەی نۆیەم ناكرێت، بەڵكو دەبێت هەموو لایەنەكان هاوكار بن، لە رێگەی هەفتەنامەی زاری كرمانجییەوە داوا لە سەرۆكی حكوومەت دەكەین دەستەی دەسپاكی زیاتر ئەكتیڤ بكات، كە هەندێك كەموكوڕی لەناو دەستەی دەسپاكی هەن، پێویستە ئەو كەموكوڕیانە چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی زیاتر بەرنگاری گەندەڵی ببینەوە.
هەركی، رایگەیاند:"حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی بە كۆی دەنگ پرۆژەی چاكسازی پەسەند كرد، پێنج شەممەی رابردوو رەوانەی پەرلەمان كرا و ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان بكرێت، پرۆژە یاسای چاكسازی لەسەر بنەمای پرۆژەی 2017 و 2018ی خولی پێشووە، زیاتر لەسەر ئەو بنەمایە لە ئەنجوومەنی وەزیران خوێندنەوەی بۆ كراوە، ئەو پرۆژەیە گرنگیەكی زۆری هەیە هەم لەرووی ئابوورییەوە، هەم لە بابەتی دادپەروەری كۆمەلایەتی، هەم لە رووی ئیستقراری سیاسییەوە، ئەگەر بێت و پرۆژەكە پەسەند بكرێت و خاڵەكانی ناو پرۆژەكە جێبەجێ بكرێن، حكوومەت و پەرلەمان متمانەی خەڵك بەدەست دەهێنن".
جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دەسپاكی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان ئەوەشی گوت:" وەكو فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكانی دیكە هەوڵدەدەین لەم مانگەدا پرۆژە یاساكە پەسەند بكەین، ئەگەر لەو مانگەدا پەسەند نەكرا، هەوڵدەدەین پێش كۆتایی هاتنی وەرزی یاسا دانان، پرۆژەكە پەسەند بكەین، ئەگەرنا هەوڵ دەدەین پشووی پەرلەمان كەم بكەینەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە پرۆژە یاساكە پەسەند بكەین.
جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دەسپاكی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" بۆ ئەمڕۆ بۆ خەڵك، بۆ پەرلەمان و حكوومەت، هیچ پرۆژەیەك لە پرۆژەی چاكسازی گرنگتر نیە، چەند پرۆژەیەكی دیكەش لەبەر دەستی پەرلەمانتاران هەن، لەوانە پرۆژە یاسای ریكلامی بازرگانی، خوێندنەوەی دووەمی بۆ كراوە، ئەگەری زۆرە ئەم هەفتەیە پرۆژەكە پەسەند بكرێت، لەگەڵ چەندین پرۆژەی دیكەی گرنگ، بەڵام لە پرۆژەی چاكسازی گرنگتر نیە بۆ ئێستا.
سەعید هەركی‌، جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دەسپاكی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان ئاشكراشی كرد:" پشتگیری لە وتاری سەرۆكی حكوومەت دەكەین كە بە بۆنەی 100 رۆژەی دەست بەكار بوونی پێشكەشی كرد، بەرنامەی سەرۆكی حكوومەت 80% بابەتی چاكسازی و بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی لە خۆ دەگرێت، لە ماوەی 100 رۆژدا شتی زۆر باش كراون، تا رادەیەكی زۆر بەرنگاری گەندەڵی بۆتەوە، هەر كەسێك گەندەڵی بكات توشی سزایەكی گەورە دەبێتەوە، ئەوەش باشترین دەستكەوتە، بەڵام بنبڕكردنی گەندەڵی تەنیا بە سەرۆكی حكوومەت و كابینەی نۆیەم ناكرێت، بەڵكو دەبێت هەموو لایەنەكان هاوكار بن، خەڵك هاوكار بێت، بۆ ئەوەی رێژەی گەندەڵی كەم بكرێتەوە، لە رێگەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی داوا لە سەرۆكی حكوومەت دەكەین دەستەی دەسپاكی زیاتر ئەكتیڤ بكات، كە هەندێك كەموكوڕی لەناو دەستەی دەسپاكی هەن پێویستە ئەو كەموكوڕیانە چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی زیاتر بەرنگاری گەندەڵی ببێتەوە، چونكە ئەو دەزگایەی كە پەیوەندی بە گەندەڵییەوە هەیە، دەستەی دەسپاكییە، چەند كارا بێت، زیاتر بەرنگاری گەندەڵی دەبێتەوە، لەرووی یاساوە ماوەی سەرۆكایەتی تەواو بووە داوامان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە كە پێویستە ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی دەستەی دەسپاكی بگۆڕدرێت، ئەگەر دادگایەكی سەربەخۆی دەستەی دەسپاكی هەبایە، رەنگە ئیجرائات زیاتر كرابانە، ئێستا ئەو دادوەرانەی كە لە دەستەی دەسپاكی هەن وەكو پێویست ناتوانن كاری خۆیان بكەن، چونكە ئەركی دیكەیان هەیە، بۆیە ئەگەر دادگایەكی سەربەخۆ هەبێت، رەنگە كێشەكانی دەسپاكی كەمتر ببن و بتوانن زیاتر بەرنگاری گەندەڵی ببنەوە".

زۆرترین بینراو