هەست بە جیاوازی دەكەین ئەمەش زیانی بۆ پێكەوە ژیان هەیە

هەست بە جیاوازی دەكەین ئەمەش زیانی بۆ پێكەوە ژیان هەیە

یەترون یونان داود، قەشەی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە دیانا و هاودیان بێدیال. لە ساڵی 2001ەوە قەشەی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوورییە لە دیانا.
قەشە یەترون، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ زاری كرمانجی، باسی لەوەكرد " مەسیحییەكان نیگەرانن لەوەی مافەكانیان لەم دەڤەرە دەخۆرێت"، ئاماژەشی بەوەكرد " لە كۆی ئەو هەموو قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سۆران، یەك مەسیحی لەم پۆستانە دانەنراوە"، جگە لەوەی باسی لەوە كرد "دەرفەتی كار بۆ گەنجانی مەسیحی لەم دەڤەرە زۆر كەمە، هەر لەبەر ئەمەشە ژمارەیەكی زۆریان لە دیانا كۆچیانكردووە".
دیمانە: بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ
* ژمارەی مەسیحییەكانی دانیشتوانی دیانا چەندە؟
- لە دیانا 180 خێزانی مەسیحی لێی دەژین.
* بۆچی رێژەی مەسیحییەكانی دیانا زیادی نەكردووە؟
- راستە رێژەی ئێمە زۆر زیادی نەكردووە، بەڵام ئەگەر سەیری چەند ساڵێكی رابردوو بكەین دەبینین بارودۆخی ئەمنی لە عێراق بە گشتی لەبارنەبووە، بۆیە ژمارەیەكی زۆری مەسیحی چوونە دەرەوە.
جگە لەوەی دوای پەیدابوونی داعش ژمارەیەكی زۆرتری مەسیحییەكانی دیانا چوونە هەولێر و دەرەوەی وڵات، ئەگەر ئەمانە لە دیانا مابانە، ژمارەی ئێمە زۆر زیاتر دەبوو.
*مەسیحییەكان چ قوربانییەك دەدەن بۆ ئەوەی پێكەوە ژیان لە دیانا بەردەوام بێت؟
- ساڵانێكی زۆرە پێكەوە ژیان لەناو ئێمەدا بەردەوامە، هیچ كێشەیەك لە نێوان ئێمەدا نییە.
بەڵام بەبۆچوونی من پێكەوە ژیان ئەوەیە من مافی خۆمم هەبێت، هەستدەكەین لەم دەڤەرە مافی ئێمە خوراوە، تا ئێستا لەم دەڤەرە یەك مەسیحی نەكراوەتە قایمقام یا بەڕێوەبەری ناحیە، یان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەك لە سۆران، هەڵبەت ئەمەش جێگای نیگەرانییە بۆ ئێمە.
جگە لەوەی زۆر بابەت هەبوونە ئێمە خۆمان بێدەنگ كردووە بۆ ئەوەی پێكەوە ژیانمان بەردەوام بێت، سەڕەڕای ئەوەی لەوانەیە ئەم بێدەنگییەمان ببێتە هۆی ئەوەی مافمان زیاتر خوورا بێت.
*بۆچی هیچ مەسیحییەك نەكراوتە بەرپرسێكی ئیداری لەم سنوورە؟
- هەڵبەت ئەمە لای ئێمەش پرسیارێكی بێ وەڵامە. سۆران سەڕەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر پۆستی ئیداری لێیە، بەڵام تەنانەت بۆ جارێكیش یەك مەسیحی لەم پۆستە ئیداریانە دانەنراون.
حكومەت وەك باوك وایە، دەبێت حكومەت خۆی كەسێكی مەسیحی دیاری بكات بۆ پۆستێكی ئیداری، چونكە حكومەت هی هەموومانە و ئێمەش بە مافی خۆمان دەزانین، بەڵام ناكرێت ئێمە بچین و دەرگا بەدەرگا داوای پۆست و پلە بكەین، حكومەت خۆی دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێت كە مافی ئێمەیە پۆست و پلە وەربگرین.
ئێمەش كەسایەتی زانستی و خاون بڕوانامەی بەرزمان هەیە، هەر هیچ نەبێت دەبوایە لەم هەموو ساڵانەدا بۆ جارێكیش بوایە مەسیحییەكیان كردبایە بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، چونكە هەموو لایەك دەزانن مەسیحی كۆنترین دانیشتووی دیانان. ئەم جیاوازی كردنە زیانی بۆ پێكەوە ژیان و پەیوەندییەكانمان دەبێت، بۆیە دەبێت حكومەت بیرێك لەم بابەتە بكاتەوە و چیتر مافی مەسیحییەكان نەخورێت.
*بارودۆخی ژیانی مەسیحییەكان لە دیانا چۆنە؟
- سۆران بە گشتی و دیانا بەتایبەتی پڕۆژەی گەورە و دەرفەتی كاری لێنییە، بۆیە مەسیحییەكان دەرفەتی كاریان نییە، خەڵكی ئێمە ناتوانێت هەموو كارێك بكات، بەتایبەتی كارە زۆر قورسەكان، زۆرجار هەبووە موسڵمانەكان ئامادە نەبوونە كار لەگەڵ ئێمە بكەن، ئەمەیە زۆرجار وادەكات گەنجی ئێمە دیانا بەجێبێڵێت و بچێت بۆ هەولێر یا دەرەوەی وڵات.
لە رووی خزمەتگوزاریشەوە، ساڵی 2003 حكومەتی هەرێم گۆڕستانی مەسیحییەكانی نۆژەنكردەوە و دیوارێكی بۆ دانا، دوای ئەمە یەك پڕۆژەش بۆ مەسیحییەكان دانەنراوە، قسە لەسەر ئەوە ناكەین شەقامەكانیان قیڕتاو كردووە، یا ئاو و كارەبایان دابینكردووە، ساڵانێكی زۆربوو كەنیسەی ئێمە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە بوو كەچی حكومەت ئامادە نەبوو بۆمان نۆژەنبكاتەوە، ئەمەبوو وایكرد داوامان لە حكومەتی هەنگاریا كرد بۆ ئەوەی كەنیسەی دیانامان بۆ نۆژەنبكاتەوە، بەڵام ئەوان تەواوی خەرجی دروستكردنی كەنیسەیەكی نوێیان لە ئەستووگرت، بەمەش دیانا ئێستا خاوەنی نوێترین و جوانترین كەنیسەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئێمە موڵكێكی زۆرمان هەبوو، بەڵام زۆربەی موڵكی مەسیحییەكان داگیركرا و حكومەت هیچ هەڵوێستێكی نەبوو، بۆیە ئێمە داوای خزمەتگوزاری زیاتر دەكەین، چ لە پاركێكی سروشتی یا قوتابخانەی زیاتر، یا هەر خزمەتگوزارییەكی تر.
*دۆخی خوێندن لە قوتابخانەی ئاشووری چۆنە؟
- ئێمە لە دیانا باخچەیەكی ساوایان و قوتابخانەیەكی بنەڕەتی و دواناوەندیمان هەیە، بەمەش نزیكەی 90 قوتابی لەم قوتابخانەیە دەخوێنن، بەڵام كێشەی كەمی میلاكمان هەیە، ژمارەی مامۆستایان كەمە، حكومەتیش كەسمان بۆ دانامەزرێنێت، بۆیە زۆربەی جار ئەمە دەبێتە خەمێك بۆ مەسیحییەكان، ئەگەر ماموستامان هەبێت قوتابییەكانمان لە پۆلی دوانزدەی نمرەی بەرزتر بەدەست دێنن.
*مەسیحییەكانی دیانا داوای چی دەكەن؟
- خۆتان دەزانن گەنج بڕبڕەی كۆمەڵگایە، بۆیە گەنجی ئێمە زیاتر لە هەموو شتێك داوای ئەوە دەكەن دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێنن، ئەگەر دەرفەتی كاریان نەبێت ناچارن بۆ كار و ژیان بچنە دەرەوەی دیانا.
خەڵكی ئێمەش داوای ئەوە دەكەن جیاوازییان لەگەڵ نەكرێت لەگەڵ دانیشتوانانی دیكە، بەتایبەت لە بواری دامەزراندن و خزمەتگوزاری و مافەكان، چونكە ئەم حكەمەتە بە هی خۆمان دەزانین، نابێت حكومەتیش پشت لە ئێمە بكات.

زۆرترین بینراو