هەستی نیشتمانی لای گەنجی كوردستان

هەستی نیشتمانی لای گەنجی كوردستان

ئەگەرچی گەلی كوردستان هەردەم ئامادەبووە بۆ گیان فیدایی بۆ وڵاتی خۆی، بەڵام وەك دەبینین رۆژانە گەنجانی كوردستان باسی لاوازی هەستی نەتەوایەتی خۆیان دەكەن، وەك خۆیان دەڵێن هیوایەكمان بەو وڵاتە نییە، بۆیە روو لە دەرەوەی كوردستان دەكەین، ئەمە لە كاتێكدایە بەشێكی تری گەنجی كوردستان دەڵێن هەستی نەتەوایەتیمان زۆر بەرزە و ئامادەین بۆ هەر گیانفیادایی و قوربانیێك بۆ كوردستان.
دیار جەبری، گەنجێكی دانیشتووی هەولێرە و دەڵێت: باوەڕناكەم گەنجی هیچ وڵاتێك بەقەت ئێمەی لاوی كورد نیشتیمانی خۆی خۆشبوێت، بەڵگەش بۆ ئەم قەسەیەم ئەوەیە زۆربەی شەهیدانی كوردستاننن گەنجن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەینێت كەوا دوای شەڕ و ئاڵۆزییەكان هەستی نەتەوایەتیمان وەك خۆی بمێنێت.
دیار گووتیشی: سەرەڕای ئەوەی دەرچووی زانكۆم، بەڵام كارێكم نییە ژیانی خۆمی پێ بەڕێوەببەم، ئیدی دوای ئەو هەموو ساڵە لە خوێندن كارێكت نەبێت، بەچی هەستی نەتەوایەتیم بۆ ئەم وڵاتە هەبێت.
بیرم دێت لە گەرمەی بانگەشەی ریفراندۆم من و چەند هاوپۆلێكی زانكۆم حەشرمان دەكرد بۆ ئەوەی ریفراندۆم سەركەوێت، كەچی لەو رۆژەدا بە دەیان كوڕە بەرپرسی گەورەی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی وڵات بوون و هەر ئاگایان لە ریفراندۆم نەبوو، تەنانەت بە یەكێكیانم گووت دەنگت داوە، گووتی دەنگدان لەسەر ئێوەی بێكارە، خۆ من بێكار نیم بێم دەنگ بدەم.
ئەم قەسانەی دیار لە كاتێكدایە، دیار خەریكی خۆ ئامادەكردنە بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا، هەر وەك خۆی دەڵێت: چ هیوایەكم بەو وڵاتە هەبێت، كەوا بە دڵ و گیان خۆمان بۆ تەرخانكرد كەچی ئێستا بێكار و مال ماومەتەوە، دڵنیام زۆرن ئەو گەنجانەی وەك منن، بڕیاریشم داوە بڕۆمە ئەڵمانیا و تا لە ژیاندابم نەگەڕێمـەوە بۆ كوردستان.
بەڕاستی ئێستا كوردایەتیم لەبەر دڵ كەوتووە و با كوردستان و كوردایەتیش بۆ منداڵە بەرپرسەكان بێت.
ناسكە حاجی، كچێكی دانیشتووی سۆرانە و دەڵێت: ئەگەر كوڕ ئەم وڵاتەی بە دڵ نەبوو دەتوانێت بڕواتە دەرەوەی كوردستان، بەڵام منی كچ ناتوانم، هەڵبەت ئەمەش لەبەر نەریتی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی.
بەڕاستی هەست دەكەم هەم لای خۆم، هەم لای هاوڕێیانم هەستی نەتەوایەتی بەرەو لاوازبوون دەچێت، ڕەنگە ئەم قەسەیەم زۆر دڵ گەرەنكەربێت، بەڵام راستی ناو كۆمەڵگای كوردستانە، گەنج چ دڵی بەو وڵاتە خۆشبێت لە كاتێكدا ئەم وڵاتە حیساب بۆ گەنج نەكات، پڕۆژەیەك بۆ گەنج دابیننەكات، دواڕۆژی گەنج روون و دیار نەبێت.
سیروان حەمید، پێشمەرگەیەكی گەنجی كوردستانە و دەڵێت: من بە دڵ و گیان پێشمەرگەم، هەر كاتێك ئامادەم بۆ ئەم وڵاتە گیان ببەخشم. پێم وایە بەخشینی گیان و رۆح بە وڵات، هەستی بەرزی نەتەوایەتیم دەردەخات.
بەڵام دڵگرانم كە دەبینم گەنجانمان روویان لە گورانی و موزیك و شێواز و كاڵا بیانییەكان كردووە، رووكردنە كاڵا و موزیك و گورای گەل و نەتەوەكانی تر كارێك ئەوەندە خراپ نییە، بەڵام نابێت رووكردنەكە بە ڕادەیەك بێت هەستی نەتەوایەتی نەتەوەی خۆت لەدەست بدەی.
بۆیە دەبێت گەنجی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، تەنانەت ئەگەر چەند ناخۆش بێت، بەڵام لە ئاوارەیی و دەربەدەری خۆشترە.
لای خۆشیەوە مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت: ئەگەر گەنج بێكاربوو ئیدی هەستی نەتەوایەتی بەرە بەرە لاوازدەبێت، چونكە وا هەست دەكات كەسێكی نامۆیە، بۆیە دەبینین زۆبەی گەنجانمان روویان لە مۆدێل و شتە بیانییەكان كردووە. ئەمەش بە مەترسییەكی گەورە دەزانم بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان.
بۆیە دەبێت وەزارەتی رۆشەنبیری و تێكرای دامەزراوەكان كار بكەن بۆ ئەوەی چیدی هەستی كوردایەتی لای گەنج لاواز نەبێت، هەڵبەت ئەمەش بەوەی هەندێك شت قەدەغە بكرێت و كار و پڕۆژە بۆ گەنجان دابینبكرێن.

زۆرترین بینراو