هەمیشە تروسكایەك بۆ هەڵسانەوە هەیە

ئیسماعیل ئیبراهیم

سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا هەر لە خۆڕا و بێ بەرنامە و پلان بۆ داڕێژراو نەبووە، شێوازی پێشوازی كردن لە جەنابیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئاماژەن بۆ پێگەی بەرزی كاك نێچیرڤان بارزانی، لەبەر ئەوەی هەمیشە لە كاتی بوونی كێشە قووڕسەكان چ لە ئاستی ناوخۆیی چ لە ئاستی عێراقی و هەرێمی و جیهانی هەوڵی چارەسەر كردنی داوە و ئەنجامی باشیشی بەدەست هێناوە، ئەم جارەش وەك رابردووە بووە فریادرەسی نەتەوەی كورد، هەم بۆ رزگاری كردنی هاووڵاتییان لە قەیرانی دارایی كە بەهۆی ئابڵۆقەكانی عێراق خراونەتە سەر هەرێمی كوردستان، هەمیش بۆ رزگار كردنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان كە لە لێوارێكی مەترسیدارە، بە تایبەتی كە دەبینین ئێران وێڕای كۆ كردنەوەی هێزێكی زۆر لەو دیو سنوورەوە دەستی بە تۆپباران كردنی قووڵاییەكانی خاكی هەرێمی كوردستان كردووە، توركیاش بە بیانووی بوونی هێزەكانی پەكەكە سنوور دەبەزێنێت و كوردستان بۆردوومان دەكات و هاووڵاتی سڤیل دەبنە قوربانی.
واتە مەترسی جددی لەسەر كیانی هەرێمی كوردستان هەیە، روواندنەوەی ئەو مەترسییانەش بیری تیژ و دیبلۆماسییەتی قوڵی دەوێت، ئەمانەش لە شێوازی دونیا بینینی سیاسییانەی سەرۆكی هەرێم دەبیندرێت.
لە رابردوودا نێچیرڤان بارزانی، رۆڵێكی كارای هەبوو لە كۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ و دواتریش پێكهێنانی حكومەتی هاوبەشی نێوان پارتی و یەكێتی، بەهێزكردنی دۆخی ئابووری كوردستان لەسەردەمی كابینەكانی رابردوو گواهیدەدەری ئەو راستییەن، گەشە پێدانی كەرتی نەوت و فرۆشتنی و بە جیهانی كردنی لە سیاسەتە سەركەوتووەكانی كابینەكانی پێشووتر بووە، هێنانی سەدان كۆمپانیای زەبەڵاحی جیهانی و بەستنەوەی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێم، بە هۆكاری مانەوەی ئەم كیانە لە قەلەم دەدرێت.
رووبەڕوو بوونەوەی ئەو تەحەدییانەی لە كاتی شەڕی داعش و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی و سووری بۆ كوردستان و قەیرانی دارایی لە ئەنجامی دابەزینی نرخ نەوت و بڕینی بوودجەی هەرێم لە لایەن حكومەتی ناوەندییەوە، راگرتنی هاوسەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەهێزكردنی پەیوەندی نێودەڵەتی و هەرێمایەتی هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ سەركەوتنەكانی رێزدار سەرۆكی هەرێم.
دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە پیلانێكی مەترسیدار بۆ لەبار بردنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان داڕێژرا بوو، هیچ ئومێدێك لە لای هاووڵاتی كوردی نەمابوو، لە پاڵ خۆڕاگرییەكانی هێزی پێشمەرگە، بەستەلەكی داخراوی سنوورەكانی شكاند و بە هەوڵی دیپلۆماسی خۆی توانی پیلانی وڵاتانی داگیركەری كوردستان پووچەڵ بكاتەوە.
دوای دەستبەكار بوونیشی وەك سەرۆك هەرێم، هەم مەراسیمی رۆژی سوێند خواردنەكەی كە لە وڵاتانی دراوسێ نموونەی نەبوو، لە ئاستی وڵاتانی جیهانیش بێ وێنە بوو، هێمایەك بوو بۆ پێگەی بەڕێزیان لە ئاستی نێودەوڵەتی، لەو رۆژەوە تا ئێستا سەرۆكایەتی هەرێم وەك چەترێكە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان و بەشێكی هەڕە زۆری كێشەكان لە ژێر ئەم چەترە چارەسەر كراون و رێگە لە گەشە كردنی ناكۆكییەكان گیراوە.
ئێستاش جەنابیان چەند رۆژێكە لە بەغدایە، ئەمەش دوای ئەوەی كێشەی زۆر بە هەڵپەسێڵدراوی لە نێوان هەرێم و عێراق ماونەتەوە، هەم لە رووی ئابوورییەوە، هەم رووی ئەمنییەوە، هەمیش لەسەر ماددەی 140 و هێزی پێشمەرگە، نەوت، مووچە، بودجە و زۆر بابەتی دیكە.
كۆبوونەوەكانی جەنابیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار و كەسایەتییە سیاسییە كاریگەرییەكانی عێراق لە لایەك و خوێندنەوەیەكی كورتی رابردووی ئومێدێكی زۆری لە نێو شەقامی كوردی بڵاو كردۆتەوە، زەمینە سازییەكی پێشینەیە بۆ سەردانی كردنی شاندنی حكومەتی هەرێم، بۆ گەیشتن بە چارەسەری كۆتایی كێشەكانی نێوان هەرێم بەغدا.
نێچیرڤان بارزانی هەموو دەم لە كاتە تەنگە تاوییەكان وەك تروسكایی ئومێد دەركەوتووەو هەرێمی كوردستانی بە گشت پێكهاتەكانەوە لە مەترسییەكان رزگار كردووە.

 

 

 

زۆرترین بینراو