هەندێك كەس هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تێك بدەن

هەندێك كەس هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تێك بدەن


د. سالم شەبەك، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێت، رەوشی ئەمنی مووسڵ زۆر خراپە، شانەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بەڕوونی دیارن لە مووسڵ و دەیانەوێ دەستی خۆیان بوەشێنن، بەداخەوە هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراقیش هیچ پلانێكیان بۆ ڕێگریكردن لەو جووڵە و پیلانەی داعش نیە، هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكەین بۆ پاراستنی هاووڵاتییان.
پەرلەمانتاری پێشووی عێراق رایگەیاند:"رەوشی مووسڵ زۆر خراپە، خراپتریش دەبێت، گەندەڵی هەیە، دەستەی نەزاهە لیژنەیەكی پێكهێناوە، ئەو لیژنەیە لێكۆڵینەوەی لە رەوشی مووسڵ كردووە، بە گوتەی لیژنەی نەزاهە 76 ملیار دینار دیار نەماوە، ئەوەش شتێكی زۆر خراپە، رەوشی ئەمی زۆر خراپە، حەشدی شەعبی وەكو پێویست كارەكانی خۆی ناكات و مامەڵەیان لەگەڵ خەڵك زۆر خراپە، دەست لە كاروباری خەڵك و ئیدارەی ناوچەكە وەردەدەن، ئەوەش خەڵكی بێزار كردووە، ئەوەش وای كردووە ئەو خەڵكەی كە گەڕاوەتەوە جارێكی دیكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببنەوە، رەوشی خەڵك خراپە، كاروكاسبی نیە، بۆیە ئەگەر ئەو كێشانە چارە نەكرێن رەوشی خەڵك زۆر خراپتر دەبێت لەوەی كە ئێستا هەیە.
د. سالم شەبەك، دەشڵێ:" لە دەشتی نەینەوا حەشدی شەعبی هەیە، پێشمەرگە لەو شوێنانە وجودی نیە، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بارودۆخی ناوچەكە لە ئەستۆ نەگرێت و بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بەڕێوەنەبرێن رەوشی ناوچەكە لەوەی كە هەیە زۆر خراپتر دەبێت، بۆیە داوا دەكەین هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە، چونكە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە خەڵكی ئاوارەبوو دەگەڕێتەوە، خەڵك هەست بە ئارامی دەكات، پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەكە جێبەجێ دەكرێن.
د. سالم شەبەك، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" دەبێت ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت لیژنەیەك لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست بەكار بێت و ئەو ماددەیە جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو خەڵكەی كە لە دەشتی نەینەوایە چارەنووسی خۆیان بزانن.
شەبەك، ئاشكراشی كرد:" شانەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بەڕوونی دیارن لە مووسڵ و دەیانەوێ دەستی خۆیان بوەشێنن، بەداخەوە هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراقیش هیچ پلانێكیان بۆ ڕێگریكردن لەو جووڵە و پیلانەی داعش نیە، هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكەین، لەگەڵ ئەوەی بە نووسراو داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە كە دەشتی نەینەوا بكرێتە پارێزگاو ئەو پارێزگایە سەر بە هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێك دیار نیە، بەڵام ئێمە هەر لەسەر داوای خۆمان بەردەوام دەبین، بەڵام بە مەرجێك ئەو پارێزگایە سەر بە هەرێمی كوردستان بێت.
پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئەوەشی دركاند:" زۆر خەڵكی ئێمە هەیە لە دەشتی نەینەوا و سەنتەری مووسڵ تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە هەر لە كەمپەكاندا دەژین، لەبەر تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی بە پێچەوانەوە جارێكی دیكە خەڵك لە دەشتی نەینەوا و سەنتەری شار ئاوارەی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، رەوشی خەڵك زۆر خراپە كار و كاسبی نیە، رەوشی ئەمنی ئالۆزە، ئەوانە هەموو هۆكارن بۆ دووبارە كۆچكردنی خەڵك بۆ هەرێمی كوردستان. هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە و خەڵكی مووسڵیش داوامان كردووە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ مووسڵ، بەتایبەتی بۆ سنووری ماددەی ١٤٠، چونكە بە پێشمەرگە نەبێت مووسڵ بە كەس كۆنتڕۆڵ ناكرێت، حەشد و هێزی عێراق هەر خەریكی كاری خۆیانن و توانای پاراستنی ڕەوشی ئەمنییان نەماوە، ئەگەر بێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە دەوروبەری مووسڵ ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە ڕەوشەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و پارێزگاری لە خەڵكەكە دەكەن.
د. سالم شەبەك، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق باسی لەوەشكرد:" عەبادی بەو دوایە بەردەوام لێدوان دژی هەرێمی كوردستان دەدات، ئەوەش هەڵوێستێكی زۆر خراپە و پێویستە ئەو هەڵوێستەی خۆی بگۆڕێت، ئەوەی تایبەت بێت بە عادل عەبدولمەهدی بەڕاستی تا ئێستا مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر باشە، داوا دەكەین كە باشتر بێت، داوا دەكەین كە بە پێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، بۆیە هیوادارین عادل عەبدولمەهدی گوێ لە كەس نەگرێت، چونكە ئێستا هەندێك كەس هەن هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تێك بدەن، داوا دەكەین كە 17%ی بودجەی كوردستان رەوانە بكرێت، كێشەی پێشمەرگە چارەسەر بكرێت، ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و هیوادارین عەبدولمەهدی ئەو كارانە بكات و وەكو سەرۆك بارزانی راگەیاندووە پشتگیری عەبدولمەهدی دەكەین، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت و كێشەكان چارە بكات".

زۆرترین بینراو